هەرێم نیوز
سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە قژی خۆی تاشی وەک پشتگیری لە ژینا ئەمینی، کچە 22 ساڵەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە زیندانی پۆلیسی ئەخلاق لە تارانی پایتەختی ئێرانی بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا.
ئەمڕۆ هەینی، 23ی ئەیلولی 2022، باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەلاحەدین دەمیرتاش پەیامی ناوبراوی لە زیندانەوە بڵاوکردەوە سڵاوی بۆ رۆحی ژینا ناردووە و پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند.
دەقی پەیامەکەی دەمیرتاش:
ئازاری هەواڵی کوشتنی مەهسا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە بە هۆی دەرکەوتنی قژیەوە، لە ناخی دڵمانەوە هەست پێ دەکەین.
بەرخۆدان بەرامبەر ستەم و داپڵۆسین بە تەنها بەرپرسیاریەتیی ژنان نییە. وەک پشتیوانییەک بۆ بەرخۆدانی ئازادی و یەکسانی کە ژنان ڕابەرایەتیی دەکەن و بۆ نیشاندانی هاوسەنگەریمان لەگەڵ بەرخودانی ئازادی خەڵکی ئێراندا، لەگەڵ هاوڕێی زیندانم سەلجووق مزراقلی ئەمڕۆ پێکەوە قژمان تاشی. هەموو سیستەمەکانی ستەم و چەوساندنەوە بەرامبەر بەرخودانی گەل، زوو یان درەنگ، دەڕووخێن. هەزار سڵاو بۆ ئەوانەی لە سەنگەری بەرخوداندان.
بۆ مەهسا ئەمینی لە خوای گەورە داوای ڕەحمەت و بۆ خێزانەکەی و گەلەکەمان ئارامگری دەخوازم و سەرەخۆشیان لێ دەکەم. لەگەڵ سڵاومدا، هەستی هاودەنگیی خۆمانتان پێ دەگەیەنم.
٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
زیندانی ئەدیرنە
سەڵاحەدین دەمیرتاش