دواین هەواڵ

کلتور‌

 20/06/2022

کتێبی ئەو گوڵەگەنمانەی بوونە گسک

د. موحسین ئەحمەد عومەر

خەسڵەتی شیعری تەلعەت تاھیر پەیوەندی بە ڕوانین و ئایدیا و تایپی ئەو فۆرمە ئەدەبیەی دواجار تێکستی ئەو ھەیەتی دەیەوێ بیخاتەڕوو، ئامانجی یەکەم و کۆتایی ئەزموونی تەلعەت تاھیر تا ئێستا شیعر و شیعرییەت بووە.

تێکستەکانی ئەو بریتین لە شیعر و پەخشانە شیعر یان ھەر پەخشانە شیعر بە تەواوی بێ ھیچ فۆرمێکی دی، بێگومان ئێمە ئەم ناوەی لێ دەنێین ئەگینا بۆ خۆی تا ئێستا ھیچ ناوێکی لە تێکستەکانی خۆی نەناوە. تەلعەت تاھیر لە بنیاتنانی شیعریەت یان لە بنیاتنانی فەزایەکی جوانیناسانە ھەوڵدەدا سوود لە ھەموو ھەڵکەوت و پەیوەندی مرۆیی و ماددەیەک وەرگرێ، ھەموو ئەمەش خۆی لە واقیعی داڕووخاوی کورد دەبینێتەوە، وەک نەمانی خۆشەویستی، سەختبوونی ژیان، بوونی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی زۆر، نەمانی متمانە... بە گشتی ڕووخانی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بێگومان جۆرێک لە نیگەرانی و خوێندنەوە و خۆدیتنەوە لە ناو جیھان دروست دەکەن، فشارێکی ویژدانی و روحی و بگرە میتافیزیکیش دروست دەکەن، دەتوانم بڵێم ھەموو شیعرییەتی تەڵعەت تاھیر لەوەدا کۆدەبێتەوە:

ئەو ھەوڵدەدا تێکستێک بەرھەم بھێنێ لە یەک کاتدا گەڕانە لە جوانی لە ھەمان کاتدا واقیعی داڕووخاویش دەخاتەڕوو، ئەمەش واتە گەڕان لە جوانی، یان ئەو لە ناو کوێرەوەری مرۆیی دەیەوێ لە جوانی و متمانە بگەڕێ، جیھانێکی جێگیر بنیات بنێ، ئازاری تیا نەبێ، دەیەوێ بە ھەستیارییەکی ناکام و سرک و ناجێگیر جیھانێکی جوان و جێگیر بنیات بنێ، ئەمەش ھەر ئەو جوانی ھەر ئەو ھەقیقەتەیە کە ناوەڕۆکی باڵای ئامانجی ھەموو شیعرێک و تێکستێکی ئەدەبییە.

لەم کتێبە مەجازێکی گەڕان و بنیاتنانی خەیاڵی جوانیناسانە لە ناونیشانەکەیەوە دیارە، گوڵەگەنم ھەردەم وێنای جوانی و جیھانی پۆزەتیڤ بووە، بەڵام گسک ئەو دژەیە وەک وێنای واقیعی داڕووخاو یان قورسایی واقیع خۆی ڕەپێش دەخا، دروستکردن یان داھێنانی ئەم پارادۆکسە ناوەڕۆکی ئەو شیعرییەتەیە تەڵعەت لە تەواوی ئەزموونی خۆی دەیەوێ بیگەیەنێ.

ئەمە کورتەی ئەو ئاخاوتنەی من بوو وەک پێشەکییەک لە ڕۆژی ئیمزاکردن و پێشکەشکردنی کتێبەکە لە کتێبخانەی ئاشتی بە ئامادەبوونی شاعیر خۆی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP