دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 21/10/2022

گەشەی كەسایەتی مرۆڤ هەر حەوت ساڵ جارێك چۆن ڕوودەدات؟

ئیدریس نوری
فەیلەسوفێكی نەمساوی بەناوی " رودالف ستاینەر"لەگەڵ یاوەرانی كە تیمێكی پسپۆڕبوون، دوای لێكۆڵینەوەی قووڵ، ژیانی هەر مرۆڤێكیان بەسەر ۷ قۆناغی تەمەن دابەشكرد، كەهەر قۆناغەو گۆڕانكاری و پێشكەوتنی بەرچاوی خۆی هەیە، گرنگە ئاگاداری بین.

چ پەرەسەندنێك لە كەسایەتی مرۆڤدا ڕوودەدات هەر ٧ ساڵ جارێك؟

گۆڕانكاری قۆناغەكانی تەمەن تەنها لەجەستە دەرناكەوێت. توێژینەوە زانستییەكان لەم ساڵانەی دواییدا ڕاستی گرنگتریان لەم بارەیەوە ئاشكرا كردووە. ئەم ڕاستیانە جگە لە گۆڕانكارییە جەستەییەكانی حەوت ساڵە، ئاماژەن بۆ گۆڕانكارییە دەروونی و ڕۆحییەكان دەكەن، كە پێدەچێت لە نێوان حەوت ساڵ جارێكدابۆ هەموو مرۆڤێك ڕووبدات؛ كەواتە ئەگەر بەم شێوەیە بیرت لەوە كردۆتەوە كە گۆڕانكارییە بەرچاوەكانی جەستە و ڕۆح و دەروونت تەنها پەیوەندی بە گواستنەوە لە كۆرپەییەوە بۆ منداڵی یان لە منداڵییەوە بۆ هەرزەكاری هەیە، ئەوا تۆ هەڵەیت، چونكە ئەم گۆڕانكاریانە بەردەوام ڕوودەدەن، هەرچەندە ئێمە گرنگی پێ نادەین،زۆر بەی بێئاگا لەوەی چی ڕوودەدات. 

"رودالف ستاینەر؛Rudolf Steiner" فەیلەسوف و بیرمەندی كۆمەڵایەتی و دەروونناسێكی نەمساوی، لەگەڵ تیمەكەی بەم شێوەیە قۆناغی ۷ساڵ جارێكیان داناوە.

١. تەمەنی (۰-٧ )ساڵی:

یەكەم قۆناغی گەشەكردن لە لەدایكبوونەوە، تا تەمەنی حەوت ساڵە. لەم قۆناغەدا بنەمای میكانیزمی عەقڵ دروست دەبێت. هەرچەندە لەم سەردەمەدا عەقڵ خاوەنی داهێنان و زیرەكی و كەسایەتییە، بەڵام گەشەكردن و نەگونجاندنی جەستە لەگەڵ ژینگە و كەرەستەی ژیان سنووردار دەكات. غەریزەكانی وەك برسێتی و ئازار و پێویستی خۆشەویستی و پشتیوانی پاڵنەر و ڕەفتارەكانی منداڵان لەم تەمەنەدا قاڵب دەگرن.

لەسەر بنەمای ئەمە چەندین كاردانەوە و هەڵسوكەوتی نائاگای مرۆڤ لەم ماوەیەدا و لەژێر كاریگەری ئەو ژینگەیەدا دروست دەبێت كە تێیدا گەشە دەكات. بۆ نموونە خەڵكی ڕەسەنی هەندێ ناوچەو خێڵەكان، كاتێك جاڵجاڵۆكەیەكی گەورە دەبینن دڵخۆش دەبن، چونكە وەك خۆراك دەیبینن، بەڵام كەسێك كە لە ژینگەیەكی شاردا گەورە بووە كاتێك جاڵجاڵۆكەیەك دەبینێت هەست بە ترس ودڵەڕاوكێ دەكات.

هەنگاو بە هەنگاو لەسەر ڕێگای ژیان

گرنگە بزانین ئەم كاردانەوانە لە منداڵیدا لە هەردوو ئەم كەسەدا دروست بوون. لەم تەمەنەدا "ڕژێنی تالاموس" گەورەترە و چەمكە بنەڕەتییەكانی ڕاست و هەڵە لە مێشكماندا دروست دەكات.

دوای ئەم ماوەیە "تالاموس" گەشەی كەمتردەبێتەوە، ئەم چەمكانە دەبنە ئەو كۆدە ئەخلاقییانەی كە ئێمە پێی دەژین. بەدەر لە هەموو ئەمانە، هەر لەم قۆناغەی ژیاندایە كە تێگەیشتنی بنەڕەتیمان لە بوونی شتێك بە ناوی "من" دروست دەبێت.

۲. تەمەنی (٧ - ١٤ ) ساڵی، گەشەی هەست و سۆز چڕتردەبێتەوە.

لەم تەمەنەدا درووست بوونی پەیوەستكردنی پرسە جیاوازەكان بە هەستەكانمانەوە؛ واتە ئێمە بە ئاگادارییەوە "درك" بەوە دەكەین كە هەر كێشەیەك ڕەنگە چ جۆرە كاریگەرییەكی دەروونی لەسەرمان دروست بكات، وە ڕەنگە ببێتە هۆی چ جۆرە هەستێك.

لە هەمان تەمەندا ددانی كۆرپە دەكەوێت ودووبارە دانی نوێ دەردێتەوە، گۆڕانكارییە جەستەییەكانی پەیوەست بە باڵغبوون دەست پێدەكات.
قەبارەی "تالاموس" وردە وردە زیاتر كەم دەبێتەوە، دەگەینە تێگەیشتنێكی باشتر لە قبوڵكراو یان قبوڵنەكراوی چەمكەكان، لەسەر بنەمای كۆدە كۆمەڵایەتییەكانی ئەو ژینگەیەی كە تێیدا لەدایك بووین و گەورە بووین.

منداڵ فێری داڕشتن و ڕێكخستنی جیهانی ناوەوەی دەبێت. ئەم جیهانە ناوەوەیە پێناسەی مرۆڤ بۆ "پاڵەوان" و تێگەیشتنی لە مەترسییەكانی جیهان و دروستكردنی خەیاڵێكی بەهێز لەخۆدەگرێت.

۳.تەمەنی (١٤ -٢١) ساڵی، ڕەگەزی بەرامبەر دەدۆزینەوە.

لەم قۆناغەدا بە شێوازێكی نوێ كنجكاو دەبین دەربارەی خۆمان، پەیوەندییەكی نوێ لەگەڵ ژیاندا دەدۆزینەوە و زیاتر ئاگاداری خۆمان دەبین.

ئاشنابوون بە زانست و هونەر، لەوانە مۆسیقا، نیگاركێشان، ئەدەب و دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ كەسانی دیكە لەسەر بنەمای نوێ، وا دەكات مەودای هەستەكانمان بە هەموو ئاراستەكاندا گەشە بكات. ئێمە ڕەگەزی بەرامبەر دەدۆزینەوە؛ ئێمە دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی كە ڕەگەزی بەرامبەر هەندێك حەز و پاڵنەر بۆ ئێمە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت و ئەم پاڵنەرانە دەبنە مەیلی دیاری كراومان.

بەهۆی دروستبوونی هەستی نوێ، زۆر كەس لەم تەمەنەدا گومانیان لە پەیوەندییەكانی ژیانیان هەیە.

هاوكات لەگەڵ ئەو هەستەی سەربەخۆیی كە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا دروست دەبێت، لە كۆتایی ئەم قۆناغەدا چاوەڕوان دەكرێت مرۆڤ ڕێڕەوی ژیانی خۆی بدۆزیێتەوە، یان لانی كەم پرسیارێك هاتبێتە ئاراوە كە ڕێڕەوی ژیانی چی دەبێت؟

٤.تەمەنی (٢١ - ٢٨ )ساڵی، بە دۆزینەوەی خودی دادەنرێت.

لەم قۆناغەدا بیركردنەوە و هەستەكان دەستكاری دەكرێن و ڕێكدەخرێنەوە و خۆمان ئامادە دەكەین، بۆ ئەوەی بچینە قۆناغی گەورەی ساڵەوە.
ئێستا ژێرخانی كەسایەتی كۆمەڵایەتیمان لەوانە بڕوانامەی پەروەردە و پێگەی كار و داهات و ... هتد. درووستكراوە و پەیوەندی نوێ هاتۆتە ناو ژیانمان و ووزە و ئومێدێكی زۆرمان هەیە بۆ بنیاتنانی داهاتوو.

لە هەمان كاتدا تێگەیشتن بەدەست دەهێنین و "درك" بە گرنگی لێبوردەیی و گونجان دەكەین، لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا كە سوودی بۆ هەردوو لایەن هەیە و هەستی سەربەخۆیی هەردوو لایەن لەدەست ناچێت.

هەروەها لەم قۆناغەدا، ئەو كێشانەی لە منداڵیماندا هەمانبوو، كاریگەرییەكانیان نیشان دەدەن و ئێمە هەندێك جار تەنانەت بەبێ ئەوەی دركی پێ بكەین، لەگەڵ كێشە و تەحەداكردنانە دەجەنگین كە ساڵانێكە لەگەڵیانداین.

ئەم كێشە و تەحەداكردنانە، بەزۆری دوای شێوازی سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ خەڵكدا دەردەكەون و هەرچەندە تەحەدامان دەكات، بەڵام بنەمایەك بۆ گەشەكردنی كەسایەتیمان دابین دەكات.

٥.تەمەنی( ٢٨ - ٣٥ )ساڵی، داهێنانەكانمان گەشە دەكات.

بەدرێژایی ساڵان ئەو گۆڕانكاریانەی كە جەستە و ڕۆح و جەستەمان ئەزموونی دەكەن، كەمترهەستیان پێدەكرێت، بەڵام هێشتا هەر لەوێدان.
زۆربەی مرۆڤەكان لەم قۆناغەدا زیاتر لە قۆناغەكانی پێشووی ژیان داهێنان پیشان دەدەن و بەزۆری توێژەران و داهێنەران لەم تەمەنەدا دەگەنە لوتكەی داهێنان و دۆزینەوەكانیان.

زۆرێك لە مامۆستایانی بواری داهێنان، بە درێژایی مێژوو لەم سەردەمەدا گەیشتوونەتە ڕاستییەكی گەورە. توێژەران دەڵێن: هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوەیە كە مێشكمان لە دەوروبەری تەمەنی ٣٥ ساڵیدا دەگاتە لوتكەی چالاكییەكانی.

لەم ساڵانەدا تێدەگەین كە چۆن هەستەكانمان بەدرێژایی ساڵان كەسایەتیمان لە قاڵب داوە.

هەروەها لەم ماوەیەدا دەست دەكەین بە جیاكردنەوەی ئەوەی كە بۆ ئێمە چی گونجاوە و چی ڕەنگە نەشیاو و ناخۆش بێت بە پشتبەستن بەو شتانەی كە خێزان و هاوڕێ و كۆمەڵگاكەمان وەك بیروباوەڕی ڕاستەقینە فێری كردووین.

٦.تەمەنی (٣٥-٤٢)ساڵی، ئەزموونی قەیران و نائارامی.

بەپێی بارودۆخی ژیان تا ئەم تەمەنە زۆربەی خەڵك لەم ماوەیەدا تووشی جۆرێك لە نائارامی دەبن.
بەگشتی لەم تەمەنەدا ئارەزووی لەناكاو بۆ هاوبەشكردنی زانست و ئەزموونی ژیان لەگەڵ كەسانی تردا لە مرۆڤەكاندا سەرهەڵدەدات و مرۆڤ هەست دەكات كە پێویستە جێپەنجەی خۆی لە جیهاندا بەجێبهێڵێت.

لەم تەمەنەدا مرۆڤەكان لە دۆخێكدان كە بتوانن بە شێوەیەكی بابەتیانە بە شێوەیەكی بێلایەن و بێ توڕەیی، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان لە ژیاندا بكۆڵنەوە، لەوانەش بواری خوێندن و پەیوەندی و كار و خوو و شێوازی كارلێككردنیان لەگەڵ كەسانی دیكەدا، هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بچووك ئەنجام بدەین بۆ یارمەتیدانیان باشتركردنی شێوازی ژیانیان و هەر لەم قۆناغەی ژیاندایە كە وردە وردە تێدەگەین چ شتێك لە ژیاندا بەڕاستی ڕازیمان دەكات و چ شتێك ڕازیمان ناكات.

دەستكەوتە دەروونییەكانی مرۆڤ لە دەوروبەری ئەم قۆناغەدا خۆیان نیشان دەدەن و ڕێگاكان بۆ دەربڕینی خۆی دەدۆزنەوە.

۷.تەمەنی (٤٢-٤٩) ساڵی، گەیشتن بە تێگەیشتنێكی نوێ لە خۆشەویستی.

تەنها لەم قۆناغەدا مێشك و ڕۆح هەموو ئەو ئەزموونانە هەرس دەكەن، كە تا ئێستا بەدەستیان هێناوە، ئەم پرۆسەیەش ئارەزووی هەنگاونان بە ئاراستەیەكی نوێ و بەدەستهێنانی ئەزموونی نوێ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئەگەر كەسێك تا ئەم خاڵە نەیتوانیبێت كاریگەری لەسەر جیهان دروست بكات، بە دڵنیاییەوە دوای ئەمە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات.

بەڵام لەم قۆناغەدا زۆر كەس هەست دەكەن كە گەیشتوونەتە كۆتایی ڕێگاكە و لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵە دەكەن و ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم هەستە مامەڵە نەكەن، ئەم هەستە ناڕوات و دوای ئەوە بە چڕی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەك.

هەروەها لەم قۆناغەدا تێگەیشتنمان لە چەمكی "عەشق" پێدەگات و فێر دەبین چۆن خۆشەویستی بكەین.

ئەگەر ئەمە ڕووی نەدا، ئەوە مانای ئەوەیە كە كەسەكە هێشتا لە تەحەددیاتی قۆناغەكانی پێشوودا بەشدارە. ڕەنگە سەرت سوڕبمێنێت كە بزانی زۆرێك لە ئێمە تا ئەم ئاستە هێشتا لە ترس و سۆزەكانی منداڵیدا گیرمان خواردووە!

لەم قۆناغەدا هەندێك كەس دەستبەرداری ئەو ڕۆڵە چەقبەستووییە دەبنەوە كە لە كۆمەڵگادا هەیانبووە و ژیانی خۆیان دەخەنە سەر ڕێگایەكی نوێ.

٨. تەمەنی (٤٩-٥٦)ساڵی، خۆی لەگەڵ بارودۆخی جەستەیی نوێدا دەگونجێنێت.

لەم تەمەنەدا سەرەڕای دابەزینی تەندروستی جەستەیی، دەگەینە لوتكەی تەندروستی دەروونیمان. لە ڕاستیدا دابەزینی تەندروستی جەستەیی وامان لێدەكات زیاتر گرنگی بە خودی ناوەوەمان بدەین.

هەر كێشەیەكی كەسایەتی لەم قۆناغەدا دەتوانێت زۆر سترێس دروست بكات. هەروەها لەم قۆناغەدا دەبێت فێربین بەشێوەیەكی نوێ لەگەڵ خۆماندا بژین و لەگەڵ جەستە نوێ و پیرەكانماندا بگونجێنین.

ئەگەر تا ئەم ئاستە بە ئامانجەكانمان نەگەیشتین، لەوانەیە تووشی خەمۆكی بین، بەڵام دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت كە هێشتا چەندین ساڵ ژیان ماوە.

۹.تەمەنی(٥٦-٦٣)ساڵی.

لەم تەمەنەدا خەریكە هەستەكانمان ئارام دەبێتەوە و ئەو كەسایەتیەی كە هەمانە قبوڵ دەكەین.

بەڵام لەم قۆناغەدا زۆر پرس كە تا ئێستا شاراوە بوون بۆ نموونە ئەو سنوورداركردنانەی كە بۆ خۆمان دروستمان كردووە ئاشكرا دەبن و ئێستا دەمانەوێت خۆمان لێیان ڕزگار بكەین.

هەروەها ژیان لەم قۆناغەدا دەگۆڕێت، بۆ ئێمە قورس دەبێت بەشداری لە چالاكییە گروپییەكان بكەین و ئەو پەیوەندییانەی كە تا ئێستا بەشێك بووین لێیان پێویستیان بە هەڵسەنگاندنەوە هەیە.

كارل یۆنگ، پزیشكی دەروونی و نیچە، نووسەر و فەیلەسوف، گریمانەیەكی تەواویان لەبارەی ئەم قۆناغەی ژیانەوە خستۆتە ڕوو. وروژاندنی پرسیاری "من كێم؟" لەم تەمەنەدا وامان لێدەكات قووڵتر سەیری ڕۆحمان بكەین.

هەرچەندە هەموو كەسێك ئەم بارودۆخانە ئەزموون ناكات، بەڵام ئەم قۆناغە گرنگترین قۆناغی خۆدۆزینەوەیە بۆ زۆربەی مرۆڤەكان.
زۆرجار گەیشتن بەو جۆرە خۆتێگەیشتنە ئازاری لەگەڵدا دەبێت، بەڵام ئەم ئازارە پێویستە بۆ تێگەیشتن و قبوڵكردنی وردەكارییەكان سەبارەت بەوەی ئێمە كێین و هەڵبژاردەی هۆشیاری نوێ بكەین.

۱۰. تەمەنی( ٦٣ -٧٠) ساڵی، دەرفەتێكە بۆ بیركردنەوە لە مردن.

لەم تەمەنەدا دەتوانین بە ئاسانی ئەوانی تر وەك خۆیان قبوڵ بكەین؛ جیاوازیەكانمان لەگەڵ ئەواندا بە شێوەیەكی ئەرێنی هەڵدەسەنگێنین و باش لە كەسانی تردا دەبینین نەك خراپەكانیان لەوان ببینین.

هەروەها لەم قۆناغەدا دەتوانین تێبگەین كە زۆربەی ئەو هەڵبژاردنەی تا ئێستا كردوومانە لە ژێر كاریگەری فاكتەرە دەرەكییەكاندا بوون، ئێستاش كە ئەم گوشارە دەرەكیانە نەماون.

ئەگەر لە ڕابردوودا بە باشی مامەڵەمان لەگەڵ كێشە و خاڵە لاوازەكانی ناوەوەمان نەكردبێت، ئەم قۆناغە بۆ ئێمە سەرلێشێواو دەبێت. هەروەها لەم ماوەیەدا زیاتر بیر لە مردن دەكەینەوە و دەمانەوێت خۆمان لە جیهانی دەوروبەرمان دوور بخەینەوە.

۱۱.تەمەنی (٧٠-٧٧ )ساڵی.

لەم تەمەنەدا سەرنجی ئەو لایەنە شاراوانەی كەسایەتیمان دەدەین كە تا ئێستا پشتگوێمان خستووە. هەستی خۆشەویستی بێ مەرج لە ئێمەدا گەشە دەكات، هەرچەندە لەش وردە وردە لاواز دەبێت، بەڵام ڕۆح بەهێزتر دەبێت و كاریگەریمان لەسەر ئازیزانمان زیاتر دەبێت.

ئەگەر پێش گەیشتن بەم تەمەنە بە شێوەیەكی تەندروست مامەڵەمان لەگەڵ ئەو زەبر و زەنگانە كردبێت، كە لە ژیاندا تووشی بووین، ئەوا ئامادە دەبین بۆ ئەوەی بچینە ناو ئەم قۆناغە و ئارامی تێیدا دەدۆزینەوە.

لەم قۆناغەدا هەست بە پەیوەندیمان بە ڕابردووی جیهان و باوباپیرانمان و كاریگەرییەكانیان لەسەر ئێمە دەكەین و هەموو پۆلە تەحەداكەرەكانی وەك خۆشەویستی یان ئامانجی ژیان بۆمان ڕوون دەبنەوە.

تەنانەت ئەگەر ئاوڕدانەوە لە دواوە هەست بە پەشیمانی بكات، ئەوا دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت كە شتێك نییەلەژیاندا بە ناوی "ژیانێكی تەواو". لە سایەی ئەو سەركەوتنانەی كە لە شكستەكانمان زیاتر بوون، گەیشتوینەتە ئەم ئاستە و ئەم تەمەنە و گەشتێكی تایبەت و تەحەدا و دڵخۆشكەرمان بەسەر بردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP