دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/06/2022

سێ ڕۆژ ماتەمینى ڕاگەیەنرا

هەرێم نیوز

وەزارەتى خوێندنى باڵا، بەبۆنەى کوژرانى دوو مامۆستاکە، زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى ڕاسپارد بە داگرتنى ئاڵاى وەزارەت و زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى سێ رۆژ و ڕاگرتنى سەرجەم چالاکییە زانستییەکان و مەراسیم و بۆنە و ئاهەنگەکانى دەرچون لەسەرجەم زانکۆکانى حکومى و تایبەت بۆ ماوەى سێ ڕۆژ.

بۆ شەهیدکردنى هەریەک لە (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و (د.ئیدریس حەمەخان) مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى لەهەمان زانکۆ، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ماتەمینى سەرتاسەرى لەسەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکان ڕادەگەیەنێت و چەند بڕیارێکیش لەبارەى بۆنەو چالاکییە زانستییەکان لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەردەکات.

بەگوێرەى ڕاگەیەنراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا، نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى (2022/6/28) بەئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى و فەرمانبەران و مامۆستایان، ڕێوڕەسمێکى ماتەمینى بۆ شەهیدکردنى هەیەک لە (د. کاوان ئیسماعیل) ڕاگرى کۆلێژى یاساى زانکۆى سەڵاحەدین و (د.ئیدریس حەمەخان) مامۆستاى کۆلێژى ئەندازیارى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچو.

ئەوەشخراوەتەڕو، لەسەرەتاى ڕێوڕەسمە ماتەمینیەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەریەک لە مامۆستایانى شەهید دوو مامۆستاو ئەکادیمى بەتواناو شارەزاو لێهاتوى زانکۆى سەڵاحەدین بون و لە ڕوداوێکى چاوەڕوان نەکراو و نەخوازراودا شەهید کران. بۆیە وەک وەزارەتەکەمان پرسەو سەرەخۆشى ئاراستەى کەسوکارو خانەوادەى مامۆستایانى شەهید دەکەین و هیواى چاکبونەوەى خێراش بۆ بریندارەکە دەخوازین.

ئاماژە بەەشکراوە، هەروەها بەتوندى ئیدانەى ئەم جۆرە دەست درێژیانە دەکەین و لەپێناو سەروەرى یاساو پاراستنى حەرەمى زانکۆکان هەمو ڕێکارێکى یاسایی دەگرینە بەر، هیواشمان وایە هەمو مامۆستایان و خوێندکاران و کۆمیونیتى ئەکادیمى زانکۆکان پێکەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەى بەرپرس بین و نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمى زانکۆکانمان و پەرەبسێنێت.

باس لەوەشکراوە، هەر لە وتەکەیدا د. ئارام محمد قادر، زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى ڕاسپارد بە داگرتنى ئاڵاى وەزارەت و زانکۆکان و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ماوەى سێ رۆژ و ڕاگرتنى سەرجەم چالاکییە زانستییەکان و مەراسیم و بۆنە و ئاهەنگەکانى دەرچون لەسەرجەم زانکۆکانى حکومى و تایبەت بۆ ماوەى سێ ڕۆژ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP