دواین هەواڵ

کلتور‌

 25/03/2023

با ئەم فیلمە لاوازەتـان پـێ بناسێنم...

شــادمان محەمەد

لە ڕاستیدا، ھەندێکات، لە ناکاو ھەموو بینەرێک دوچاری تەماشاکردنـی فیلمێکی پڵات لاواز و خراپ دەبێتەوە. ئەوەیش شتێکـی نۆڕماڵ و ئاساییە کاتێک ڕوبەڕوی لەم جۆرە دۆخ و ھەستە ناخۆشانە ببینەوە.

پێشەکـی، دڵنیانیم لەم قسەیەی ئێستا دەینووسم، بەڵام گەر ھەڵە نەبم وتەیەکی (سێرجیۆ لیۆنـی) دەرھێنەر ھەیە کە لە بارەی فیلمی لاواز و خراپەوە وتویەتی؛«کام فیلمەی زۆر خراپە تەماشای بکەن، لانیکەم سوودێکی ھەر بۆتان دەبێت»!

بەڵام من لێرەوە داوای لێبوردن لە لیۆنـی مەزن دەکەم، کە ئەم فیلمە ئەو یاسا و بۆچونەی ئێوەی تێک و پێکدا...!

لە لایەکی دیکەوە، زۆرکات ھەموان دەڵێین؛ «مادامەکـی فیلمەکە لە چیرۆک و ڕووداوی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە کەواتا فیلمەکەیش دەبێت بەھێز بێت»! بەڵام ئەم فیلمە لەمەیشدا ھەروا دەرنەچوو، بەڵکو بیگرە ئەو یاسایەشی بە خراپی تێکشکاند... جا بڵێین؛ چی لێ مایەوە... ھەر پەڕوباڵمانکـرد...

بۆ زانینـی زیاتـر؛
ـــــــــــــــــــــــ
- پڵۆتـی فیلمـی (The Girl Who Escaped: The Kara Robinson Story)، لە ڕوداوی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە، کە باس لە فڕاندنی کیژۆڵیەکی (پانزە)ساڵان دەکات بە ناوی (The Kara Robinson)ەوە، کە لە لایەن بکوژێکی زنجیرەیی و کەسایەتیەکی سایکۆپاسەوە کە بۆ ماوەی نزیکەی (١٨) کاتژمێر لە شوقەکەی خۆیدا دەستبەسەری دەکات و پاشانیش جۆرەھا دەستدرێژی لەسەر تاقیدەکاتەوە.

لە ڕاستیدا، گەر ئەم ڕوداوە وەک گێڕانەوە و ڕۆمان بۆت باسبکەن، دڵنیام لەوەی کە چیرۆکەکەی کاریگەری دەبێت لەسەرتان، بەڵام نازانم؛ بۆچی ئەم فیلمە نە پڵۆتەکەی، نە ڕوداوەکانی ناوی، نە ئەکتەر ونواندن ڕاینەکێشام، یان بڵێم؛ شۆکـی نەکردم، ھەستی نەجووڵاندم! غەمگین و دڵخۆشی نەکردم! بێدەنگ و پر ھەیاجانی نەکردم!

لە کۆتاییدا، بە ھیوام، بینەرێک خۆی تەبەڕووع و خۆبەخش بکات ئەو ھەستە خراپە وەک من تێست بکات، نەوەکو من ھەڵە بووبێتم، چون گەر ئەو کارە بکات ئەوا دوو شت بۆ من یەکلادەبێتەوە؛ یەکەمیان؛ درەکـی ھەستە ناخۆشەکەی من بکات، دووەمیان؛ ببتە بەڵگە و ئارگومێنتێک لە ڕووی لاوازی و زەعیفی بەرھەمەکەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP