هەرێم نیوز
بەگوێرەی راپۆرتی سێیەمی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی ناوی چوار هەزار و 189كەس دەستنیشانكراون كەدووموچەیان وەرگرتوە موچەكەنيشیان راگیراوەو بەهۆی چاكسازییەكانیشەوە مانگانە زیاتر لە 2 ملیار دینار بۆ حکومەت گەڕاوەتەوە.
لە راپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوەشهاتوە، لە رێکخستنەوەی ماف و ئیتمیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسییدا مووچەی 13 هەزار و 282 بەخێوکەر بە فەرمانی وەزاری ژمارە 48 لە 6ی کانوونی دووەمی 2021 بڕدراوە، بەوەش مانگانە بڕی 996 ملیۆن و 150 هەزار دینار گەڕاوەتەوە بۆ داهاتی حکومەت.
وردەكاری ئەو دۆسێ یانەی كە چاكسازی تێدا كراوە:
-دۆسیەی 163 کەمئەندامی سەنگەر کە کۆچی دواییان کردووە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان گواستراوەتەوە، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ واریسەکانیان؛ هەروەها هەزار و 18 دۆسیەی شەهیدی شەڕی داعش لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون گواستراوەتەوە.
-ژمارەی ئەو زیندانە سیاسییانەی کۆچی دواییان کردووە 145 کەسن و بەگوێرە یاسای خانەنشینی مامەڵە لەگەڵ واریسەکانیان کراوە، لەوانە 62 زیندانی سیاسی کۆچکردوو وارسەکانیان وەرگرتنی مووچە نایگرێتەوە و 83 وارسی زیندانی سیاسی کۆچکردووش مووچەکانیان کەمکراوەتەوە، ئەوەش بەگوێرەی یاسای خانەنشینی بەرکار.
-بڕیاری خەرجکردنی بڕی 19 ملیار و 686 ملیۆن و 472 هەزار و 600 دینار لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ کرێی خوێندنی کوڕ و کچانی هاوژینی شەهید و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی یان یەکێک لە منداڵەکانیان، بەگوێرەی رێنمایی دارایی ژمارە 23ی ساڵی 2020 بە داشکاندنی 25% و ئەو بڕە پارەیەش دراوە بە قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆ ئەهلییەکان، کە تاوەکو ئێستا 18 ملیار و 64 ملیۆن و 547 هەزار و 600 دیناری خەرج کراوە.
-لە سەرەتای کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 77 هەزار و 421 کەمئەندام مووچەیان لە وەزارەتی کاروکاروبای کۆمەڵایەتی وەردەگرت و لە کابینەی نۆیەمدا بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران 13 هەزار و 147 کەمئەندام زیادکران، بەوەش ژمارەکە بووە 90 هەزار و 568 کەس کە مووچەیان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی وەردەگرت. دوای بەدواداچوون و وردبینی مووچەی 4 هەزار 291 کەس بەهۆی نایاساییبوون یان تەواوبوونی هۆکاری پێدانی مووچەکەیان کە ژمارەیەک لەو کەسانە کۆچی دواییان کردبوو بڕا و بەوەش ژمارەی کەمئەندامان بۆ 86 هەزار و 277 کەس کەمبووەوە. بەگوێرەی یاسای چاکسازیش 13 هەزار و 249 فەرمانبەری پەککەوتە مووچەکانیان گواستراوەتەوە وەزارەتەکان کە وەکو دەرماڵە بۆیان خەرج دەکرێت و تاوەکو مانگی 4ی ساڵی 2022 ژمارەی کەمئەندامان کە مووچە لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی وەردەگرن 73 هەزار و 339 کەمئەندامە.
-لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری، لیستی ناو و زانیاری 4 هەزار و 189 کەسیان دەستنیشانکردووە کە لە دوو جار زیاتر لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار کرابوون بەم شێوەیەی خوارەوە:
1- پارەی دوو مووچەیی هەزار و 973 کەس لە خانەنشینان بەهۆی بڕینییەوە گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت بریتییە لە 515 ملیۆن و 334 هەزار و 818 دینار.
2- دوو مووچەیی (فەرمانبەر – خانەنشین) بەشێوەی نایاسایی هەزار و 849 کەس بووە؛ ئەو پارەی بەهۆی بڕینییەوە گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت بریتییە لە 587 ملیۆن و 823 هەزار و 476 دینار.
3- دوو مووچەیی (فەرمانبەر) بەشیوەی نایاسایی 367 کەس مووچەیان وەرگرتووە؛ بڕی ئەو داهاتەی بەهۆی لێبڕینەوە گەڕاوەتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان 150 ملیۆن و 468 هەزار و 297 دینار بووە.
کۆی داهاتی گەڕاوە بەهۆی هەر سێ جۆرەکەی لێبڕینەوە، ملیارێک و 253 ملیۆن و 626 هەزار و 591 دینار بووە بۆ داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان.
لە راپۆرتی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەبارەت بە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ چەند داتا و زانیارییەک خراوەتەڕوو کە بەمشێوەیەن:
-پڕۆسەی رێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێش رێککەوتی 1ی تەمموزی 2020 بە جۆرێک بووە کە ژمارەی لیوا هاوبەشەکان 14 لیوا بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 19 لیوا و میلاکی وەزارەت لە 43 هەزار و 347 پێشمەرگەوە بووەتە 56 هەزار و 575 پێشمەرگە، هەروەها فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانی یەک و دووش خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.
-ئەو پێشمەرگانەی تاوەکو 1ی تەمموزی 2020 مووچەیان لە بانک وەرگرتووە 5 هەزار و 818 پێشمەرگە بوون؛ ئەو ژمارەیە تاوەکو 1ی نیسانی 2022 گەیشتووەتە 33 هەزار و 800 پێشمەرگە.
بواری خانەنشینی:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوامە لە کارکردن بە پشتبەستن بە رێنمایی دارایی ژمارە (13)ی ساڵی 2020 تایبەت بە یەکخستنی خانەنشینی ئەوانەی لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (7)دا هاتوون:
پلەی خانەنشینی:
دادوەر - 113 دادوەر بە کرداری پۆستەکانیان هەبووە؛ ژمارەی خانەنشینی هەموارکراو 113 دادوەر.
پەرلەمانتار - 325 پەرلەمانتاری بە کرداری پۆستەکانیان هەبووە؛ ژمارەی خانەنشینی هەموارکراو 171 پەرلەمانتارن.
وەزیر - 141 وەزیر بە کرداری پۆستەکانیان هەبووە؛ ژمارەی خانەنشینی هەموارکراو 51 وەزیرن.
راوێژکار - 297 راوێژکار بە کرداری پۆستەکانیان هەبووە؛ ژمارەی خانەنشینی هەموارکراو 297 راوێژکارە.
بەڕێوەبەری گشتی - 416 بەڕێوەبەری گشتی بە کرداری پۆستەکانیان هەبووە؛ ژمارەی خانەنشینی هەموارکراو 369 بەڕێوەبەری گشتییە.
-وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانی وەزاری ژمارە (11595) لە 24ی تەمووزی 2021 لە قۆناخی یەکەمدا دۆسییەی 2 هەزار و 424 خانەنشین کە (خانەنشینی سەربازی، خانەنشین بە هۆکاری تەندروستی، خانەنشینی کۆچکردوو) بوون، لیستی مووچە و میلاکیان گواستراوەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
-لە قۆناخی دووەمدا وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە (18262) لە 1ی کانوونی یەکەمی 2021 دۆسیەی 136 خانەنشینی دیکەی گواستووەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
قەرزە بازرگانییەکان:
-پڕۆسەی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە لە یاسای چاکسازی، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان دەستیپێکردووە و لە کۆی گشتی قەرزە بازرگانییەکان کە بڕی 429 ملیار و 386 ملیۆن و 938 هەزار و 988 دینارە، بە سوودی کەڵەکەبووی بانکییەوە دەبێتە بڕی 969 ملیار و 402 ملیۆن و 815 هەزار و 849 دینار، تاوەکو ئێستا بڕی 41 ملیار و 244 ملیۆن و 199 هەزار و 407 دیناری گەڕاوەتەوە و تائێستاش 169 مووڵک بەرامبەر قەرزەکانی ئاسانکاری بانکی رەهن کراون.
سیستمی بایۆمەتری:
لیژنەی باڵای بایۆمەتری بە بڕیاری ژمارەی (65) ئەنجوومەنی وەزیران پێکهات و تائێستا ئەم کارانەی ئەنجامداوە:
1-تەواوبوونی سیستمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچەخۆران کە لە وەشانی یەکەمدا بریتییە لە تۆمارکردنی مووچەخۆر بۆ یەکە ژمێریارییەکان، بە دیجیتاڵکردنی رێڕەوی خشتەی مووچە و کارکردنی یەکە ژمێریارییەکان لەسەر لیستی مووچە.
2-تەواوبوونی سیستمی دیجیتاڵیی گواستنەوەی مووچە، کە لە رێگەی سیستمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچەخۆرانەوە ئەنجام دەدرێت.
3- تەواوبوونی سیستمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان، کە ئەمەش بەشێکە لە سیستمی دیجیتاڵی بەڕێوەبردنی مووچەخۆران.
4-تەواوبوونی رێژەی 80%ی دروستکردن و گەشەپێدانی پرۆگرامی نوێی بایۆمەتری کە لە توانایدایە لە هەمان کاتی تۆمارکردن، ژمارەی کەسی بێهاوتا بەردەست بخات.
5-تەواوبوونی ژێرخانی (API) بۆ پرۆگرامی بایۆمەتری، کە بەکاردێت بۆ پێدانی زانیاری کەسی تۆمارکراو بۆ ئەو سیستمانەی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها دانانی هەژماری کەسی بێهاوتا وەکو بنچینەیەک بۆ پێدانی ئەو زانیارییانە.
و رادەستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لەدوای رادەستکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ مووچەخۆران وەکو تێبینی گەڕێندراونەتەوە بۆ لیژنەی باڵا.
7-رادەستکردنی 433 هەزار و 213 ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە دوابەدوای پاکتاوکردن و راستکردنەوەی گشت هەڵەکان، ئامادەکراون بۆ بەکارهێنان. هەروەها کار لەسەر 9 هەزار و 927 ژمارەی کەسی بێهاوتا دەکرێت لەلایەن لیژنەی باڵای بایۆمەتری کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم داتایە رادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکرێت.
8-پڕۆسەی بایۆمەتری بەردەوامە بۆ کەیسە کێشە لەسەرەکان یان ئەوانەی تاوەکو ئێستا دواکەوتوون لە تۆمار کردن.
9-لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، مۆدێرنکردنی بەڕێوەبردن و بەردەستکردنی سیستمەکانی قۆناخی (2)ی بایۆمەتری لە رێگەی دامەزراندنی سیستمەکانی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی تایبەت، پێناسی دیجیتاڵی بۆ 456 هەزار و 216 کەس کە رێژەی 100%ی فەرمانبەرانی شارستانی لەخۆدەگرێت ئامادەکراوە. ئەم پێناسە جگە لەوەی وەکو ژمارەی بانکی خاوەنەکانیان بەکاردێت، رەخسێنەری گشت خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانن. پێناسی دیجیتاڵی کرۆک و کلیلی سیستمی زانیاری دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە.
-دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن پلە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ئەو فەرمانبەرانەی بە پلەی شارەزا کە ژمارەیان 496 فەرمانبەرن و بەگوێرەی ئەو یاسایە خانەنشین کرابوون مووچەکانیان هەموار کرایەوە، ئێستا ئەو کەسانە یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردوە و ئەم یاداشتەش خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.