دواین هەواڵ

کلتور‌

 19/12/2022

مـاڵـەکەم، یاساکانم، قـاوەکـەم...

شــادمان مـحەمـەد 

پەندێک ھەیە دەڵێت؛ "خۆزگە پیاوخراپ وەکو ھەنگ بوایە، لە کاتی پێوەدان گیانی دەرچوایە".

"خۆزگە مرۆڤ لە کاتـی درۆکردندا، لـوتی ھاوشێوەی لوتی کارەکتەری دارینـی Pinocchio درێژ ببوایە".

بەردەوام پڵـۆتـی فیلمە ئاڵۆزی و تاوانییەکان و ھەروەھا کۆبوونەوە و یەکگرتنی کۆمەڵێک ئەکتەری ناوازە و دیار و ناسراو لە چوارچێوەی یەک لوغز و یەک ڕوداو و لە یەک لۆکەیشندا دەبێتە جێی سەرنج و فزووڵی و کونجووکۆڵی زۆرێک لە بینەران. چونکە لەم جۆرە فیلمانەدا ھاوشێوەی چیرۆکی ئەو بەرھەمە پۆلیسی و تاوانی و ئاڵۆز و ھەستبزوێنانەی کە وەرگێڕاونەتە سەر فیلم و دراماکان بەنزیکەیی بە زوویی دەبنە دڵخوازی یەکەمی بینەران.

ھەربۆیە لەمجۆرە کارانەدا سەرەتا بە ڕووداوێکی تاوانی وەک کوشتن دەستپێدەکات و پاشانیش کۆمەڵێک کەس لە دەوری ئەو تاوانەدا دەگلێن و بەوەیش بە ناچاری یەک بە یەکیان دەکەونە بەر نەشتەری لێکۆڵینەوە بە جۆرێک ھەموو ئەو کەسانە دەبنە جێی گومان و شەکی بینەران بەوەی ھەر دەبێت یەکێکیان تاوانبارە سەرەکییەکە بێت.

وە ھەمیشە لەم جۆرە تاوانانەدا. واتا؛ لە بەرانبەر تاوان و تراژیدیایەکی شۆکھێنەردا کەمێک ژانری کۆمیدیا ئامادەگی بەھێزی ھەیە، ئەوەیش بۆخۆی جگە لەوەی بەشێکە لە فیکری نوسەران و دەرھێنەران، لە ھەمانکاتدا وا لە بینەرانیش دەکات تاوانەکان بەجۆرێک کۆمیدیاوە وەربگرێت ھاوشێوەی ستایل و میتۆدی کارەکانی کوینتین تارانتنیۆی دەرھێنەر کە زۆرکات بە ڕشتنی خوێن بە چڕی و پاشان کوشتنی نامۆ و قێزەوەن بە گاڵتەجارییەوە نیشاندەدات تاوەکو ھاوکاری لایەنی دەروونی بینەران بکات و پاشان زۆرتر لەگەڵیدا ڕابێت.

وەک ھەمیشە لەم کارانەدا؛ ئاسایی تاوانێک ھەیە، یاخود ڕوویداوە، پاشان تاوانبارێک، یاخود کۆمەڵێک تاوانبار ھەن کە سەرجەمیان دەبنە جێی گومان، پاشانیش لە بەرانبەر ھەموویاندا لێکـۆلەر و ڕادۆزێک ھاوشێوەی زیرەکـی و لێھاتوویی شارلۆک ھۆڵمس ھەیە. بەڵام گرنگترین پۆینت لەم کارانەدا وەک جیاکردنەوەیەک لە فیلمی تاوانییە کلاسیکییەکان زۆرتر لە وردەکاری و گڕێچنی جیاوازی ڕووداوەکانەدا چڕ بۆتەوە و ئەگەر و لێکدانەوەکانیش ھەمیشە ھەن بە جۆرێک بینەر گەرچی سەرەڕای شەک و گومانی تەواوی لە تاوان و تاوانکارییەکان، بەڵام ئارەزوو و زانینی وردەکاری زیاترە لە مەڕ چۆنێتی ڕوودانی سەرەتای رووداوەکان تاوەکو کۆتایی ئاشکرابونی تاوانبار و چۆنێتی ئەنجامدانی تاوانەکەی.

لە کۆتاییدا، لە دەرەوەی ھەڵھێانی لوغز و پاشان گرێکردنەوەی گرێکوێرەی تاوانەکە. بەڵام بەشێک لە کـرۆکی فیلم لە لایەک زەبر و لێدان بوو لە ئەقڵیەتی چینی خانەوادە دەوڵەمەندەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکی بەوەی زۆرکات بەھۆکاری تەماعی تایبەت لە سەروەت و سامان فکری خراپ بە مێشکیاندا گوزەر دەکات کە وەک قۆرخکارێکی بە ھەڵپە پێگەکان دەقۆزنەوە و ھەلپێدانەکان ناشیرین دەکەن و پاشانیش متمانە سفر دەکەنەوە لە ڕێی ھەلقۆستنەوەیەکی ڕووتی باشی کەسەکانەوە. تەنانەت زۆرکاتیش بیرکردنەوە لە تاوانی کوشتن دنەیان دەدا. ھەروەھا لە لایەکی دی ئاوەژوو بوونەوە و قڵپبوونەوەی پێگە و ئاستی گوزەرانی چینی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکانە لە ڕووی سەروەت و سامانەوە و دواجاریش لێدان و توانجێکی قورس بوو لە بابەتی ڕەگەزپەرستی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP