بۆچونەکانى زانایەکی ئاینى سەرنجی هەموان ڕادەکێشتێت
لەم هەفتانەی کۆتاییدا بەتایبەت لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا(
کە تائێستاش بەردەوامە) مەولانا عەبدولحەمید وتارخوێنى مزگەوتێکی پارێزگاى زاهیدانی
سوننەنشین وتارەکانی ڕۆژانی هەینی تەرخانکردووە بۆ پاڵپشتی خۆپیشاندەران و خەڵکی
ناڕازی ئێران، سەرەڕای ئەوەی کە چەندین جار ئاگادارکراوەتەوە لەوەی کە پێویستە بێدەنگ
بێت و چیدیکە پاڵپشتی ناڕەزایەتییەکان نەکات، بەڵام نەک بێدەنگی و پاشەکشەى هەڵنەبژاردووە
بەڵکو هەنگاوە مەترسیدارەکەى هاویشتوە کە هەندێک پێیان وایە سەری بە فەتاراتدا دەبات.
دواى ئەوەى لەیەکێک لە هەینیەکانى پێشودا خۆپیشاندان لەنێو شاری زاهیداندا
ئەنجامدراو بەهۆی تەقەى هێزە ئەمنییەکانەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژران ئەو لە
وتارێکدا بەدەنگی بەرز ناوى لێنا (هەینى خوێناویی) و دواى ئەوەش شاندێکى باڵا بەنوێنەرایەتی
عەلی خامنەیی ڕێبەرى ئێران داوایان لێکرد کە سەردانی بکەن، بەڵام شیخ عەبدولحەمید
دیدارو دانیشتنی لەگەڵیان ڕەتکردەوە چونکە پێی وابووە تەنیا بۆ کڕینی ویژدانی ئەو
هاتوون، نەک بۆ چارەسەرى کێشەکان، ئەو بە ئاشکرا گوتویەتى ئامادەنیە ویژدانى خۆی
جگە لە مەرگ بەهیچ شتیکی دیکەی بگۆڕێتەوە.
ئەم هەڵوێست و پشتگیرییانەش بۆ خەڵکی خۆپیشاندەرو ڕاوەستاو لەبەردەم
حیجابی زۆرەملێ دا بۆ مامۆستایەک و ڕێبەرێکی ئایینى جێگەى سەرنج و بایەخە، هەربۆیە
بەشێکی زۆر لە چاوی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانى کەوتە سەر و لە هەزاران لاوە شیکاریی
جۆراوجۆر بۆ هەڵوێستەکانی ئەو مەلا سونە مەزهەبەى زاهیدان کرا.
ئەوە لە کاتێکدا لەکاتى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتی کۆماردا پشتیوانى ڕاستەوخۆی
لە ئیبراهیمی ڕەئیسی سەرۆک کۆمار و کاندیدی ڕاستەوخۆی خامنەئی دەکرد. کە زۆرینەى
شرۆڤەکاران ئەم هەنگاوەیان بە پێچەوانەى دیدگاکانییەوە خستە بەرباس و کاتێکیش ڕەئیسی
سەرکەوتنى بەدەستهێنا بە تەلەفۆنی پیرۆزبایی لێکرد.
مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زەهی ناسراو بە (مەولانا عەبدولحەمید)
ئەو پیاوەی کە ڕەخنەگرێکی سەرسەختى ڕژێمی ئێرانەو لە سنورى وڵاتەکەى خۆیدا و لە ڕێگەى
وتارەکانییەوە ڕابەرایەتی گەلانی ئێران دەکات بۆ چاکسازی و نەهێشتنی فەساد، ساڵی ۱۹٤۷ لە گوندی (گلوگاهـ) ى زاهیدان دایک
بووە، لەبەر ئەوەى لە گوندەکەیاندا قوتابخانەى ئاینى تێدا نەبووە چوەتە پاکستان بۆ
خوێندن و لە ویلایەتەکانى (سەند و پەنجابی) پاکستانى درێژەى بە خوێندنى ئیسلامی
داوە و دواتر لە قوتابخانەى (بدرالعلوم یارخان) لە پەنجاب مۆڵەتى زانستى وەرگرتوە
، پاشان گەڕاوەتەوە لە (دارالعلوم)ى زاهیدان دەستى بە وانەگوتنەوە کردوەو دواى کۆچی
دوایی دامەزرێنەرەکەى (مەولانا عەبدولعەزیز) مەولانا عەبدولحەمید بوەتە سەرپەرشتیاری
(دار العلوم) و لە سەردەمی ئەودا زۆر فراوان بوەو ژمارەى قوتابییەکانى ئێجگار زۆربوون،
لە ئێستاشدا مەولانا ئەندامی کۆمەڵەی جیهانیی زانایانی ئیسلامی و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی
هەماهەنگی قوتابخانە سوننەکانی سیستان و بەلوچستانە، ناسراوترین و پڕ نفوزترین
زانای سونە مەزهەبە لە وڵاتی ئێراندا، بەجۆرێک کە پێی دەڵێن پێشەوای ئەهلی سونەت و
شیخ ئیسلام.
خاوەن خەڵاتی ئاشتیە لەلایەن ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤەوە، بەڵام بەهۆی
پاڵپشتی موسوڵمانانی ئەفغانستان کە تاڵیبان ڕێبەرایەتیی دەکات خەڵاتەکەی لێوەرگیراوەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدا باوەڕی بە شۆرشی چەکدارانەى موسڵمانان نییە بۆ وەرگرتنەوى ماف و پێی
وایە ڕێگەى ئاشتیخوازانە و دادگاکان دروستترن تا هەڵگرتنى چەک، لە هەمانکاتدا بە پێچەوانەى
دەستورى ئێران و بۆچونى سەرانى کۆماری ئیسلامی ئێران، مەولەوى عەبدولحەمید پشتیوانى
کەمینە بەهائیەکانى ئێران دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت
ستەمیان لێبکرێت.
هەرچەندە وەک باس دەکرێت کە چەند جارێک لە بابەتى جۆراوجۆردا نامەى بۆ
عەلی خامنەئی ڕێبەرى ئێران ناردووە، بەڵام هیچیان وەڵامیان نەدراوەتەوە تەنها نامەیەک
نەبێت کە لە 2/8/2022 خامنەئی وەڵامی داوەتەوە و تیایدا باس لە جیاکارییەکانى نێوان
شیعەو سونە کراوە لە ماوەى 38 ساڵی ڕابوردودا، هەروەها باسی لە کردنەوەى مزگەوتى
سونەکان کردووە لە تاران و داواى لێکردووە کە ڕێگە بدرێت نوێژی جومعەى سونەکانى تێدا
ئەنجام بدرێتەوە.
سەبارەت بە وەڵامی داواکارییەکان خامنەئی نوسیویەتى: ئەو جیاکاریی مەزهەبی
و نەتەوەیی لە ئێراندا بە شیاو نازانێت و ڕێگەش بەوەها کارێک نادات، وەک شرۆڤەکاران
دەڵێن هەرچەندە ئەم وتەیە لە میدیاکانى دەسەڵاتدا دەنگی داوەتەوە بەڵام مادەى 12 دەستورى
ئێران رێگەى بە جیاکارى داوە و دەڵێت: ئاینى فەرمی وڵاتى ئێران مەزهەبی جەعفەرى 12
ئیمامى یە و بە پێى مادەکانى 109 و 115 ى دەستور مەرجە ڕێبەری وڵات شیعەمەزهەب بێت
و لە پەیڕەوانى 12 ئیمامیش بێت.
هەربۆیە دیدگای ئەم زانایە لەگەڵ دیدگای سەرانی کۆمارى ئیسلامی زۆر جیاوازە،
ئەم پێی وایە کەئیعدام چارەسەر نیە بەڵکو پێویستە چاکسازی لە دەسەڵاتدا بکرێت، پێی
وایە ئیسلام ئاینیکی ئیجباری نیە و هەرکەس ئازادە چی دینێکی هەیە، هەروەها
نابێ لەچک بەزۆر بکریت و حیجابی ئیسلامیش ئەو جۆرە جل و بەرگە نییەکە لە جلی
ڕەش و مەقنەعە و مانتۆدا نیشانى خەڵکی ئێران دراون و ناشتوانرێت بەزۆر هیچ کەسیک
ببرێتە بەهەشت. لەبارەى توڕەیی خەڵکەوە لە سەرپۆش و حیجاب گوتویەتى : کێ ژنانى
واتوڕە کردووە سەرپۆشەکانیان بسوتێنن؟ ئەوان لە داخی ستەم و بێدادی ئاگر لە سەرپۆشەکانیان
بەردەدەن، بەرلەوەى بەوان بڵێن بۆ وادەکەن دەبێت لەخۆتان بپرسن چیتان کردوە وا بەوشێوەیە
وەڵام دەدرێنەوە؟
شیخى سونەکانى ئێران پێی وایە کە مەزهەبەکانى شیعەو سونە لە ئیسلامدا
نیە و هەردوکیان برای یەکترین، بە دۆستێکی بەهێزی کوردەکان دادەنرێت، بەجۆرێک کە هەفتەی
پێشوو لەوتاری هەینیدا چەند خولەک باسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازایەتی و
جوامێرییانی کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ دوپاتکردنەوە و نزای خێری بۆکردن و داوای ڕاوەستاندنی
سزاکانیان دەکات لەلایەن ڕژێمەوە، پێشتریش چەندینجار بە ئاشکرا گوتویەتی کوردەکان
پێویستە حەقی خۆیان پێبدرێت و پێویستە زیندانیەکانیان ئازاد بکرێن.
مەولانا عەبدولحەمید بەهۆی هەڵوێستەکانیەوە ڕووبەڕووی سزای جۆراوجۆر
بووەتەوە، هەر بۆیە شیعە دەسەڵاتدارەکانی ئێران وەک بەشێک لەخۆیان تەماشای ناکەن و
دەگوترێت بەشێکی زۆریان بەهۆی ئەم پیاوەوە مەزهەبی خۆیان گۆڕیوەو بونەتەسونە، هەر
ئەوەشە کە دەسەڵاتدارانی ئێران دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت لە وتاردان و ڕابەرایەتیکردنی
خەڵک دووری بخەنەوە و خۆیان وەتەنی نابودی بکەن، وەک خودی شێخ دەڵێت: ئێمە وەک ئەهلی
قسەین، ئەهلی کرداریشین، نە بەترس و تۆقاندن نە بە پارەو سامانی دونیا ناتوانن هەڵوێستمان
بگۆڕن.