هەرێم نیوز
سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگەیاند، رۆژنامه‌وانی ئه‌ركێكی پیرۆزه و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه، پێمخۆشه رۆحیه‌تی بیناكردن و دروستكردن و به‌ره‌وپێشچوون له هه‌موو راگه‌یاندنه‌كاندا ره‌نگ بداته‌وه.
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ئاماژەی بەوەش کرد، راگه‌یاندن له هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌وره و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ بۆ خه‌ڵكی كوردستان، بۆیه پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه، كه ئایا راگه‌یاندن هه‌واڵ ده‌گه‌یه‌نێت، یانیش هه‌واڵ دروستده‌كات؟ من پێموایه بۆ راگه‌یاندن راستگۆیی له هه‌موو شتێك گرنگتره، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی خۆمان له هه‌موو باشه، چاكه، خراپه، ره‌خنه و گیروگرفته‌كان ئاگادار بكه‌ینه‌وه.
دەشڵێت، ده‌بێت به‌ر له هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ خۆمان و خه‌ڵكی خۆمان راستگۆبین، بۆیه من چاوه‌ڕوانی ئه‌وه له هه‌موو راگه‌یاندنه‌كان ده‌كه‌م، هه‌موو شتێك وه‌ك خۆی سه‌یر بكرێت و بگوازرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ره‌خنه هه‌بێت، پێویسته كاریگه‌رییه‌كه‌ی بۆ چاككردن بێت، ئێمه له‌وه سڵ ناكه‌ینه‌وه كه ره‌خنه له ده‌سه‌ڵات بگیرێت، یانیش ئاماژه به كاره نادروسته‌كان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی چاككردنه‌وه‌ی بۆ بده‌ین.
باسی لەوەش کرد، هه‌ر راگه‌یاندنێك ئه‌جێندایه‌ك و به‌رنامه‌ی خۆی هه‌یه، چ ئه‌وانه‌ی ئه‌جێندایه‌كی سیاسی‌یان هه‌یه، یانیش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ده‌یانه‌وێت په‌یامی خۆیان به خه‌ڵك بگه‌یه‌نن یانیش رای گشتی دروست بكه‌ن.
ئەوەشی خستەڕوو، نابێت گه‌یاندنی په‌یام ته‌نیا بۆ ئه‌وه بێت ئێمه سه‌یری رووداوه‌كان بكه‌ین، به‌ڵكو هه‌ندێك شت هه‌یه كه به‌لای منه‌وه گرنگه، ئه‌ویش هێڵه سووره‌كانی نیشتمانپه‌روه‌ری و پاراستنی ئه‌زموونی كوردستانه، هه‌ر ره‌فتارێكی نابه‌جێ له‌م وڵاته به‌بێ جیاوازی كاریگه‌ری بۆ سه‌ر هه‌موومان هه‌یه، بۆیه پێموایه ئێمه ئه‌ركێكی هاوبه‌شمان هه‌یه، ئه‌ویش پارێزگاریكردنه له‌و هێڵه سوورانه‌ی په‌یوه‌ندییان به پاراستنی ئه‌زموونی كوردستانه‌وه هه‌یه. چونكه ئه‌م ئه‌زموونه به خوێنی هه‌زاران شه‌هید هاتووه‌ته دی و قوربانییه‌كی زۆری بۆ دراوه، خه‌ڵكێكی زۆر پێیه‌وه ماندوو بووه، بۆیه ئه‌ركی سه‌ر شانی ئێمه‌یه، كه هه‌رچی به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیشمان هه‌بێت، پێویسته له چوارچێوه‌ی ئه‌م هێڵه سووره‌دا بهێڵینه‌وه و نه‌هێڵین به هیچ شێوه‌یه‌ك لایه‌نێك كه ناحه‌زی ئه‌زموونی كوردستان بووه، سوود له ده‌رفه‌تێك وه‌ربگرێت، كه له ئه‌نجامدا زیان به خه‌ڵكی كوردستان بگات.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له درێژه‌ی وتەکانیدا جه‌ختیكرده‌وه، پێمخۆشه رۆحیه‌تی بیناكردن و دروستكردن و به‌ره‌وپێشچوون له هه‌موو راگه‌یاندنه‌كاندا ره‌نگ بداته‌وه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه كه ره‌خنه نه‌گرین یان باسی كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان نه‌كه‌ین، به‌ڵام چۆنیه‌تی باسكردن مه‌به‌ستی چاككردن بێت، مه‌به‌ستی ئه‌وه بێت كه به هه‌ڵه‌كانی خۆمان بزانین، بۆ ئه‌وه‌ی چاكیان بكه‌ینه‌وه.
وتیشی، هه‌ندێك جار كاتێك باسی هه‌ڵه‌كان ده‌كرێت، تێبینی ئه‌وه‌مكردووه كه شتی بچووك زۆر گه‌وره ده‌كرێت، زۆرجاریش كه شتی باش كراوه، به‌داخه‌وه له راگه‌یاندنه‌كان ره‌نگ ناداته‌وه، بۆیه ده‌ڵێم: بابه‌تی راستگۆیی گه‌یاندنی په‌یامه وه‌ك خۆی و ئه‌وه‌ی خراپه باس بكرێت، له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وه‌ی چاكیشه باس بكرێت، یانیش هیچ نه‌بێت رێگه له شته باشه‌كان نه‌گیرێت و چه‌واشه نه‌كرێن و چاوپۆشی‌یان لێ نه‌كرێت، وا نه‌بێت كه خه‌ڵك هه‌ست به‌وه نه‌كات كه له واقعدا چی رووده‌دات.
باسی لەوەش کرد، بێگومان ئێمه گرفتمان زۆره و له ناوچه‌یه‌كی زۆر قه‌یراناویدا ده‌ژیین، گۆڕانكاری زۆر له ده‌وروبه‌رمان به‌دی ده‌كرێت، ئێمه گیرۆده‌ی چه‌ندین قه‌یران بووین، چ قه‌یرانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یانیش مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان بێت له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌مان، یانیش قه‌یرانی ئابووری، به‌داخه‌وه له‌م كابینه‌یه هه‌ر زوو رووبه‌ڕووی قه‌یرانی په‌تای كۆرۆنا و چه‌ندین نه‌خۆشی دیكه بووینه‌وه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری هه‌م له‌سه‌ر ئه‌دای حكومه‌ت و هه‌میش له‌سه‌ر بژێوی ژیانی خه‌ڵك هه‌بووه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ئێمه توانیومانه به‌گوێره‌ی توانای حكومه‌ت له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان به‌رده‌وام بین، ئه‌گه‌ر چی له‌وانه‌یه له ئاست خواستی ئێمه‌شدا نه‌بێت، به‌ڵام هۆكاره‌كان دیارن.
دەشڵێت، ده‌مه‌وێت له‌م كۆبوونه‌وه‌یدا باسی ئه‌وه بكه‌م، كه ئه‌گه‌ر گله‌یی هه‌بێت هۆكاره‌كان چین، ئه‌گه‌ر كه‌مته‌رخه‌می هه‌یه، ئایا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه یانیش هۆكاره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی خواستی ده‌سه‌ڵاته، كه رێگر بوونه له‌وه‌ی ئێمه ئه‌و به‌رنامه‌ی هه‌مانبووه جێبه‌جێی بكه‌ین. ئازادی راده‌ربڕین شتێكه هه‌موومان بڕوامان پێیه‌تی، من خۆم بڕوایه‌كی زۆرم به ئازادی راده‌ربڕین هه‌یه، هه‌موو كه‌سێك ئازاده له‌وه‌ی رای خۆی ده‌رببڕێت، به‌ڵام ئازادی تا مانای ئازادی و پێناسه‌كردنی ئازادی و مافی ئه‌وه‌ت هه‌یه تا ئه‌و كاته ئازادبی، كه مافی كه‌سێكی دیكه پێشێل نه‌كه‌یت، تا ئه‌و كاته ئازادیت كه ته‌عه‌دا له ماف و ئازادی خه‌ڵكی دیكه نه‌كه‌یت.
روو له ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، رۆژنامه‌وانی ئه‌ركێكی پیرۆزه و به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر شانی ئێوه ، بۆیه من پێموایه، ده‌بێت ئێوه ئه‌مه له‌به‌رچاو بگرن، كه ئه‌م پیشه‌یه له ئاستێكی به‌رزدا بمێنێته‌وه و رێگه نه‌ده‌ن خه‌ڵكانێك به ناوی رۆژنامه‌وانی گرفت بۆ پیشه‌كه‌ی ئێوه دروست بكه‌ن و نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری خه‌ڵكانێك و بتوانن به‌كارتانبهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل و نیشتمان ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆ بكرێت، جا چ به خواست بێت یانیش به‌بێ خواست.