بەرزبونەوەى ڕێژەى بێکاریی لەنێو ژنانى عێراقدا
بە پێى ڕاپۆرتێکی
ئاژانسی بلومبێرگ ، کە پشتى بە فەرمانگەى سەرژمێری و ئامارى وڵاتانى عەرەبی
بەستووە، باس لەوە دەکەن وڵاتى ئوردن لە ڕیزبەندی یەکەمدایە بۆ بێکاریی ژنان لەنێو
وڵاتانى عەرەبیدا و عەرەبستانى سعودییە لە پلەى سێیەمدایەو وڵاتەکانى تونس، میسر و
مەغریبیش بەداوى ئەواندا دێت، بەڵام بەحرەین لە باشترینەکانە و عێراقیش لە
ڕیزبەندی دووەمدایە.
ئەو ئاژانسە باسی
لەوەش کردوە کە بەپێى ئامارى 2022 ى وەزارەتی پلاندانى عێراقی ڕێژەى بێکارى ژنان
لە عێراقدا دوو ئەوەندەى بێکارى پیاوانە، بەجۆرێک ڕێژەى بێکارى ژنانى بە 28.2% ى ژنان
و 14.7%ى پیاوان دیاریکردووە، لە کۆی گشتیشدا عێراق لە دواى ئوردنەوە لەپلەى
دوەمدایە.
سەرەڕای ئەوەى ڕێژەى
ژنان لە عێراقدا 49% ى دانیشتوان پێکدەهێنن کە نزیکەى 20 ملیۆن کەس دەکات ، کەچى
ئامارەکەى وەزارەتى پلاندان باس لەوەدەکات کە 29%ى ژنانى ئیشکەرى عێراقى لە کەرتى
تایبەتیدا کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بازاڕی کەرتى تایبەتى بەرەو هەڵدێر دەچێت، ئەوە
سەرەڕای ئەوەى لە کۆمەڵگەى عێراقیدا 85%ى ژنان بە سنورداریی کاردەکەن و ڕێژەى
زۆرینەشیان ژنانى ماڵەوەن و هیچ داهاتێکیان نیە و بەشداریی لە ئابورى خێزان و
وڵاتەکەیاندا ناکەن.
ئەم هۆکارەش بە یەکێک لە هۆکارەکانى لاوازیی حکومەتى
عێراقى دێتە ئەژمار و 20%ى ژنانى عێراق ڕوبەڕوی توندوتیژیی خێزانى دەبنەوە و
ڕێکخراوى مافەکانى مرۆڤیش لە ساڵی 2021 دا بڵاویان کردوەتەوە لەو ساڵەدا زیاتر لە
5 هەزار ژن توندوتیژییان بەرامبەر کراوە و لە تۆمارە فەرمییەکاندا ناو و جۆرو
توندوتیژییەکانیان تۆمار کراوە، هەربۆیە توێژینەوەکان باسیان لەوەکردوە ئەمەش
یەکێکی ترە لە لاوازیی ژنان لەنێو بازاڕەکان و بەشداریی کردنیان لە ئابورى خێزانى
و حکومەت دا.
نوێنەرى سندوقى
نیشتەجێکردنى نەتەوەیەکگرتوەکان لە عێراق (ریتا کۆلۆمبیا) باس لەوە دەکات 91%ى
ژنانى عێراق بێکارن و دەڵێت: بەپێی ئەو ڕوپێوی و ئامارانەى لەبارەى ژنانى عێراقەوە
ئەنجاممان داوە بە هاوکاریی وەزارەتى پلاندانى عێراقی لە ساڵی 2021 و ئەو نمونانەى
کە لە خێزانە عێراقییەکان وەرگیراوە ڕێژەکەى 90.8% ى ژنان دەگرێتەوە کە لە دەرەوەى
بازاڕەکانى کارکردنەوەن.
هەربۆیە ئامارەکانى
عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێژەى بێکاریی ژنان لە عێراق هەمیشە بەرەو سەرەوە
دەڕوات و لە هەمان کاتدا ڕێژەى بێکاریی ژنان دوو ئەوەندەی پیاوانە.