ئا: ســـاوین عەلی حوسێن
مەم و زین یەکێکە لە بەرهەمەکانی
ئەحمدی خانی، ئەحمدی خانی شاعیری گەورەی
کوردی باکوری کوردستانە. ناوی ئەحمدی کوڕی ئیلیاسی کوڕی ڕۆستەمە لە عەشیرەتی خانییە. وەک خۆیشی ئاماژەی پێکردووە لە دێرە شعرێکدا
لەدایکبووی ساڵی 1061 میلادیە دەڵێت :
ئەو را کو
دەما ژ غەیب فەکبو
تاریخ هەزار
و شەست و ئێکبو
مەم و زین
بەناوبانگترین بەرهەمیەتی وبەرهەمی تریشی وەک: نەوبەهارا بچیکا و عەقیدا ئیمان. نوسەری کورد علائەدین سەجادی تاکە کەس بووە
کەلەبارەی مردنی خانی لێکدانەوەی کردووە و دەڵێت لە ساڵی 1119 کۆچی دوای کردوە.
ئەم
داستانە لە نزیکەی شەست بۆ شەست و پێنج بەش پێکهـــاتووە. لەسەرەتادا بەناوی خودا
دەستی پێدەکات. وەسفی خودای تێدا دەکات و پاشان لەبەشی دووەم دێتە سەر باسی
پێغەمبەر. باسی هۆی نوسینی ئەو داستانە دەکات کە زۆر بەڕونی و
بەجوانی دەڵێت کە هۆکاری نوسینی ئەم داستانە، ئەوەیە کەوا دەیویست ئەوە پێچەوانە بکاتەوە کە
پێیان وتووە، کورد هیچ نوسەر، شاعیر و هۆزانفانیان نییە. ئەوەش دەگەڕێـــنێتەوە بۆ
بێکەسی و کەساسی کورد. دەسپێکی چونە ناو
چیڕۆک وەک کەسێ بیەوێت خۆی مەست بکات و خەم لەبیربکات داوای مەی و بۆنی عەتر لە
مەیگێڕ دەکات.
وەسفی میر زیندین دەکات کەیەکێ لە میرە
گەورەکانی کوردیە ، دوو خوشکی هەیە بە ناوەکانی (زین و ستی )، کە خانی باسی جوانی و شۆخ و
شەنگیان دەکات، بەدوای ئەوەوە باسی کارەکتەرانی تری دەکات بە ناوی تاجەدین کە کوڕی وەزیربوو و هاوڕێکەی مەم کە کوڕی ناودارێکی کوردی بووە.
خانی باسی نەورۆز و ڕێ و ڕەسمی نەورۆز دەکات ، وە
لەوکاتەدا مەم و تاجدین بۆ دیتنی کچان جلی ئافرەتان لەبەر دەکەن، لەوێ چاویان بە
زین و ستی دەکەوێت، سەرسامی یەکتری دەبن، مەم و تاجدین کە دەگەڕێنەوە تەواو
بێتاقەت و سستدەبن، زین و ستیش بەهەمان شێوە بێتاقەت دەبن و زۆر نیگەران دەبن. تا ڕۆژێ بۆ دایەنی خۆیانی باسدەکەن و سەر
تاخوار هەمووی پێدەڵێن، پیرێژنیش دەچێتە
لای جادوگەرێ تا ناو نیشانی مەم و تاجدین بزانێت لەسەر داوای زین وستی.
دڕۆی بۆ دەکات و دەڵێت من دوو کوڕم هەیە و ڕۆژی جەژن چوونەتە دەرەوە و
ڕوداوێکی وایان بەسەرهاتووە؛ جادوگەریش
ڕاستی دەزانێت و بەپیرەژنەکە دەڵێت: کە
ئەوە زین و ستی بوونە، و پێویست بەدرۆ
ناکات و ئەوان کەوتونەتە داوی ئەم دوو کوڕە ، ناو نیشانیان دەداتێ و پیرەژن بەپەلە
دەگەڕێتەوە کۆشکێ. کە دایان دەگەڕێتەوە خەبەر دەداتەوە بە زین و ستی، زین دایان
دەنێرێ بەدوای مەم و تاجدین تا بێنە داوایان. دایان خۆی دەکات بەدکتۆر و پزیشکی نەخۆشی مەم و
تاجدین و دەچێتە لایان و پەیامی زینیان پێدەگەیێنێت. ئەوانیش بەمە خۆشحاڵدەبن .
کەیخوداو ڕیش سپیان دەنێرنە داوا و میریش دەڵێ سەرەتا کچی گەورە (ستی) بەشودەدات و
دوو کچ بەیەکەوە نابن بە بوک.
دوای بەیەک گەیشتنی تاجدین و ستی، کە
ماوەیەک تێپەڕی تاجدین و ستی دڵخۆشبوون، بەڵام تەواو بێئاگابوون لە زین و مەم کە
چۆن بە گڕی عشق دەسوتێن . لەم نێوەندە بەکر ناوێک کە دەرگاوانی میرە بەدیار
دەکەوێت کەسێکی حەسود و خراپەکارە، دەڕوات تا میرزیندین هانبدات دژی مەم بەڵام میر یەکەم جار بەگوێی ناکات و دەڵێت
مەم و تاجدین وەک هەردوو چاوی من وان، بەکر کە دەزانێ سودی نییە، دەڵێ کەس
لەخۆڕا نەبۆتە خزم. وتی: تاجدین بێ قسەی ئێوە لەم لاو لا وتویەتی: زینێ بە مەمی دەدەین؛ میر وتی ئەو لاو و پاڵەوانە قسەی بەجێیە، بەکر میر هاندەدا دەڵێ
ئەمە پلانە بۆ وەرگتنی تەخت و دەسەڵاتە لێت. ئیدی میر دەکەوێتە ڕق و کین و بڕیارێ دەردەکا تا ماوە زین بەشونادات ئەوەی لەخۆی بێزارەو مردنی دەوێ
بابێتە داوای زین، بەبیستنی ئەمە تا دات
مەم لاواز و ڕەنگ زەردرتردەبوو.
زین
بەردەوام شین و شەپۆڕی بوو، کە وایان دەزانی
گریانی زین بەهۆی دووری ئستی خوشکیەوەیە. هەرچی پیرو بەتەمەن لێی کۆبونە.
ئامۆژگاریان کرد چ سودی نەبوو. تێگەیشتن ئەوە ڕیشەی ئەوینە وا ئازاریدەدات. ئیدی
دەوری چۆڵ دەبێ کە دەزانن هیچیان بۆناکرێت لەگەڵی. زینیش نامەیەک بۆ خوشکەکەی دەنێرێت ، گازندە و
گلەی لێدەکات. دەڵێ: خۆت لە خۆشیدای، بەشی تۆ تاجدین، بەشی من مەم و خەمە. دڵخۆشیشە کە وەک ئەو بەخت ڕەش
نەبووە .
مەم زۆر لۆمەو سەرکۆنەی دڵی خۆی
دەکات. دوای ئەوەی ڕۆژێک میر بۆ ڕاو دەچێت و زین و مەم بەدەرفەت دەزانن لە باغی
پاشادا ژوان دەبەستن ، پاشا و دەستەی ڕاو بەساریا دێنەوە، مەمیش خۆی دەخاتە ناو
جێگاو زین لەپشت عەباکەی خۆی دەشارێتەوە، و بەمیر دەڵێت ببوورە لە دوێنێوە تۆ ڕۆیشتووی گەلێ نەخۆشم ناتوانم هەڵسم و بەپێوە
بوەستم. پاشا و مەم دەکەونە گفتوگۆ مەم بەدەم وڕێنە کردنەوە دەڵێ تووشی ئاسکێکی زۆر جوان بووم، ئەگەر ڕاو بکرایە نمونەی نەبوو لە دونیاکەی
دیکەش. تاجدین گومان دەکا زین و مەم یەکیان دیبێ و بە ئاماژەی چاو لە مەم دەپرسێت
چیبوە؟ مەمیش کەزی و پرچی زین لەپشت خۆیڕا نیشانی تاجدین دەدا.
تاجدین بەپەلە دەچێتەوە ماڵێ و ئەمە بۆ ستی
باسدەکات و دەڵێ گەر سەر و ماڵ نەچێت مەم و زینمان لێ دەچێت، پاشان گڕ بەردەداتە
ماڵی خۆیان و دەکەنە هاوار و داوای یارمەتی ، ئیدی میر و دەستەی هەموو دەچن بۆ لای
تاجدینی .لەم دەرفەتەیا زین دەگەڕێتەو کۆشک و مەم دەمێنێتەوە، بەڵام وا بەئاسانی
ناڕوات. دەنگۆ و قسە بڵاو دەبێتەوە لەسەر
مەم و زینێ، بەکریش هەرپێی دەزانێ خۆی دەخزێنێتە لای میر و دەڵێ مەم دڵی بەخوشکی
تۆوەیە ئەو دووبرایە وەک مار دەیانەوێ پێتەوەبدەن و دەسەڵاتت لێبسێنن، ئەویش دەڵێ: چۆن بزانم بەکر دەڵێ: مەمی بێنە شەتڕەنجی لەگەڵ
بکە. مەم درۆناکات و لێی بپرسە بزانە دڵی
بەکەسەوەیە. دادەنیشن بۆ یاری کوڕێک لەوێ دەبێ بەناوی گورگین کە زۆر هاوڕێی مەمە و زوو دەزانێ چ باسە،
دەچێ خەبەر بەتاجدین دەدات و ئەویش لەگەڵ براکانی دەچن بۆ ئەوێ، مەم چەند جارێک دەباتەوە، بەڵام بەکر پلانێ دادەنێ و دەڵێ: میر
تۆ جێگات لەگەڵ مەم بگۆڕەوە مەم دەدۆڕێت.
مەم
کەوتە بەرامبەر پەنجەرە چاوی کەوتە سەر زین و ئاگای لە یاریەکەی خۆی نەما، و
دۆڕا ئیدی وتی: فەرموو میر داوبکە میریش وتی: تەنها دەمەوێ گرێی دڵت بکەیتەوە و
بزانم کێت لە دڵ دایە، وتی هەرکێ بێ فریشتە مرۆڤ بۆتی دێنم، بەکر هەر زوو خۆی خزاندە
بابەتەکە وتی: خوازراوی دڵی ئەو زینە تۆ
چۆن زینێکی وا جوان و کچە پاشا و شۆخ و شەنگ دەدەیتە کوڕێکی گەڕۆکی وەک قەرەج و
لەڕ و لاواز و ڕکی میری بەرامبەر مەم هەڵساند،حەوت پاسەوانی بانگ دەکەن و دەیانەوێ
مەم بکوژن. تاجدینیش خۆی و براکانی هەڵدەستن و دەڵێن: دەزانن هێزی ئێمە چەندە!
ئەوەی دەست لە مەم بدات خۆمان لەناوی دەبەین، ڵام میر گەورەو خاوەنی ئێمەشە خۆی
هەرچی بکات، ڕازین لێی میریش لەبەر تاجدین ناتوانێ جگە لەبەند کردنی مەم شتێکی تر
بکات دەستی دەبەستێت و ڕەوانەی زیندان دەکرێت، مەم لە تاریکی زینداندا توشی
بێهیوای دەبێت و چلە لەخواردن دەگرێت، بەر لەوەی چلەی تەواوبێ تیشکێک بەر ناخی
دەکەوێت و عەشقەکەی دەگۆڕێت لە عەشقێکی مەجازیەوە بۆ عەشقێکی ئیلاهی.
دوایێ ماوەیەکی باش لە زیندانی کە تاجدین بۆ
دیتنی دەچێتە زیندان، دەزانێ دەبێ شتێک بۆحاڵی مەم بکرێ دەنا لەناو دەچێت، بۆیە
هەڵدەستێ لەگەڵ برایان و ڕیش سپیان کۆدەبنەوە بیردەکەنەوە چبکەن، کەیخودایێ دەنێرنە لای میر ڕادەگەیەنێن یان
ئەوەتا مەم ئازاد بێ یان بەکری بداتە دەستیان، با تۆلەی مەمی لێبکەنەوە میر لەو نێوەندە دەمێنێ و دواجار چونکە زۆر
بەزەی بە زین دێتەوە، دەڵێ: من مەم دەبەخشم و با ببێتە هاوسەری زین هەرچی تاجدین
بلێ دێتە جێ بۆی.
زین دەڕازێندرێتەوە بۆ دیتنی مەم دەچێ،
خەبەر دێنن مەم مردووە، و لە کۆتا
هەناسەدایە، کەزین دەچێتە لای مەم هێشتا ڕوحی نەداوە مەم کزو بێدەنگە و وەک
خەوتووە هەرچەند بانگی لێدەکات جوابی نییە و کۆتا هەناسەی لەباوەشی زین دادات .کەکار
بەوەدەگا شین لە سەرتا سەری شار هەڵدەستێ و هەموو بەو کۆچە دڵگرانن و تاجدین زۆر
توڕەدەبێت. لە تۆڵەی برای دەیەوێ بەکر بکوژێ زین دەڵێ: ببوورن لێی ئەی چۆن باشی
جیابکەینەوە لەناباشی کەنایبەخشن، بەڵام بێسودە هەر کە مەم دەبەنە گۆڕستان بینێژن
لەناوەدی شارا بەکر کەوتوە تاجدین سەری لەلاشە جیا کردۆتەوە ، دوای زین
وەسیەتنامەیەک بۆ براکەی جێدێڵێت و لەسەر
گۆڕی مەم گیان دەسێپێرێت. ماوەیەک دوای ئەوە پیرەمێردێک لەشار دەڵێ: کە لە خەونیدا
مەم و زین دەبینێت لەبەهەشتدا و بەکریش دەبینێت کە پاسەوانیانە دەڵێ: کەخودا منی
بەخشووە .
بە خوێندنەوەی ئەم داستانە چەند بەهایەکی
ئەخلاقی و نا ئەخلاقی بەدیاردەکەوێت، کە بابەتی ئەخلاقیەکانی بریتین لە ڕەوشت
بەرزی، بەوەفای، ڕاسگۆی، مەردی و سەرڕاستی لەکار و بەڵێندا. لەبەرامبەردا ئاکارە نائەخلاقیەکان بریتن لە درۆ، خراپەکاری، ئاژەوە، دووبەرەکی دروست کردن لەنێوان ئەزیزان و لێک
دابڕینی خۆشەویستان. بەدەر لەوە ئامۆژگاری و پەندی تێدایە بۆ کەسێ دەسەڵات بگرێتە
دەست. ئامۆژگاری تەواوی تێدایە بۆ هەموو
تەمەنێک، چینێک و بۆ گشت کاتێک گونجاودەبێت.