دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 27/11/2022

گەڕانەوە بۆ وێستگەیەک چەندین ساڵە بەجێهێڵراوە کۆبونەوەکەی دوکان؛ گەڕان لەدەرەوەى پەرلەمان و حکومەت

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەسەر داوای بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشێک لەحیزبە کوردستانیەکان کۆبونەوە، سەرەڕای تێبینییە گشتییەکان لە بارەی کاریگەریی و پێگەی زۆرینەی ئەو حیزبانە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە بە دەست ئەنقەست بێت یان بە نەزانین، دەیانەوێت کورد بگەڕێتەوە بۆ پێش لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکومەت لە 19.5.1992 و سەردەمی بەرەی کودستانی چوون ئەوکات بەهۆی نەبوونی دامەزراوەی حکومی و شەرعی و بۆ ڕێگریی لە پەرتەوازەیی بەرەی کوردستانی هاتبوە ئاراوە و لەڕێگەی لیژنە تەنسیقییەکانیانەوە کاروباری خەڵکیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام لە دوای ئەو بەروارەوە چی تر مانایەک بۆبەرەی کوردستانی و لیژنە و کاری هاوبەش نەماوەتەوە کە لە جێگەی دامەزراوە شەرعییەکانی پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکانی بگرێتەوە...

لەو ڕاگەیەنراوەی کۆتایی کوبونەوەکەدا هاتووە کە کار بکرێت بۆ دروستکردنی ئەنجوومەنێکی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەموو لایەنەکان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی کێشەکان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە.

ئەم ھەنگاوەش بە فاکتەری پاراستنی یەکڕیزیی، پارێزگاریکردن لە ئەزموونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بەھێزکردن و پارێزگاریکردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدراوە.

ئەگەر بە وردی سەیری نەفەسی نوسینی ڕاگەیەنراوەکە بکرێت لەوە تێدەگەین کە نیەتەکانی پشتی ئەو جۆرە کۆبونەوەیە کەمکردنەوەی رۆڵی سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و حکومەتە و هیچی تر، چون بەهەمووان بەدوای ئەوەوەن (بەرەی کوردستانی) زیندوو بکرێتەوە و بڕیار لەبارەی پرسە چارەنوسسازەکانەوە بدرێت، کە ئەمەش بەپێچەوانەی خواستی نەتەوەیی و هەنگاونانە پاشە و پاش و بەڕە لەژێر پێ دەرهێنانیی دامەزراوە نیشتیمانیەکانی باشوری کوردستانە ، هەر بەو پێیەی کە ڕاگەیەنراوەکە باسی لەوە کردووە کۆبوونەوەكە پێداگریی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەکانی دەوڵەتداریی کراوەتەوە و لەپێناو تەبایی، یەکھەڵوێستی و یەکڕیزیی کوردستانی پێشنیارى ئەوە کراوە کە کۆبونەوەکان بەردەوامییان ھەبێت.

لە لایەکی تریشەوە دەکرێت بپرسین: بەپێی کام سیستمی دیموکراسی و یاسا دەکرێت لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، ئەنجومەن دروستبکرێت و بریار لە سەر پرسە چارەنوسسازەکان بدات؟ ئایا ئەم هەنگاوە زیاتر نابێتە هۆی سوککردنی پروسەی دیموکراسی وهەڵبژاردن لە هەرێم؟

ئەگەر ئیرادەیەک هەبێت ئەنجومەنى بەڕێوەبردن لە شێوازی بەرەى کوردستانیەکەى جاران لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان دروستبکرێت، باشە ئەی بۆچی هەڵبژاردن بکرێت؟

ئایا هەڵبژاردن بۆ ئەوە نییە دامەزراوەیەکی فەرمی هەبێت بەرپرس بێت و بریاردەری هەموو پرسەهەستیار و ناهەستیارەکان بێت؟

کەواتە ئایا باشتر وانییە دامەزراوە فەرمییەکان هەڵبوەشێنن و ئەنجومەنەکە ببێتە هەموو کارە وەک سەردەمی بەرەی کوردستانی و شەرم نەکەن و بانگی محەمەد بەئاشکرا خۆشە.

مەگەر بەشداربووە سەرەکییەکانى ئەو کۆبونەوەیە (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ) بە سەرکردایەتى (یەکیتی) پێشتر ئەوە نەبوو نابێت کۆبونەوەی حزبەکان ببێتە مەرجەعی سیاسی، و تاکە مەرجەعی سیاسی و یاسایی گەلی کوردستان پەرلەمانی کوردستانە؟

لێپرسراوی ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان (چۆمان محەمەد) بەرپرسیارانە هەستى بە مەترسییەکە کردوەو لە نوسینێکدا دەڵێت: ئێمە لە هەوڵ و دنیا بینی بەهێزكردنی دامەزراوەكاندا بوین و لەگەڵ ئەوەبوین كەسە دیارە یەكەمەكانی حیزبەكان بچنە ناوپەرلەمان و حكومەت و بەرپرسیاریەتی وەربگرن، ئەوەش بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكان، دیارە ئەم حیزبانەی ئێستای هەرێم باوەڕیان بەخودی رەوایەتی هەڵبژاردن و متمانەی خەڵك نەماوە بۆیە بیر لە بەدیل دەكەنەوە، لە جیاتى بەهێزکردنى پەرلەمان و دامەزاراوەکانى دەوڵەت، کۆبونەوە حیزبییەکانیان دەکەن بە سەنتەر، بەتایبەت بێرۆڵکردنى پەرلەمان و دامەزراوەکان .

ئەو بەرپرسە باڵایەى گۆڕان لە کۆتایی نوسینەکەیدا گوتویەتى : ئەم رایە نەك تەنها بۆ گۆڕان بۆ هەموو ئەو هێزانەش بانگەشەی دامەزراوەی بون و بەهێزبونی دەسەڵاتیان دەكرد نابێت بەشێكبن لەم گاڵتەجاریە، ئەگەر سەرۆک و بڕیار بەدەستانى حیزبەکان دەیانەوێت خۆیان بڕیار بدەن، با بۆ خولى داهاتوو خۆیان کاندید بکەن و بچن لەپەرلەمان گفتوگۆ بکەن و قسەى کۆتایى و بڕیارى کۆتاییان ببەن بۆ ئەو دامەزراوەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP