دواین هەواڵ

ڤیدیۆ‌

 29/08/2022

پیرەمێرد سمبولی ئەدەب و ڕۆژنامەگەری کوردی

 بەهەست بەختیار _ سلێمانی

ڕۆژی شەمە (٢٠٢٢/٨/٢٧) لە ڕێکخراوی سی دی ئۆ، بەئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و نوسەران و ڕۆشنبیران مەڕاسیمی ناساندنی کتێبی (پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا)ی نوسەر ( کامەران سوبحان) ڕاگەیاندرا.

حاجی تۆفیق بەگ ناسراو بە پیرەمێرد یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد کە لەبواری ڕۆژنامەگەری کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، بە سمبولی جەژنی نەورۆز دادەندرێت.

نوسەری کتێبی (پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا) کە بەرهەمی نزیکەی (٤) ساڵە کارکردنە تایبەت بە هەرێم نیوز وتی، پیرەمێرد بێجگە لە کەسایەتی خۆی پێگەیەکی یەکجار گرنگی فەرهەنگی لەم شارەدا هەیە، ئەو نووسەرە بوو کە بۆیەکەمین جار چاپخانەی ئەهلی هێنایە شاری سلێمانی هەردوو ڕۆژنامە بەناوبانگەکەی ژین و ژیانی لە سلێمانی دەرکردووە .

وتیشی: کتێبەکە لە چل لێکۆڵینەوە و گێڕانەوەی تایبەت لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە، بەشێکیان گێڕانەوە و چیرۆک و یادەوەری و نوسینەکانی پیرەمێردە، بەشی دووەمیشیان پێکهاتووە لە بەرهەمی خەیاڵ و تەکنیکی نوسینی تایبەت بەخۆم.

کامەران سوبحان ئاماژەی بەوەشدا، زۆر گرنگە کار لەسەر کەسایەتییە مێژووی و گرنگەکانی کورد بکەین، پێشتر لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی ( لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ) کە نزیکەی (٢٥) کەسایەتی کورد بوون لەسەدەی نۆزدە و بیستدا کارم تێدا کردووە و بڵاومکردۆتەوە،بەڵام بەتایبەت کارکردن لە ئەم کتێبەدا گرنگیەکی یەکجار گەورەی هەیە، چونکە پیرەمێرد وەک نوسەر و کەسایەتی کاریگەریەکی گەورەی هەبووە، لە ڕووداو و چالاکیەکانی (٥٠ بۆ٦٠) ساڵی ڕابردووی ئەم شارەدا.

سەبارەت بە گرنگی ئەم کتێبە و کەسایەتی پیرەمێرد سەرگوڵ حەمە ڕەشید ئامادەبووی مەڕاسیمەکە باسی لەوەکرد:، نووسەر پیرەمێردی شاعیر یەکێک لە ئامڕازە گرنگ و گەشاوەکانی شاری سلێمانی، پێویستە گەنجەکانمان سوود لە مێژوو بەڵگەنامەیەکانی ئەم کەسایەتییە وەربگرن، ئامادەکردنی ئەم کتێبە ئەرکێکی ئاسان نییە و چەندین ساڵ شەونخونی نووسەری ویستووە و پێویستە ڕێز لەم کەسانە بگرین.

خوێندنەوەی کتێبەکە لە لایەن دکتۆر نەوزاد ئەحمەد، کراو لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا، لە کتێبەکەدا (کامەران سوبحان) باسی لەسەردەمی پێش پیرەمێرد کردووە تاوەکو سەردەمی ئێستا گەر پیرەمێرد لە ئێستادا لەژیان بوایە چۆن کاریگەری لەسەر ئەم بارودۆخەی ئێستا جێدەهێشت، هەروەها کاریگەری هەموو ئەو شعر و پەندانەی کە پیرەمێرد لە سەردەمی خۆیدا نوسیویەتی بەڵام لە ئێستاشدا لەگەڵ بارودۆخی کۆمەڵگاکەمان یەک دەگرێتەوە.

لەکۆتایدا نووسەر واژووی لەسەر کتێبەکە کردوو ئاماژەی بەوەدا داهاتی ئەم کتێبە بۆکاری خێرخوازی بەکاردەهێنرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP