هەرێم نیوز
سەرپەرشتیاری دروستکردنی پرۆژەی شەقامی 150 مەتری بازنەیی خێرای هەولێر رایگهیاند، له ئێستادا دو بەشی دیکەی پڕۆژەکە کارکردن تیایدا بەردەوامە و بۆ تەواوبونی پرۆژەکەش ڕۆژانە 14 کاتژمێر و نزیکەی دو هەزار کارمەند و 800 پارچە ئامێری جۆراوجۆر کاری تێدا دەکەن و کۆتایی ئەمساڵ ههردو بهشهكه بهڕوی هاوڵاتیاندا دهكرێتهوه.
ئەمیر عبدوالخالق، سەرپەرشتیاری دروستکردنی پرۆژەی شەقامی 150 مەتری بازنەیی خێرای هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند، "شەقامی خێرای 150 مەتری بە گشتی چێوەکەی 70 کیلۆمەترە و بە دەوری شاری هەولێردا دەسوڕێتەوە، ئەو بەشەی کە تەواوکراوە 10 کیلۆمەترە، دوو بەشەکەی دیکە کە کاری تێدا دەکرێت، یەکێکیان 7.6 کیلۆمەترە، ئەو بەشەی دیکەشیان 6.1 کیلۆمەتره، واتا کۆی گشتیی ئەوەی لە ئەستۆی کۆمپانیایە درێژییەکەی 24 کیلۆمەترە''.
دەشڵێت: ''ئەو بەشە لە نێوان شهقامی سەرەکی دهۆک تا هەولێرە، تاوەکو ڕێگای سەرەکی هەولێر- بەحرکەیە کە درێژییەکەی 6.1 کیلۆمەترە، بەڵام وەک ڕوبەری کارکردن وەک ڕێیەکی 75 کیلۆمەتری بە پانیی ههشت مەتر وایە، لەبەر ئەوەی دو شەقامی سەرەکی بە پانیی 19.5 مەتری و دو شەقامی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت، دو یەکتربڕی گەورەی تێدایە، هەروەها دو ژێر پرد و پردێکی سووڕانەوەی تێدایە و 43 سندوقی ئاوبەری جۆراوجۆر لەخۆی دەگرێت'' .
ئاماژەى بەوەشکرد، ''لە 13ی (نیسان/4)ی 2022 دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کرا، ماوەکەی 550 ڕۆژە، بەڵام وابڕیارە بەر لە وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو بکرێت، لەپێناو تەواوبونی خێرای پڕۆژەکەش ڕۆژانە 14 کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت، نزیکەی دو هەزار کارمەند و 800 پارچە ئامێری جۆراوجۆر لە کاردان، هەروەها پڕۆژەکە گشت هێڵکارییەکانی ڕێگا و هێماکانی هاتوچۆ و پەرژینی خۆپاراستن و شۆستە و سیستەمی ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت''.
باسى لەوەشکرد، تەواوبونی ئەو بەشەی رێگای 150 مەتری لەڕوی بازرگانیی و ئابوریی و پیشەسازییەوە گرنگیی زۆری بۆ پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەیە و سەرپەرشیاری پڕۆژەکەش دەڵێت، ''دەروازە بازرگانییە سەرەکییەکانی شار وەک هەولێر- دهۆک و هەولێر- سلێمانی و هەولێر- پیرمام کە بە ڕێگای حاجی ئۆمەرانەوە بەند دەبێت، دەبەستێتەوە، ئەم پێکەوە گرێدانی شەقامە سەرەکییەکان ئاسانکاریی دەکات بۆ ئەوەی بارهەڵگرەکان ئاسانتر جوڵە بکەن و بارگرانیی لەسەر شەقامی 100 مەتری و 120 مەتری دروست نەکەن، لە هەمان کاتدا هەمو ئەو پڕۆژانەی لەسەر ئەو شەقامەن دەبوژێنەوە و ناوچە جیاوازەکان و خزمەتگوزارییەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و هاتوچۆی هاوڵاتییان ئاسان دەکات".