دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 20/03/2023

زانای مەلا خالید: هیچ بیانوویەک نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن

محەمەد جەمال – هەولێر

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە نییەت و ئیرادەیەک لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
زانای مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ هەرێم نیوز ڕایگەیاند، بەڵێ گرفت لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام نییەت و ئیرادەیەک هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لە ئێستادا، هەر لەم پێناوەش دا گرفتەکانمان بەش بەش کردووە بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەریان بکەین.

وتیشی، ئەو بەشەی بەر پارتی دەکەوێت وەکو پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ لادان هەم لە بەربەستە سیاسییەکان و هەم یاساییەکان، تا ڕادەیەکی باش لێک نزیکبوونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی تریش وەکو بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری هەیە، هەروەها لەسەر کۆمەڵێک بڕگەی سەرەتایی ڕێکەوتنمان هەیە، تاوەکو بتوانین لە ئایندەیەکی نزیک هەموواری یاسایی هەڵبژاردن بکەینەوە بەو شێوازەی کە کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە.

باسى لەوەشكرد،  پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و هەموواری یاسای هەڵبژاردن بکرێتەوە، هەوەها پەرلەمانی کوردستانیش ڕێکارە یاساییەکانی خۆی دەگرێتەبەر. دەشڵێت: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی نزیکدا وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکات و سەرۆکی حکومەتیش ئامادەیی نیشانداوە بۆ دابینکردنی توانایەکانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردن، و هیچ بیانوویەکیش نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP