هەرێم نیوز
سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزەگار و وتاربێژی گوندی "کونە مێشکە" سەربە شاری سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
ئاژانسی هەواڵیی کوردپا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ڕایگەیاند، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ فەرمانی دادگا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم پیاوە ئایینییە کوردە و دەستبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: بنەماڵەی مامۆستا عەبدوڵڵا بەرزەگەر بەدواداچوونیان بۆ زانینی چارەنووسی و شوێنی دەستگیرکردنی کردووە بەڵام تا ئێستا هیچیان دەستنەکەوتووە.
ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە، تا ساتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی ئەم پیاوە ئایینییە کوردە لە ئارادا نییە.