دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 26/03/2023

شەڕفرۆشتن بە هەرێمی کوردستان" دۆسیەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەنێوان پۆستى ئەلیکترۆنى دانوستانەکاندا"

زۆر جار ئەو ڕاستییە بە بیرماندا هاتووە کە ئەوەى لە میدیاکانەوە دەگوترێت شتێکەو ئەوەى ڕوودەدات شتێکی دیکەیە، بەو پێیەى میدیاش بەشێکە لەو ستراتیژییەتەى کە دانراوە و دەبێت لەو ڕێگەیەوە ڕای گشتى بگەیەنرێتە خاڵێکی دیاریکراو و ڕۆڵی هەبێت لە پلانەکەدا، ئەوەى کە ئێستا لەبارەى نەوتى هەرێمی کوردستانەوە باس دەکرێت شتێکەو ئەوەشی کە لەڕاستیدا ڕوودەدات شتێکی دیکەیە.

کێشەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەغداد کێشەیەکی دێرینەیەو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 ، هەر لەو کاتەوە تا ئێستا عێراق لەڕێگەى جۆراوجۆرەوە هەوڵدەدات هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدات و وەک خۆیان ئارداویی بکەن، ئەوەى جێگەى داخ و سەرسوڕمانیشە بەشێک لە بەناو سیاسیەکانی کوردستانیش بەو ئاڕاستەیە ئەوان کاریان کردوە و خوازیاریی ئەوەبوون کە ئیرادەى هەرێمى کوردستان ڕادەستی عێراق بکرێت، بەڵام خۆگریی سەرکردایەتى حکومەت وایکردوە تا ئێستاش ئەو خەونە نەهاتوەتەدی، بەدڵنیایشەوە ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێت، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئەم شەڕە چییە بە حکومەتى هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت چییە؟

بۆچى بەشێک لە حکومەت خۆی خستوەتە ژێرباری بەرپرسیارێتى و بەشێکی دیکەش بێهەڵوێستن و خۆیان لەبەرپرسیارێتى دەشارنەوە؟ ئایا رۆڵی ئەوانە چییە لەم دۆخەدا؟ ئاخۆ دار و پوازەکە نییە ؟ خۆ ئەگەر وانییە بۆچى نقەیان لێوەیان نایەت؟

پرسیارێکی دیکەش ئەوەیە ئاخۆ ئەم فشارانە چی کاریگەرییەک لە سەر پێگەى هەرێمی کوردستان دروست دەکات و داهاتووى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند دەگەیەنێتە کوێ؟ لە لایەکی تریشەوە ئاخۆ عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان چی بۆدەمێنێـتەوە؟ ئەگەر هەرێمی کوردستان بایکۆتى عێراق بکات بەغداد لەکوێی هاوکێشەکاندا دەمێنێـتەوە؟ ئەوە لە کاتێکدا کەر زۆرینەى کابینەکانى عێراق ئەگەر لە هەولێرەوە دانەنرابێت ئەوا بە ئۆکەى هەولێر دەست بەکار بوەو نزیکترین نمونەش کێشەکانى دواى کۆتا هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراقە.

چاودێران باس لەوە دەکەن ئێستا و لەدواى بڕیارى دادگای پاریس و ڕاپۆرتەکانى وزارەتى دەرەوەى ئەمریکا و جوڵەکانى کۆنسوڵی ئەمریکا لە هەولێر و ناوهێنانى هەرێمی کوردستان بە کارتۆنی و هاتنە سەر هێڵی تورکیا و ئیدارەى بەندەرى جەیهان، بۆئەوەیە فشار بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان بەشێک لە داخوازییەکانى وازلێبهێنێت و بەشێوەیەک بەرەو بەغدادى بکەنەوە کە ئەوان دەیانەوێت نەک خەڵکی کوردستان.

هەروەها شرۆڤەکارە وردبینەکان پێیان وایە ئەم قۆناغە بۆ ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پەلە بکات لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد و ئەوش لەژێر کاریگەرى جوڵە نوێیەکانى ناوچەکەدایە، دۆسیەى نەوتى هەرێمی کوردستان لەچاو وڵاتانى دراوسێ و تەنانەت عێراقیش جۆرە جیاوازییەکی هەیەو هەموشیان پشتیان بە یاسا ئەنجام دراون، بەڵام ئەوەى کە گۆڕانکاریی لە دۆخەکەدا دروستکردوە دەستێوەردانى دەرەکییە لە ناوخۆی عێراق و لاوازیی ئیدارەدانى عێراقە، ئەگینا ئەوە عێراقە کە تا ئێستا یاساى نەوت و گازی تایبەت بەخۆی نییە و کۆمپانیاى سۆمۆ و دادگای فیدراڵییەکەشى لەژێر هەژمونى هێزە چەکدارەکانى ئەو وڵاتە ناهاتونەتە دەرەوە، بەڵام ئەوان شەر بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشن و تەنها بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە کە دەیانەوێت فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن، ئەگەر وانییە بۆچى ئامادەیی دەردەبڕن بۆ دانوستان و گفتوگۆ و بۆ ئەوە مەبەستەش شاندی حکومەتى هەرێمى کوردستان بانگهێشتى بەغداد دەکەن؟

لە لایەکی ترەوە پشت تێکردنى تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و پشتیوانى لە بڕیارەکانى عێراق ڕەهەندێکى نەتەوەیی هەیەو ئەوەى کە ڕودەدات بۆ لێدانە لە هەرێمی کوردستان و ئەو کیانە سیاسییە یاساییەى کە لە 1991 ەوە هەیە، ئەوەى کە ئەو وڵاتە دەیکات نیگەرانى سیاسییە نەک یاسایی وەک خۆیان دەڵێن،ئەگیان تا ئەو کاتەى کە لە بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆی بوو بێدەنگی هەڵدەبژارد و ئێستا ئەویش کلکی قنج کردوەتەوە.

بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئاخۆ چ گرەنتییەک هەیە کە ئەگەر هەرێمى کوردستان لەم قۆناغەدا نەوتى خۆی ڕادەست بکات بودجەى هەرێمى کوردستان ڕادەست دەکات، ئاخۆ گرێبەستەکان و قەرزەکانى هەرێمى کوردستان بەکوێ دەگات؟

عەلی تەمیمى پسپۆڕی بوارى یاسا باس لەوە دەکات تەڵەکە بۆ تورکیا نراوەتەوە لەبەر ئەوەى بە پێى یاسا دەبێـت تورکیا باجی ئەو ماوەیە بدات بە عێراق کە نەوتى لە هەرێمیى کوردستانەوە گواستوەتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان و بە پێی خەمڵاندێکی خێرا بڕکەى نزیک دەبێـتەوە لە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار لەبەر ئەوەى پێشێلکاریی ڕێککەوتنى 1973 ى نێوان هەردوو وڵاتى کردوە .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP