هەرێم نیوز
لەبارەی مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش نزیکبوونەوەی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە. ئەو شاندەی عێراق کە لە هەولێر بوون دوێنێ گەڕاونەتەوە، شاندێکی کوردستانیش ئەمڕۆ چووەتە بەغدا و کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان کردووە.
بەرپرسێکی باڵای کورد لە بەغدا بۆ میدیای پارتی ئاشکرای کردووە، ئەو شاندە تەکنیکییەی حکومەتی عێراق کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی هەولێریان کرد، دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئێوارەی دوێنێ هەینی گەڕاونەتەوە بەغدا. ئەمڕۆ شەممەش شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدایان کردووە و کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان کردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو کۆبوونەوانەی کراون ئەرێنی بوون، هەردوولا هەولێر و بەغدا لە ڕێککەوتن نزیکن، بەهۆی ئەرێنی بوونی گفتوگۆکان ئەمڕۆ شاندێکی کوردستان چووەتە بەغدا. لەم ڕۆژانە ههولێر و بهغدا بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی مووچە و هەناردەكردنهوهی نەوت دەدەن.
لە کۆبوونەوەکاندا قسە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕازی بکرێن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەنەوە لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ.
گفتوگۆش دەکرێت لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و زیادکردنی پشکی حکومەتی عێراق لە داهاتی ناوخۆی کوردستان، ئەمە یەکێک لە داواکارییەکانی بەغدایە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش داوا دەکات، شایستە داراییەکانی بەتەواوی پێبدرێت، واتە جگە لە مووچە پشکی خۆی لە بودجە بەتەواوی پێبدرێت.
بەپێی زانیارییەکان، سبەی یەکشەممە پرسەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا زیاتر یەکلایی دەبنەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی وتووە: ئەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ لە بەغدا کراوە لەبارەی نەوت بووە و نوێنەری ئەوانی تێدا نەبووە. واتا ئەو شاندەی ئەمڕۆ چووەتە بەغدا نوێنەری وەزارەتی دارایی لەگەڵ نەبووە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وتیشی: ئەگەر هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت ڕێککەوتن، ئینجا گفتوگ لەسەر داهاتی ناوخۆ دەکرێت، بەغدا داوا دەکات مانگانە 50%ی داهاتی ناوخۆیان بۆ بنێرین، چونکە بەپێی ڕێککەوتنی پێشتر ئێمە تەنیا نیوەی داهاتی گومرگ و باجیان پێدەدەین.