دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 19/03/2023

بەریەک کەوتنى ئەمریکا و چین لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە تا کیشوەرى ئەفریقا

پاش ئەوەى لە ساڵى 2016 سعودییە سزاى لەسێدارەدانى بەسەر ” نەمر باقر نەمر” کەسایەتى شیعەى وڵاتەکەیدا سەپاند بە تاوانى تیرۆر، ئەم رووداوە بووە هۆی نیگەرانى ئێران و باڵیۆزخانەى سعودییە لە تاران روبەڕوى هێرش و پەلامار بووەوە، لەو ساتەوە سعودییە هەموو پەیوەندییەکانى خۆی لەگەڵ ئێراندا پچڕاندوە، بەڵام دواى ئەوەى چین ناوبژیوانى هەردوو وڵاتى کرد بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا هەردوو وڵات باڵێۆزخانەکانیان لە تاران و ریاز بکەنەوە و ئەوەش ببێتە دەستپێکی گۆڕانکاریی نوێ لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەوەى کە چاوەڕێ نەدەکرا فەرامۆشکردنى ڕۆڵی ئەمریکا بوو لە لایەن عەرەبستانى سعودییەوە.

ناکۆکییە مێژوییەکان:

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانى نێوان عەرەبستانى سعودییەو ئێران جیاوازیی مەزهەب و ئاینزاى وڵاتەکانیانە، عەرەبستانى سعودییە ناوەندی سوننە مەزهەبەکانی دونیایە، ناوەندی موسڵمانانى هەمو جیهانە و پیرۆزییەکانى جیهانى ئیسلامی لەوێیە، ڕێبەرایەتى ڕەوتى سەلەفیەتى جیهانى دەکات و قسەى زاناکانى ئەو وڵاتەش لەپێش قسەى هەموو وڵاتانى جیهانەوەیە ، هەرچی ئێرانیشە ناوەندی مەزهەبی شیعەو پیرۆزییەکانى شیعەو سەرکردە سیاسیەکانى جیهانى ئیسلامییە، هەردوکیان لەسەر ڕێبەرایەتیکردنى موسڵمانانی جیهان شەڕیانە، ئەو ناکۆکییەش ڕەگی مێژویی هەیە و لەناکۆکییەکانى سەرەتاى خەلافەتەوە سەرى هەڵداوەو تا ئێستاش درێژەى هەیە، بەڵام هەرچۆن سیاسەت و دەسەڵات بوەتە سەرەتاى ناکۆکییەکان دوور نییە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئاشتەوایی و پێکەوە کارکردن و وەلانانى ناکۆکییەکانیان.

نزیکبونەوە لە ئیسرائیل:

عەرەبستانى سعودییە لە ئان و ساتى ڕیککەوتنى ئاشتەوایی دا بوو لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام نەچووە بوارى جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە لەگەڵ زۆرینەى وڵاتانى کەنداودا ڕێککەوتنى ئاساییکردنەوەى لەگەڵ بەشێکی زور لە وڵاتانى کەنداودا کرد، بەتایبەتى لەگەڵ قەتەر (کە وەک ڕێبەرى ئیسلامی سیاسی لە جیهاندا) دێتە ئەژمار، بەڵام ڕێککەوتنى نێوان شیعەو سونە (ئێران وسعودییە) لەسەر دەستى چینیەکاندا بۆشایی ئەو دوورییە لەگەڵ ئێران کەمدەکاتەوە، بەڵام هێشتا نازانرێت ئەو پەیوەندییە بە ئەرێنیى دەشکێتەوە یان نەرێنى، هێشتا کەس نازانێت ئاخۆ ئەو پەیوەندییە نوێیانە دەبنە ئاگرەکەى حەزرەتى ئیبراهیمى باپیرە گەورەیان، یان دەبێتە ئاگرەکەى هاوڕێیانى ئوخدود و سەرى خۆیانى تێدا دەچێت؟

لەنێوان چین و ئەمریکادا:

لەسەرەتاى دروستبونى عەرەبستانى سعودییەوە تا ئێستا، لە سەروبەندی شۆڕشی عەرەبی گەورەوە 1919 و دەرکردنى سوپاى دەوڵەتى عوسمانییەوە تا کۆکردنەوەى خێڵە حیجازییەکان عەرەبستانى سعودییە نزیک بوە لە رۆژئاواوە بەتایبەتى بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا، چەند ساڵێکیش پێش ئێستا کە چین بوە مەترسی لەسەر ئابورى ئەمریکا و بەرهەمە تەکنۆلۆژییەکانى خەریکبوو بازاڕەکانى جیهانى داگیردەکرد و ڕیکلامە بازرگانیەکانى دەچووە بەرامبەر کۆشکی سپی، بەناچارى ئابڵۆقەى ئابوری خرایە سەر شت و مەکەکانى و ویستیان لەو ڕێگەیەوە دەستى دیوەزەبەلاحەکەى ئابوریی ببڕن، بەڵام بە دروستکردنى ڤایرۆسی کۆڤید 19 دەرگاى لەسەر هەموو جیهان داخست و هەرخۆیش توانى کۆتایی پێبهێنێت، وەک چۆن خەڵک و حکومەتەکانى کردە چواردەورى دیوارەکان هەروا هێنانیە دەرەوە و زیانگەلێکی گەورەى بە ئابوری رۆژئاواییەکان گەیاند، وەک ئەوەى بە ئاشکرا بڵێت: ئەگەر بمانەوێت بە ئاسانى دەتوانین کێشەتان بۆ دروست بکەین و هەر کاتێکیش بمانەوێت دەتانهێنینە دەرەوە، پرسیارەکە ئەوەیە لەدواى کۆرۆناوە چین و ئەمریکا کامیان چونەتە پێشەوەو کامیان پاشەکشەیان کردوە؟

چین و ئێران بەرەو ئەفریقا:

ئامادەیى ئێران لەو ناوچەیە، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییى شەستەکانى چاخى ڕابردوو، لە سەردەمى حوکمڕانیى "شا"، بەتایبەت کە دەوڵەتانى ئەم ناوچەیە، ڕۆژئاواى ئەفریقا، دەوڵەتى تازە دامەزراوبوون. بۆ ئەو قۆناغە، ڕایەڵە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى ئێران لەسەر بنەماى پاوانخوازى و فراوانخوازى نەبوو، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنى "شۆڕشى ئیسلامى" لە ساڵى 1979 و دەرکەوتنى پرۆژەى خومەینى لە "هەناردەکردنى شۆڕش"، ئێرانییەکان بەرەو ئەفریقا و ڕۆژئاواى ئەفریقا بە شێوەیەکى چڕ و پڕ و بەرنامەبۆداڕێژراوتر هەنگاویان نا. گریمانەى ئێرانى، لەوەوە سەرچاوەى دەگرت کە ڕۆژئاواى ئەفریقا و کەناراوەکانى، ناوچەیەک و ژینگەیەکى تەواو لەبارە بۆ پووکاندنەوە و دژایەتیکردنى ئیسلامى سوننى و بڵاوکردنەوەى ئایینزاى شیعە "تەشەیوع" لەم ناوچەیەدا. 

بۆئێرانی و چینیەکانیش ئەفریقا لە ڕووى جیۆپۆلیتیکى و جیۆسیاسى و ستراتیژییه‌وه‌ گرنگیى زۆرى هەیە،  چونکە گازى سروشتى، نەوت، ئاڵتون، ئاسن، مس، ئەڵماس، پلاتین، یۆرانێۆم، فۆسفات و مەنگەنیز، سامانێکى سروشتیى زۆروزەوەندى ئەم ناوچەیەن؛ وێڕاى بوونى پانتایى و ڕووبەرێکى زۆرى بیابانى، کە دەکرێت لە داهاتوودا وەک یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانى وزەى پاک لێى بڕوانرێت. ئەمە، وێڕاى بوونى چەندین ڕووبارى گەورە لە باشوور، کە دەوڵەتانى ئەم ناوچەیە بە هۆى خراپیى بەڕێوەبردن و گەندەڵى و کەمتوانایییەوە نەیانتوانیوە سوودى لێ وەربگرن و زۆربەى دانیشتووانەکەى هەژار و کەمدەرامەتن. ئێران، بەوریایییەوە توانیى ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە کە بتوانێت ئەم ناوچەیە بکاتە ناوچەیەکى گرنگى وەبەرهێنان بۆ خۆى. لەو ڕوانگەیەوە، ئێران سەدان پرۆژەى ئابووریى گەورەى لە سه‌نیگال، گامبیا، مالى، سیرالیۆن، بەنین، نه‌یجیریا، گانا، کۆتدیڤوار و، هەزاران پرۆژەى ئابووریى مامناوەند و بچووکى تێدا کردۆتەوە، بەتایبەت لە نیجێر، چاد، بۆرکینافاسۆ، لیبیریا، کینیا و، لە مۆریتانیایش کەمتر بوونى هەیە.

لە پاڵ ئەمەیشدا، دۆزینەوەى بازاڕێکى نوێ بووە بۆ ئەو کاڵا چینى و ئێرانییانەى کە ناتوانن کێبڕکێ لە بازاڕى نێودەوڵەتیدا بکەن. جیا لەمانەیش، ئێران و چین توانیویانە لە پرۆژە هاوبەشەکانیاندا، بەتایبەت لە بوارى پاڵاوگە نەوتییەکان و هەروەها فرۆشتنى نەوتى ئێرانى، کە گیرۆدەى دەستى گەمارۆى ئابوورى بوە و، لە هەموویشى گرنگتر بەدەستهێنانى ماددەى خاو، بەتایبەت یۆرانێۆم، بە نرخێکى تا ڕادەیەک هەرزان، بە دەیان ملیار دۆلار بەدەست بهێنێت. بەڵام ئایا ئەمە تا کوێ دەڕوات و تاکەى ئەمریکا و ئیسرائیل و رۆژئاواییەکان دان بەخۆیاندا دەگرن؟

پرۆژەى سێکوچکەیی لە ئەفریقا:

زۆر دەمێکە سعودییە کار لەسەر ئەفریقا دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەى سەلەفیەتى سعودی بەریەک کەوتنى گەورەى لەگەڵ سۆفییەکانى باکورى رۆژئاواى تونس، جەزائیر و مەغریب و مۆریتانیادا دروستکرد، زۆر سەرکەوتوو نەبوو، بۆگەیاندنى سەلەفیەتى سعودی، بەڵام ئایا ئێران دەتوانێت مەزهەبی شیعە بباتە کیشوەرى ڕەش و هەژمونى ئاینی خۆی بگەیەنێتە ئەو کیشوەرە، بەڵام چین بەدواى ئاین و مەزهەبەوە نییە، ئەو مەرامی دۆزینەوەى بازاڕی هەیە و دیەوێت ڕوانگە ئابورییەکەى لەو کیشوەرە دا بخاتە گەڕ کە رۆژئاوا بڕستى لێبڕیون، سەرەڕای دەوڵەمەندی بەڵام لە وڵاتە هەژارەکانى دونیادان.

ئیتر ململانێکان بەکوێ دەگەن و لەکوێدا هاوپەیمانى سیانى لەگەڵ رۆژئاوادا بەیەک دەگەن و جەنگەکە لە کوێوە دەست پێدەکات و لە چ خاڵێکیشدا کۆتایی پێدێت هێشتا دیار نییە، بەڵام ئەوەى کە دیارە گۆڕەپانى بەریەککەوتنەکانی نێوان ئەمریکا و نەیارەکانى بەتایبەتى ئێران و چین لە ئاسیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەفریقا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP