بەشێک لە
شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە ساڵ کۆکردنەوەى ئەزمونە، کەڵەکەبونى زانیارى و چنینەوەى
مەعریفەیەکی زیاترە، ڕوداوەکانیش هەریەکەیان زۆر و کەم کاریگەریی تاکایەتى و
کۆڕایی و گشتییان هەیە و بەو پێیەش کە مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە ناتوانێت خۆی
لەو گۆڕانکارییانە بەدووربگرێت و خۆیان لێ بێ ئەلاقە بکات، هەربۆیە بۆ ساڵی 2022
کە خەریکە ماڵئاواییمان لێبکات پانۆرامایەکى خێراى ڕوداوەکانمان ئامادەکردووە،
بەڵام لەسەرەتاوە ئاماژە بەهەندێک هێڵی گشتى دەدەین لەوانەش:
لە ڕووى
ئەمنیەتى گشتى هەرێمی کوردستانەوە تا ڕادەیەک لە ساڵان باشتر بوو، بەو پێیەى جەنگی
داعش کۆتایی هات و چالاکیەکانیان بەرەو لاوازیی رۆشتوون و تەنانەت هەندێک لە شانە
نوستوەکانیان کەوتنە بەردەم گورزی هێزە ئەمنیەکانى کوردستان و لەبەریەکیان
هەڵوەشاندن و لەو بوارەشدا هاوڵاتیان کوردستان هۆشیارییەکى باشیان لەبارەى
هاوکاریی هێزە ئەمنیەکانەوە بۆ دروست بووە.
لە لایەکی
دیکەوە ئەگەر کۆتاییەکانى ئەم ساڵى لێدەرکەیت بەشێوەیەکی گشتى بازاڕەکانى هەرێمی
کوردستان سەقامگیریی باشی بەخۆیەوە بینى و ئەم چەند رۆژانەى لێدەرچێت کەبەهۆی
بەرزبونەوەى بەهاى دۆلار (بەشێوەیەکی کاتى) پشێوییەکى لەبازاڕ و دڵ و دەرونى
هاوڵاتیاندا دروست کرد ئەگینا بەهۆی سەقامگیریی پێدانى موچەو نەمانى پاشەکەوت و
سەقامگیریی نرخەکان جۆرێک لە ئارامی ڕووی لە هەرێمی کوردستان وشەقامی گشتی کرد و
جۆرە بوژانەوەیەکی بەخۆیەوە بینى.
مانگی کانونى دووەم
لەسەرەتاى
ساڵەوە ناکۆکییەکانى نیوان یەکێتی و پارتی لەسەر سەرۆک کۆمار بەشێوەیەکی
دبلۆماسییانەو لە میدیاکانەوە سەرى هەڵدا، کە ئەوەش بە شتێکی سروشتى دادەنرێت لە
دونیاى سیاسەتدا و هیچ نەنگییەکى تێدا نیە، بەڵام ئەوەى گرنگ بوو لە کۆتاییدا
پارتى دیموکراتى کوردستان لەبەر بەرژەوەندی گشتى و یەکپارچەیی کورد لە بەغداد
کاندیدی خۆی کشاندەوەو پێکەوە دەنگیان بە سەرۆک کۆمارى عێراق دا و بە پێچەوانەى
هەندێک لە پێشبینیەکان سیناریۆی ساڵی 2018 کە کورد بە چەند کاندیدێکەوە بچێتە
بەغداد هەڵوەشێنرایەوەو هەموو ئەوانەش کە کاندیدى حیزبە بچوکەکان و کەسانى سەربەخۆ
بوون شانسی خۆیان تاقیکردەوەو ئەنجامەکەش دەرى خست کە ئیرادەى کێ و چۆن
سەردەکەوێت.
مانگی شوبات
هەر لەم مانگەدا
هاو پەیمانی نێوان پارتی و سونە و سەدرییەکان کەزۆرینەی ئەندام پەڕلەمانی عێراقیان
پێک دەهێنا دروستکرا، بەڵام دواجار لە هەڵوێستێکی چاوەڕوان نەکراودا موقتەدا سەدر
پاشەکشەى لە پرۆسەى سیاسی کرد و ئەندام پەرلەمانەکانیشی دەستیان لەکارکێشایەوەو
ئەوەش بووە هۆی هەڵوەشانەوەى هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەکەیان.
هەر لەم مانگەدا
بوو کە بۆ یەکەم جارسەرۆکی وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئیماراتی کرد و ئەمیری داعاش
لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، و جەنگی ڕوسیاو و ئۆکرانیا دەستی پێکرد ،
مانگی ئازار
لەلایەن
ئێرانەوە هێرشی موشەکی کرایە سەر هەولێربە بیانووى هەبوونى بنکەى ئیسرائیلى، بەڵام
حکومەتى هەولێر ڕەتى کردەوە کە لە هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستاندا نوێنەرایەتى یان
بارەگایەکی ئیسرائیل هەبێت.
هەر لەم مانگەدا
خەڵکی هەڵبجەی شەهید بایکۆتی یادی ۱٦ـ۳ ى کیمیابارانى هەلەبجەیان کرد بەو پێیەى کە ئیدارەى ناوچەکە وەک
پێویست نەیتوانیوە خومەت بەشارەکە بکات و کەیسی بە پارێزگابوونى هەڵەبجەش وەک
پێویست بەرەو پێشەوە نەچووە و لەنێو کارگێریی عێراقدا هێشتا هەر قەزایە.
مانگی نیسان
لەم مانگەدا
کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕویاندا و هەریەکەیان بەشێوەیەک لە
شێوەکان کاریگەرییان لە سەرعێراق و هەرێمى کوردستان دروست کرد لەوانەش: حوکمەتی
لوبنان مایەپوچی خۆی ڕاگەیاند لەدواى ئەوەى ماوەیەکی زۆر بوو پچڕانی پەیوەندی نێوان
سعودیەو تورکیا هاتبوە کایەوە ، ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی سعودیەی
کرد، هەر لەم مانگەدا تورکیا ئۆپراسوێنێکی بۆ خاکی هەرێمی کوردستان دەسپێکرد و حکومەتى
هەرێمى کوردستان ئیدانەى هێرشەکەى کردو لە هەمان کاتیشدا ڕایگەیاند کە پێویستە
پەکەکە سنورى خۆی بزانێت و خاکی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنێت لە دژى تورکیا و
هەرێمى کوردستان نەخاتە بەردەم بڕیاری قورس و ناچارییەوە و ڕێز لە قەوارەو کیانى
هەرێم بگرێت
مانگی ئادار
لەم مانگەدا و
لە هەرێمى کوردستان وەرزی باران بڕان دێتە ئاراوە، هەربۆیە بەهۆی ئەوەى بارانى
پێویست نەباریبوو، بەرپرسانى هەرێمى کوردستان هۆشدارییان دا کە دەست بە ئاوەوە
بگیرێت، بەو هۆیەوە ئاوی هەردوو بەنداوى دوکان و دەربەندیخان بۆ کەمترین ئاست
دابەزی کە چەندین ساڵ بوو کەمی لەوشێوەیەى بەخۆیەوە نەبینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا
نەهێڵرا بێ ئاوى بە هەرێمى کوردستانەوە دیاربێت بەتایبەتى لەناوەندی شارەکاندا.
مانگی حوزەیران
ـ تەیاری صەدری
کەگەورەترین کوتلەی پەڕلەمانی عێراق بو،لەپەڕلەمان کشانەوە و موقتەدا سەدر
ڕایگەیاند کە وازی لە پرۆسەى سیاسی هێناوە و چیتر نابێتە بەشێک لە ناکۆکییە
سیاسیەکان و ژمارەیەک لە شرۆڤەکارانیش ڕاینگەیاند کە بریارە لەناکاوەکەى درێژەى
نابێت و چەندین جار هەڵوێستى هاوشێوەى هەبووە بەڵام بەردەوام نەبوەو پەشیمان
بوەتەوە، هەندێکی دیکەش وا لێکیان دایەوە کە دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە شەڕی مەرجەعیەت
بکات لە دواى مردنى ئایەتوڵا سیستانى.
بەهۆی
بەرزبونەوەى نرخى نەوت لە بازاڕە جیهانیەکان نرخی بەنزین گران بوو، بەڵام حکومەتى
هەرێمى کوردستان پاڵپشتى بەنزینى کردو بەنزینى نۆرماڵی بە نرخى 600 دینار بۆ تەکسی
و پاسەکان دابینکردو بۆ ئۆتۆمبێلەکانى تریش بە نرخى 800 دینار.
هەر لەم مانگەدا
بەرپرسانى تەندروستى ڕایانگەیاند پەتایی کولێرا لەسلێمانی بڵاو بوەتەوە، بەڵام
وەزارەتى تەندروستى دواتر ڕایگەیاند کە پەتاکە کۆنترۆڵکراوەو نابێتە مەرتسی و
هەڕەشە لەسەر هاوڵاتیان
بەهۆی
بەرزبونەوەى ڕێژەى کوشتن جارێکى تر وەزارەتى ناوخۆ بڕیاری قەدەغەی چەک لەهەموو
کوردستان ڕاگەیاندەوەو بۆ ئەو مەبەستەش هەڵمەتێکی زۆر بۆ کۆکردنەوەى چەکی بێمۆڵەت
دەستى پێکرد.
مانگی تەموز
دەزگای ناسای ئەمریکا
وێنەیەکی ڕەنگاو ڕەنگی بۆشایی ئاسمانی بڵاوکردوەوە و هەر لەم مانگەدا بەرزترین پلەی
گەرما لەعێراق تۆمارکرا کە 56 پلە بوو لە پارێزگاى بەسرە بوو.
تورکیا تۆپ
بارانی ناوچەی پەرخەی لەزاخۆ کرد و ژمارەیەک گەشتیاری عێراقی کوژران.
لایەنگرانی سەدر
ڕژانەسەر شەقامەکانی بەغداد خۆپیشاندانیانکرد دژی کاندیدی سەرۆک وەزیران و
ئەوەش گومانى ئەوەى لاى هاوڵاتیان دروستکردەوە کە سەدر دەستى لە پرۆسەى سیاسی
هەڵنەگرتووە.
مانگی ئاب
لەم مانگەدا دۆخی
عێراق و بەغداد ئاڵۆزتر بویەوەو لایەنگرانی سەدرجارێکی تر چونەوە ناو بینای ئەنجومەنى
نوێنەرانى عێراق،
موقتەدا سەدر
وازهێنانی لەسیاسەت ڕاگەیاند ، لەدواى ئەوەى مەرجەعی دینی شیعەکان لەتەیاری سەدری ئایەتوڵا حائیری وازهێنانی لەمەرجەعیەت ڕاگەیاند کەدانشتوی
شاری قوم بوو بڕیاری پەیوەستبونی بە خامنەئیەوە داـ
ئەم هەڵوێستەش موقتەدا سەدری توڕەکرد و خۆی ئاماەکرد بۆ شوێنگرەوەی
حائیریی
مانگی ئەیلول
ـ لەنێوان جەیشی
تورکیا و هێزەکانی pkk لە
دەڤەری خەلیفان پێکدادان ڕویدا و هەر لەم مانگەدا شێخ یوسف قەرزاوی کەسایەتى
ئیخوانى و سەرۆکی یەکێتى زانایانى جیهانی ئیسلامی لەتەمەنی ۹۲ساڵیدا لەقەتەرکۆچى دوایی کرد و لەدواى
ئەو بۆشوێنگرەوەى دکتۆر عەلی قەرەداغی دیاریکرا.
هەر لەم مانگەدا
ئێران بەفرۆکەی بێ فرۆکەوان هێزەکوردیەکانی ئۆپۆوسیۆنى خۆی لە پردێ، کۆیەو زڕگوێز
کردە ئامانج و ۱۳کەس شەهیدبوون و ٤۰کەس بریندار بون.
مانگی تشرینى یەکەم
پۆلیسی ئەخلاق
لە ئێران خاتوو ژینا ئەمینى یان کوشت و لەوەشەوە دەسپێکی خوپێشاندان لەئێران دژی بەرتەسکردنەوەی
ئازادیەکان دەستى پێکردو لە زیاتر ناچەکوردیەکان بەچڕی دەستیپێکرد و ژمارەیەکی زۆر
بونە قوربانى و ناڕزایەتیەکان بە دروشمی ژن ژیان ئازادی سەرانسەری ئێرانى گرتەوە.
پەڕلەمانی عێراق
سەرۆک کۆماری هەڵبژارد بریتی بوو لەدکتۆر لەتیف ڕەشید و کاندیدى هاوبەشى نێوان
یەکێتى و پارتى بوو، بەتایبەتى کاتێک پارتى دیموکراتى کوردستان بەربژێری خۆی
کشاندەوەو لەبەرامبەریش دا دکتۆر بەرهەم ساڵح وەلاوە نرا.
هەر لەم
مانگەداو دواى یەکلابونەوەى سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەبژێرا بریتی بوو
لە محمد شیاع سودانی
مانگی تشرینى
دووەم
ـ پارتی کۆنگرەی ۱٤ لەدهۆک بەست ، مسعود بەرزانی بەکۆی دەنگ
بوەیەوە بەسەرۆک و پاشان ئەندامانى سەرکردایەتى و مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردران و
بۆیەکەمجار ئافرەتێک بووە ئەندامى مەکتەبی سیاسی کە ئەویش خاتوو ئامینە زیکری بوو.
هەر لەم مانگەدا
بەبۆنەی تەقینەوەى غازی شۆڤاش ماڵێکى شارى سلێمانی خاپور بوو، 14 کەس لەبنەماڵەیەک بونە قوربانی، و
بەداوى ئەویش دا لە هەندێک شوێنى تر تەقینەوەى غاز ڕویاندا و حکومەتى هەرێمی
کوردستانیش لیژنەى تایبەتى دروستکرد بۆ بەدواداچوونى هەموو ئەو شوێن و ماڵانەى کە
بواڵی تایبەتى غازیان داناوە و کارى پێدەکەن.
هەر لەم مانگەدا جامی جیهانی ۲۰۲۲لەقەتەر دەستی پیکرد ، سەرەڕای هەندێک
وردە تێبینى، بەڵام وڵاتى قەتەر توانى نمونەیەکی گەورە لە مۆندیاڵ پێشکەش بکات و
لە کۆتایشدا هەردوو هەڵبژاردەى فەرەنسا و ئەرجەنیتن مانەوەو بە لێدانى یەکلاکەرەوە
ئەرجەنتین بووە براوەى یەکەمى مۆندیاڵ.
مانگی کانونى یەکەم
بەهای دۆلار بەرانبەر
بەدیناری عێراقی لەناکاو بەرزبویەوە و گەشتە 160 هەزاردینار و بەڵام رۆژانى دواتر
تا ڕادەیەک نزم بونەوەى بەخۆیەوە بینى.
سەرۆک وەزیرانی
عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریاندا ٤۰۰ملێوین دینار بنێرن بۆ حوکمەتی هەرێم ئەمەش
وەک نێت پاکی بەرانبەر ڕێکەوتنی سیاسی نێوان کورد و لایەنی پێک هێنەری حوکمەتی عێراق
.
هەر لەم مانگەدا
فەرماندەى هێزەکانى کۆماندۆ ئاکام عومەر دوای بریندار بونی لەئۆپراسوێنێکدا لە
یەکێک لە نەخۆشخانەکانى ئەڵمانیا گیانى لەدەستدا و مەرگی ئەو فەرماندەیە بوەیە
هۆکارێکی باش بۆ نزیکخستنەوەى هەلوێستەکانى یەکێتى و پارتى، مردنەکەی دەنگدانەوەی
گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لەفەرنسا کەسێکی
ڕەگەز پەرست تەقەی لەناوندی ئەحمدکایا کرد و سێ کوردی کوشت، ڕوداوەکە لەنێو ڕاگەیاندنگەکانی
کورد ئاسایی پیشاندرا و داواکاری گشتی فەرنسایش وتی بگوژەکە کێشەی دەرونی هەیە.