دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 17/09/2022

كچ و توانجی بەردەوام

بەنان فاروق

توانجدان یەكێكە لە دیاردە هەرە باوەكان و كێشەیەكی گەورەی زۆربەی كچانە، بەجۆرێك كەم كچ هەن ڕووبەڕووی توانج لێدان نەبنەوە، ئەگەرچی توانجدان دیاردەیەكی ناو كۆمەڵە و تەنها ڕووبەڕووی كچان نابێتەوە بەڵكو ڕووبەڕووی كوڕانیش ئەبێتەوە بەڵام بە ڕێژەیەكی زۆر كەمتر لە چاو كچان.

دیاردەی توانجلێدان دیاردەیەكی نوێ نییە و دیاردەیەكە كە لە مێژوویەكی كۆنی هەیە، بۆ ئەو كەسانەش ئاسان نییە دەسبەرداری توانجلێدان ببن، چونكە بووەتە خوو لایان و ناتوانن واز لەو خووە بهێنن و پەروەردەی خێزانەكانیان كاریگەری لەسەر ئەو كەسانە هەبووە، چونكە گەر خێزانەكانیان وا پەروەردەیان نەكەن و خێزانێكی ڕۆشنبیربن بەو جۆرە مناڵەكانیان پەروەردە ناكەن.

بەشێكی زۆری كچان ڕۆژانە تووشی توانجدان دەبنەوە چی لە ناو بازاڕ بێت یان شوێنی كار یانیش لە شوێنی گشتیدا بێت، كە ئەمەش بۆ ئاستی ناڕۆشنبیری كەسی بەرامبەر دەگەڕێتەوە، چونكە ئەگەر كەسەكان ڕۆشنبیربن ناتوانن توانج لەمبەرامبەرەكەیان بدەن، زۆر جار توانج لە جلوبەرگی كچەكە دەدرێت یان لە ماكیاژ و جوانی و شێوەی ڕوخسار و جەستەی كەسەكە، هەندێك كاتیش توانج لەلایەن هەمان ڕەگەزەوە لە ڕەگەزی خۆی دەدرێت بەڵام زیاتر كوڕ زیاتر توانج لە كچ دەدات.

لە هەرێمەی كە ئێمە تیایدا دەژین ئەگەر كچێك ڕەخنە و توانج قبووڵنەكان و وەڵامیان بدانەوە ئەوا كچەكە تاوانبار دەكرێت و پێی دەڵێن كە هەڵەی خۆیەتی و خۆی كەسێكی سووكە ئەگەرنا توانجی لێ نەدەدرا، هەرچەندە كوڕەكە هەڵەی كردبێت هەمیشە كچەكە تاوانبار دەكرێت ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ناڕۆشنبیری و نەریتی ڕەگ داكوتاوی كۆمەڵ كە لە هەموو گرفتێكی نێوان دوو رەگەزەكە، بۆ بیانو دەگەڕێت بۆ تاوانبار كردنی مێینە و بۆ بیانوش دەگەڕێت بۆ باڵادەستی نێرینە، بە هۆی ئەوەی كۆمەڵی ئێمە، كۆمەڵێكی نێرسالارە و دەسەڵاتێكی نێرسالاریش بەڕێوەی دەبات. 

زۆربەی كچان كە مێشكیان پێگەشتوو ئەبێت زۆر گوێ بە توانج نادەن و لایان ئاسایی ئەبێتەوە لەبەرئەوەی ئەزانن كە قسەش بكەن سودێكی نابێت و ئەوان بە تاوانبار دادەنرێن، بەڵام زۆربەی كچانی خوار و هەژدە ساڵ كە توانجیان لێدەدرێت لایان ئاسایی نییە و زۆر خەمی لێدەخۆن و پێی شەرمەزار دەبن و دەروونیان تێكدەدات، پێویستە خێزانەكان كچان و كوڕەكانیان ئاگاداربكەنەوە لە توانجدان و وا كوڕەكانیان پەروەردە بكەن كە توانج لە كچی خەڵكی نەدەن و كچانیش وا پەروەردە بكەن كە گرنگی بە توانج نەدەن و پشت بەخۆیان ببەست.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP