دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15/03/2023

ئاری نانەکەلی: پارتی و هەموو هێزەکان لەسەر شێوازی چوار بازنەیی ڕێکەوتوون

محەمەد جەمال - هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پارتی هەمیشە دەرگای کراوە بووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ گشت هێز و لایەنە سیاسییەکان، هەروەها پارتی کێشەی لەگەڵ هیچ شێوازێکی هەڵبژاردن نیە.

ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، پارتی لە ڕابردوو و ئێستا و ئایندەش هەمیشە دەرگای کراوە بووە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ گشت هێز و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت لەو قۆناغەی کە ئێستا هەرێمی کوردستان پێیدا گوزەر دەکات.

دەشڵێت:" پارتی دیموکراتی کوردستان بە شاندێکی باڵا سەردانی گشت هێز و لایەنەکانی کردووە، بۆئەوەی لەدوای کۆنگرەی ١٤ ڕوئیا و ستراتیژییەت و بەرنامەی پارتی بخاتەڕوو، لەهەمان کاتدا لاپەڕەکی تازەش لەگەڵ گشت هێز و لایەنەکان بکاتەوە و باسی ئەو پرسە گرنگانە بکات کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و چارەنووسی هەڵبژاردن هەیە."

لەبارەی هەڵبژاردنەکانیشەوە دەڵێت، پارتی تەنها مەبەستی ئەوەیە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆی ئەنجام بدرێت، هەروەها پارتی کێشەی لەگەڵ هیچ شێوازێکی هەڵبژاردن نیە، چ بەشێوەی یەک بازنەیی بێ یاخود چوار بازنەیی، دەشڵێت: پارتی و هەموو هێزەکان لەو بارەیەوە کۆکن و لەسەر شێوازی چوار بازنەیی ڕێکەوتوون.

سەبارەت بە کورسی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، وتی، پارتی بڕیار لە چارەنووسی پێكهاتەکان نادات، دەبێت ئەوان خۆیان لەناو خۆیان ڕێکەون و هەمووان کۆک بن لەسەر ئەوەی کە چییان پێ باشە.

نانەکەلی ئاماژە بەوەش دەکات، کە پارتی لە هەڵکشاندایە، چونکە هەم لە پرسە نیشتیمانییەکان، هەم لە بەرگریکردن لە کوردستان داکۆکیکارێکی سەرسەخت بووە، لەهەمان کاتدا لە حوکمڕانیشدا خزمەتکاری خەڵکی کوردستان بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP