دواین هەواڵ

وەرزش‌

 28/07/2022

مۆندیالى ۱۹۷٨ ئەرجەنتین لە کەشی تۆقاندا

هەرێم نیوز

مۆندیالی 1978 لە ئەمریکای باشوور لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە هەزاران کەس لەلایەن هێزێکی سەربازی تاوانکارەوە لەناو دەبران.  دوو بینا لە گەڕەکی نونیز لە بوینس ئایرێس (پایتەختی ئەرجەنتین) بە دووری دە بلۆک لە یەکتردا ، کە هەڵبژاردەی ئەم وڵاتە ئاهەنگی پاڵەوانێتی مۆندیالی ١٩٧٨ی تێدا گێڕا.  یەکەم یاریگای ناوخۆیی ڕیڤەر پلێت، مۆنۆمێنتال ، کە لە ۲٥ی حوزەیرانی ئەو ساڵە بە “دوو گۆڵی ماریۆ کامپیس و دانیال ئەنتۆنی “ لە کاتی زیادکراودا بە خۆشی تەقیەوەو بووە هۆی پاڵەوان بونی ئەرجەنتین لە یاری کۆتایی بەرامبەر هۆڵەندا.  ئەمە یەکەم پاڵەوانێتی مۆندیالی ئەرجەنتین بوو  لە مێژوودا .

 بەڵام بە مەودایەکی کورت لە یاریگای مۆنۆمێنتالەوە لەسەر ئەڤینیدا لیبرتادۆرێس دەتباتە شوێنێکی شەرمەزاری.

لە هەمان کاتدا کە دانیال پاساریلا جامەکەی ئەرجەنتین لە مۆندیالدا بەرز دەکاتەوە؛  قوتابخانەی میکانیکی دەریایی کە دەکەوێتە نزیک یاریگاکە، بووە ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە بە بیروڕای سیاسی دژایەتی حکومەت یان دەکرد .

 لەو شوێنەی کە زیندانی سیاسی بێشومار لەلایەن خوێنڕێژترین دیکتاتۆری سەربازی ئەمریکای باشوورەوە ئەشکەنجە دەدران.  ئەو تاوانبارانە  ئاهەنگی پاڵەوانێتییان بۆ مەبەستی خۆیان بەکارهێنا.  بۆ ئەوەی پاساو بۆ حکومەتە ناشەرعییەکەی خۆیان بهێننەوە و بە بیانووی ئەوەی کە پێشوازی لە هەموو چین و توێژەکان دەکەن بەڕەخنەگر و نەیارەکانیانەوە، ئەو ئاهەنگەیان بە بانگهێشتێکی گشتی ناوبرد و ئەم ئاهەنگەش گۆڕا بە هۆلۆکۆستێک بۆ کەسانێک کە دژی سیاسەتەکانیانن  بوون.

چیرۆکی چۆنیەتی بەخشینی مۆندیال بە ئەرجەنتین وێنەیەک لە ناسەقامگیری پەککەوتە دەکێشێت کە لە ساڵانی شەستەکان-حەفتاکان وڵاتەکەی گرتەوە. 

 بڕیاری میوانداریکردنی مۆندیال  لەلایەن ئەرجەنتین دوای هەفتەیەک لە کودەتای ژەنەڕاڵ خوان کارلۆس ئەنگویلا درا.  ئەم کودەتایە بووە هۆی ڕووخاندنی حکومەتی دیموکراسی ئارتور ئیلیا و ئامادەکاری بۆ مۆندیال لە ناخی ئەم سەرکوتانە و دژایەتی گشتی بۆ دیکتاتۆری سەربازی دەستی پێکرد.  ئەم دیکتاتۆرییە سەربازییە یاخیبوونێکی چەکدار بوو کە لەلایەن گروپە مارکسیستەکانی ARP و گروپە پێرۆنیستەکانی مۆنتینیرۆوە سەرکردایەتی دەکرا.

 دیموکراسی لە ساڵی ١٩٧٣ گەڕایەوە بۆ ئەرجەنتین و ئەم ڕووداوە هاوکات بوو لەگەڵ گەڕانەوەی خوان دۆمینگۆ پێرۆن لە بیست ساڵ دەربەدەری.  دوای ساڵێک دۆمینگۆ پێرۆن وەک سەرۆکی ئەرجەنتین هەڵبژێردرا، بەڵام زۆری نەخایاند بەهۆی خراپی تەندروستییەوە کۆچی دوایی کرد.

 دوای کۆچی دوایی سەرۆکایەتی چووەتە لای هاوسەری سێیەم و جێگرەکەی (ئیزابێل). ململانێ و ناکۆکی ناوخۆیی زیاتر و زیاتر دووبەرەکی لە وڵاتدا دروست کرد.  ئەم ململانێ و دووبەرەکییە ڕێگەی بۆ کودەتایەکی دیکە خۆش کرد.  ئەو کودەتایە لە ساڵی ۱۹۷٦ روویدا و لەلایەن ژەنەڕاڵ خۆرخی رافایل ڤیدێلا سەرکردایەتی دەکرا.  ئەمە شەشەمین جار بوو لە سەدەی بیستەمدا کە سوپا کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە بکات و ئەم کودەتایەش لە کودەتاکانی پێشوو قێزەونتر و خوێناویتر و سەرکوتکەرتر بوو.

 گرووپەکانی مافی مرۆڤ مەزەندەی دەکەن کە لە ( نێوان ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٨٣ )

٣٠ هەزار کەس بێسەروشوێن بوون.  هەندێک لە کەسە ونبووەکان سەربازە چالاکەکانی گروپەکانی  و مۆنتینێرۆ بوون)، بەڵام زۆرینەی ڕەهای کەسە ونبووەکان ئاشتیخواز بوون؛  واتە کەسانێک لە سەندیکاکان و خوێندکارە چالاکەکان و ڕۆژنامەنوسان و هونەرمەندە دیارەکان و هەرکەسێک  چالاکی ئاشتی خوازانەی هەیە کەنیسەیەکان ، هەرکەسێک دژە هەژاری بوایە و لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم خراپبوون و وێرانکاریەدا چالاک بوایە ڤیدێلا و هاوپەیمانە سەربازییەکانی بڕیاریان دا کە بێ سەرو شوێنی بکە، پڕمشتومڕترین مۆندیال لە دوای مۆندیالی 1938ی بێنیتۆ و مۆسۆلینا ئەم مۆندیالە بوو.

مۆندیال باشترین ڕێگای ڕەخساند بۆ لەناوبردنی وێنە دیکتاتۆریەکەیان ،کە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و کوشتن و بێسەروشوێنکردنی کەسانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا لەگەڵدا بوو.  گوستاڤۆ کامپانا، لە کتێبەکەیدا سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی کە ئەو دیکتاتۆرییە لە پێناو نمایشێکی ساختە و بێ کەموکوڕی گرتووییەتیەبەر، دەنووسێت: "سەرکردەکانی کودەتاکە بە جلوبەرگی سەربازییەوە، مۆندیالیان بە باشترین دەرفەت دەبینی بۆ پەردەپۆشکردنی خۆیان".

کردارەکانیان  و گوناهەکانیان کە دەیانکرد   سیاسەت لە ئەرجەنتین تەشەنەی کردبوو بۆ تۆپی پێ لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچکردنی یاریزانان بۆ ئەوروپا، ئەو لیستە بە دەست هەڵبژاردەی سەرۆکی ڕاهێنەر سیزار لویس مێنۆتی  66 یاریزانی کوالیتی بەرز لە ئەرجەنتین قەدەغە کران لە وەرگرتنی ئۆفەری بیانی واتا ڕێگایان نەدان بچنە یانەکانی ئەوروپا.  دواجار لە لیستی 22 یاریزانی مۆندیال تەنها ماریۆ کامپیس توانی پەیوەندی بە تیپێکی بیانی وەکو ڤالێنسیا بکات لە ئیسپانیا.  هەروەها ڤیدێلا سەرۆک بڕیاریدا شەقامەکان پاک بکاتەوە و بە زۆر خەڵکی دەهێنا بۆ  پاکردنەوەکە ،ئەو کەسانەی کە توانایان کەمترە کە لە نزیک یاریگای مۆنۆمێنتال دەژیان ماڵەکانی پێ چۆڵ کردن و  هەزاران کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.

 تەنانەت مۆسیقاژەنە بەناوبانگەکانیش ناچار بوون هاوکارییان بکەن.  “مۆسیقاژەن و نووسەر جۆرج شوشایم” لە ژیاننامەی خۆیدا دەنووسێت:
لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن یەکێک لە باشترین دەزگاکانی ریکلام لە بوینس ئایرێس ڕاسپێردرام بۆ دیزاینکردنی هەندێک کاری ریکلام بۆ مۆندیال.  ئەنجامی کۆتایی ئەو کارە ریکلامییە بەرهەمێکی ساختەی فاشیست بوو“ بە ناوی ئەرجەنتین خۆشەویستی من"

 دواتر کاتێک جۆرج شوشایم لە گازینۆیەکدا نمایشی دەکرد، ڕووبەڕووی ماسێرا سەرۆکی هێزی دەریایی و ناوەندی دەستبەسەرکردنی سیاسیی (ئیسمی) دەبێتەوە و ماسێرا پێی وت: "ئەوە زۆر نایاب بوو ئەرجەنتین، خۆشەویستیم".  خۆشحاڵم کە هاتیتەوە بۆ لای ئێمە”.  جۆرج شوشایم لە کتێبەکەیدا بەردەوامە و دەڵێت: "من لە مانای ڕاستەقینەی ئەم دەستەواژەیە تێگەیشتم

و لەو ڕاستییەش تێگەیشتم کە ڤیدێلا دەیزانی من کێم".  "تا ئەو کاتەی لەو گازینۆیە گەڕامەوە، بە شێوەیەکی ڕاستی ترسام. “

 ئوبالدۆ فیلۆل، گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 1978 دەڵێت: "تەنها دەتوانین داوای لێبوردن بکەین".  رێک چل ساڵ دوای بردنەوەی مۆندیال، فیلۆل لەگەڵ گراسیا پاڵاسیۆ دی لویز و ئەنخێل پۆلین دی بۆیتانۆ دەگەڕێتەوە بۆ یاریگای مۆنۆمێنتال بۆ پڕۆژەیەک کە حیکایەتەکانی ئەو مۆندیالە بەدبەختە کۆدەکاتەوە. ریکاردۆ هاوسەری لویس  لەگەڵ کوڕە ٢٢ ساڵەکەی بۆیتانۆ بەناوی میگێل لە ٢٩ی ئایاری ١٩٧٦ بێسەروشوێن بوون.  هه‌روه‌ها دوای ساڵێك كچه‌كه‌ی به‌هه‌مان شێوه‌ به‌ ده‌ستی دیكتاتۆریه‌ك تووشی چاره‌نووسێكی هاوشێوه‌ بوو.

 گراسیا لویس دەڵێت: پێموایە هێشتا کاتمان ماوە بۆ قەرەبووکردنەوەی فەزیحەکانی ئەو ساڵانە.  ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە تێدەگەین چی ڕوویداوە، خۆشییەکی بێئەندازەی سەرکەوتنی تیپەکە لە مۆندیال و تاڵیی زانینی ئەوەی کە هاووڵاتیانی وڵاتەکەمان بەو شێوەیە کوژراون".  گراسیا لویس لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەبیرمە باوکم زۆر بەدواداچوونی بۆ یارییەکان دەکرد  تەنانەت من نەمدەتوانی سەیری یارییەکانیش بکەم، چونکە تاکە شتێک کە لەو کاتەدا مێشکی منی داگیرکردبوو، دیارنەمانی هاوسەرەکەم بوو.

 هەموومان زۆر ناڕەحەت بووین چونکە دەمانزانی زۆر شتی بەدبەخت ڕوودەدات کە سەرەڕای مۆندیال پشتگوێ دەخرێت.  بەداخەوە لەو کاتەدا کەس گرنگی بە سکاڵاکانمان نەدەدا.  ژنەکەم ڕفێندرا و بردیانە دەستبەسەری ئیسمی.  لەو شوێنەی کە لە یارییەکاندا گوێت لە هاوار و قیژەی بینەران بوو.

فیلۆل دواتر تێگەیشت کە حکومەت و سەرکردەکانی چەندە مەترسیدارن.  فیلۆل بڕیاریدا لە ساڵی ١٩٧٩ ڕیڤەر پلێت بەجێبهێڵێت.  کارلۆس لاکۆست، دەستی ڕاستی سەرۆکی هێزی دەریایی ماسێرا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵیدا ڕێکدەخات.  فیلۆل دەڵێت: "بانگی کردم بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، دەمانچەیەکی دەرهێنا و لەسەر مێزەکە دانا و وتی دەتوانم واتان لێبکەم ون بیت و کەس بۆنتان نەبیستێت ".  فیلۆل لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: من لەو کاتەدا گەنج بووم و لە مانای ڕاستەقینەی قسەکانی ئەو تێنەدەگەیشتم.  لەگەڵ تێپەڕبوونی کات لە دڵی خۆتدا دەڵێی نەفرەت، دەیتوانی بمکوژێت.  لەو کاتەدا لە گەورەیی ئەو هەڕەشەیە تێنەگەیشتم.  ئەزموونێکی زۆر بە ئازار بوو”.

بەڵام لە دەرەوەی ئەرجەنتین ئامرازی دژایەتیکردنی بەڕێوەچوونی مۆندیال  لە فەرەنسا چەقۆی لێدرا و ئەم دژایەتییە بەڕێکەوت نەبوو.  جگە لە پیلانگێڕانی ناوخۆیی و ناوبانگی خراپ و ناخۆشی دیکتاتۆری لەنێو ئەو کەسانەی کە کراونەتە ئامانج ٢٠ هاووڵاتی فەرەنسی لەنێو بێسەروشوێنەکاندا بوون.

 یەکێک لەو کەیسانەی کە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دۆسیەی دوو راهیب بوو بە ناوەکانی "رێن دۆنی لۆکێت و ئەلیس دومۆنت".  ئەم دوو راهیبه پێش ئەوەی ژەنەڕاڵ ڤیدێلا بێتە سەر دەسەڵات، شیریان بە منداڵە کەم ئەندامەکەی ژەنەڕاڵ ڤیدێلا داوە.  ئەو دوو راهیبە لە دەستبەسەرکردنی زیندانیانی ئیسمی ئەشکەنجە دراون ،پاشان لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٧٧ لەگەڵ زیندانییەکانی دیکەدا خراونەتە ناو فڕۆکە و فڕێدراونەتە ناو رووباری ریۆ دی لاپلاتا.

 لە حاڵەتێکی تردا لە ٢٣ی ئایاری ١٩٧٨ سەرۆکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا میشێل هیدالگۆ چووە بۆردۆ بۆ ئەوەی بە شەمەندەفەرێک بچێتە پاریس و لەوێشەوە بە فڕۆکە بۆ بوینس ئایرێس.  هەرچەندە هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو لەم کارەدا.  لە ناوەڕاستی گەشتەکەدا سێ کەس ئۆتۆمبێلەکەیان ڕاگرتووە و بە دەمانچەیەکەوە، ناچاریان کردووە ئۆتۆمبێلەکە بباتە ناو دارستانەکە؛  هەرچەندە توانی لە دەستی ئەو ڕفێنەرانە ڕزگاری بێت.  ئەو گرووپەی کە بە بارمتە گرتبوو ناوی پرۆلیتاریای چەپی لێنرا، کە دواتر بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و بەرپرسیارێتی ئەو رفاندنە شکستخواردووەیان لە ئەستۆ گرت.

یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەو ساڵانە لە فەرەنسا دەڵێت: "بە ئەنجامدانی چالاکی مرۆیی، ویستمان هاوبەش و هاوبەشی فەرەنسای دوو ڕوو بین، کە هەناردەکاری سەرەکی کەرەستەی سەربازی بوو بۆ ئەرجەنتین؛  فەرەنسا لەو ڕاستییە ئاگادار بکەینەوە و ئیدانەی ئەوە بکەین کە هەڵبژاردەی فەرەنسا بە بەشداریکردن لە مۆندیال پشتگیری لە کۆمەڵکوژی گشتی ڤیدێلا دەکات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دابەشبوون و بڵاوبوونەوەی سپێکتری سیاسی فەرەنسا لەو کاتەدا هەڵبژاردەی ئەم وڵاتە بەشداری لەجامی جیهاندا کرد  " قۆناغی کۆمەڵەکان بە دوو دۆڕان بە ئەرجەنتین و ئیتاڵیا لە پێشبڕکێکان کرایە دەرەوە".

 بەڵام لێرەدا دەبێت جەوهەری ڕاستەقینەی ئەفسانەیەکی درۆینە ئاشکرا بکرێت.  ئەفسانەی هۆڵەندا ناوی "یۆهان کرۆیف" لە مۆندیالی ١٩٧٨ ئامادە نەبوو.  زۆر کەس پێیان وایە هۆکاری ئامادەنەبوونی ئەو ئەو ناکۆکییە مرۆییە بووە کە لەگەڵ حکومەتدا هەیبوو، بەڵام خۆی چەندین جار لە بارودۆخی جیاوازدا باس لەوە دەکات کە بەرفاندنی شکستخواردووی ساڵێک پێش مۆندیال کە خۆی و هاوسەرەکەی بوونەتە قوربانی؛  هۆکارەکەشی ئامادەنەبوونی بوو لەو  مۆندیالەدا.

 یۆهان كرۆیف لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رادیۆی كەتەلۆنیا لە ساڵی 2008 رایگەیاند: "هەڕەشەم لێكراوە بە دەمانچە".  "من و هاوسەرەکەم هەردووکمان داخراو بووین و منداڵەکانمان لە بەرشەلۆنە بوون".  بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خێزانەکەی لە ترس و تۆقاندن و لە ژێر پاراستنی پۆلیسدا بوون، ئامادە نەبوو بەجێیان بهێڵێت.

 یۆهان كرۆیف زیاتر روونیكرده‌وه‌: بۆ ئه‌وه‌ی له‌ مۆندیال یاری بكه‌یت، ده‌بێت له‌ 200% ئاماده‌كاریت بیت (له‌ رووی جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه‌).  "هەندێک جار لە ژیاندا بەهاگەلێک هەن کە گرنگترن لە یاری تۆپی پێ".

 یاری کۆتایی بە قازانجی ئەرجەنتین کۆتایی هات.  ڤیدێلا و جێگرەکانی شاهیدی ئەم شەرەفە بوون.  یارییەکە بە هەمان شێوەی خەڵکی ئەرجەنتین کۆتایی هات؛  کاپتن پاسارێلا لە یاریگایەکی پڕ لە خەڵکدا جامەکەی بەرزکردەوە.  ئەلبی سێلێست لەم جامەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی سەخت بووەوە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناغی کۆتایی، 

ئەم تەحەدایانە ئەم پاڵەوانێتییەیان کردە یەکێک لە مشتومڕترین پاڵەوانێتییەکان.

بۆ ئەوەی ئەرجەنتین لە قۆناغی دووەمی کۆمەڵەکاندا سەرکەوێت بۆ قۆناغی کۆتایی، پێویستی بە بردنەوەی پێرۆ هەبوو بە جیاوازی چوار گۆڵ بۆ ئەوەی بە جیاوازی گۆڵێکی باشتر لە بەرازیل سەرکەوێت بۆ یاری کۆتایی.  دوو گۆڵی (کەمپیس و لیۆپۆڵدۆ لوکێ و گۆڵەکانی ئەلبێرتۆ تارانتینی و رێن هاوسمان ) بەو مانایە بوو کە سەرکەوتوو بوون بۆ یاری کۆتایی، بەڵام لەو کاتەوە شێوازی بردنەوەیان و کوالێتی یارییەکەیان لەم یارییەدا مشتومڕی لەسەرە.  دۆزینەوەکانی ساڵانی ڕابردوو وێنەیەک پیشان دەدەن کە تێیدا ژەنەڕاڵ "ڤیدێلا "پێش دەستپێکردنی یارییەکە لە ژووری جلگۆڕینی پیرۆ ئامادە بووە.  بە شێوەیەکی سروشتی ئەم دۆزینەوانە گومانەکانی لە ئەنجامی یارییەکە چڕتر کردووەتەوە.

 فرانسیسکۆ مۆرالێس بێرمودێز، سەرۆک و دیکتاتۆری سەربازیی پیرۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێل کۆمێرسیۆی پیرۆ لە میانی مۆندیالی ٢٠١٤ وتی: ڤیدێلا هەڕەشەی لێکردن.  "شتێک لەو ژوورە جلگۆڕینەدا ڕوویدا و هەندێک بەرتیل و پارە پێشوەختە ئەنجامی ئەو یارییە دیاریکرد".

 مۆرالێس لە ساڵی ٢٠١٧ لە دادگای ئیتاڵیا بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.  لە حاڵەتێکدا کە هاوکارییەکی ڕوون لە نێوان حکومەتەکانی ئەمریکای باشوور لە ژێر چاودێری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەبوو.  لە کاتی بزووتنەوەیەکدا بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی کۆندۆر" نەیارە سیاسییەکانیان بنبڕ کرد.

 یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی پیرۆ، خوان کارلۆس ئۆبلیتاس، بوونی ڤیدێلا لە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەی پیرۆ پشتڕاست دەکاتەوە و کاریگەریی ئامادەبوونی دیکتاتۆر لەسەر ئەنجامی یارییەکە پشتڕاست دەکاتەوە.  دەڵێت: "ئامادەبوونی لە ژووری جلگۆڕین ترسناک بوو".  ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک لە یاریزانە گەنجەکانی تیپەکە ئامادەکارییان بۆ یارییەکە وەستاند بۆ ئەوەی گوێی لێبگرن.

هەروەها هیکتۆر چامپیتاز، هاوڕێی هەڵبژاردەی خوان کارلۆس لە مۆندیالی ١٩٧٨، قسەکانی پشتڕاست دەکاتەوە.  لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی 1988 وتی: ڤیدێلا لەبەردەممان وەستا و باسی لەو برایەتییە کرد کە لە نێوان وڵاتانی لاتینیدا هەیە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.  "ئەو زۆر ترسناک بوو."

هەروەها کامپانا لە کتێبەکەیدا گرنگی بەم خاڵانە دەدات و ئەو پرسیارە دەخاتە مێشکی خوێنەرەوە کە ئایا تیپی پیرۆ لەو مۆندیالەدا لەلایەن حکومەتەکەی ڤیدێلاوە ترساو و ناچار بووە بەرتیل وەربگرێت؟  ئەمە پرسیارێکە تا ئەمڕۆش بە نهێنی ماوەتەوە و هیچ دڵنیایییەکیش لەو بارەیەوە نییە.

 لە کۆتاییدا هەموو فێڵ و ڕێکارەکانی ڤیدێلا و بەڕێوە بردنی مۆندیال بەس نەبوو بۆ ئەوەی وێنەیەکی بێتاوان و ئاشتیانەی ڤیدێلا پیشان بدات.  ڤیدێلا خۆی لە ساڵی ١٩٨١ لە ململانێی دەسەڵاتی ناوخۆیی لە حکومەت دوورخرایەوە؛  لە کاتێکدا دوای دوو ساڵ شاهیدی ڕووخانی حکومەتی دیکتاتۆر و دووبارە دامەزرانی دیموکراسی بووین.  ڤیدێلا لە ساڵی ٢٠١٣ لە زینداندا دوای ئەوەی تۆمەتبار کرا بە رفاندن و کوشتن و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی کۆچی دوایی کرد، بەڵام میراتی ئەو مۆندیال هەمیشە لە کەشێکی پڕ لە ترس و مەرگدا بۆنی لێدەکرێت.  ئەو ڕووداوانەی کە چوار دەیە لێکترازانیان لێکەوتەوە لەنێوان گەلی ئەرجەنتین، دوای ئەوەی مۆندیالیان بردەوە.

 سەرچاوە: پێگەی گۆڵ



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP