دواین هەواڵ

کلتور‌

 16/05/2022

ئامانج لەفیلمی ئەزموونی شەوكەت ئەمین دا

حەیدەر عبدولرەحمان
زۆربەی فیلمەكانی شەوكەوت ئەمین بۆ فیستیڤاڵە جیهانیەكان بەرهەم دەهێندرین ، بۆیە شەوكەت وەک دەرهێنەرێکی کورد. ناوێكی دیارە لەو دەرهێنەرانەی كە شوێنی تایبەتی خۆیان هەیە لە نێو دەرهێنەرانی ئاسیا.

دوا فیلمیشی ئەزموون (Te Axam كە لە بەرهەمهێنانی محەمەد ئەكتاشە، لەلایەن شەوكەت ئەمین و سیناریۆی محەمەد رەزا جەوهەری نووسراوە.

هەر سێ‌ وڵاتی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیاو قەتەر وهەردوو كۆمپانیای (میتۆس فیلم ) و ( مەستی فیلم) بەشدارییان لەبەرهەمهێنانی فیلمەكەدا كردووە.

فیلمەكە باس لە كۆمەڵێ‌ بازرگان دەكات لەرێگەی غەش و بەكارهێنانی مۆبایل و بلوتوسەوە

بازرگانی بەپرسیارەكانی ئەزموونی بەكەلۆربا دەكەن و بەهێزی پارە، ماندوو بوونو شەونخونی كۆمەڵێ‌ قوتابی بەتوانا دەدزن و لەشوێنی ئەواندا قوتابیە بێ‌ تواناكان شوێنیان دەگرنەوە .

لەنێوانیاندا قوتابیەكی هەژار (رۆژین ) بەهاكاری خوشكەكەی و فروشتنی خشڵەكەی، بەئاواتی گە یشتن بەزانكۆو زامن كردنی ئایندەیەكی گەش بەشداری لەو تاوانە دەكات، بەڵام لەئەنجامدا دەستگیر دەكرێت و خۆی و خوشكەكەی روو بەرووی چارەنووسێكی رەش دەبنەوە.

وەزیفەی سینەما وەزیفەیەكی هەمە لایەنەیە، بەڵام لەبنەڕەتدا لەهەر جەمسەریكدا بۆی بچیت هەر فیلمێك ئامانجێكی دیاری كراوی خۆی هەیە و دەیەوێت پەیامێك بگەیەنێت، بەڵام لەرەسەندا خزمەتێك پێشكەش بەكۆمەڵگاو بەمرۆڤایەتی دەكات.

لەو پێودانگەوە ئەو پرسیارەی من دەمەوێت بپرسم ئەوەیە، ئاخۆ ئەو فەلسەفەو ئامانجەی فیلمی (ئەزموون) هەڵی دەگرێت چی؟

چەندیش ئەو ئامانجە لەخستنە رووی دیاردەیەكی كاتی وەك غەش كردن لەو فیستیفاڵە جیهانیانەدا خزمەتێك بەنەتەوە، یا نیشتمانی ئێمەی كورد دەكات؟

ئایا بەهۆی گوتاری ئەو فیلمە دەمانەوێت بڵێین گەلۆ ئێمەی كورد گەلێكی غەشاشین و بازرگانی بەزانست و مەعریفەو بڕوا نامە كانمانەوە دەكەین؟

نەوەكانمان كە بەرپرسیاریەتی ئایندەی ئەو گەلە هەڵدەگرن ئەوانەن كە لەسەر بناغەیەكی پووچەڵی خورافات پەروەردە دەكرێن؟

بەهیوای نوشتەو جادو نزاوە روو لەهۆڵەكانی ئەزموون دەكەن؟

مامۆستاكانمان ئەوانەی تەمەنی خۆیان بۆ پێگەیاندنی نەوەكانمان تەرخان كردووە، وا بەئاسانی ویژدانی خۆیان دەفرۆشن و بۆ كەمێ‌ پارە بەشداری لەتاوانێكی گەورەی نیشتمانیدا دەكەن؟

ئایا ئەم دیاردە كاتیە قێزەوەنە شوناسی ئەو گەلەیە كە لە جیهاندا وەك گەلێكی ئازادیخوازو جەزرە

دراو ناسراوەو خاوەنی سەدان كارەسات و روداوی جەرگ بڕی نەتەوەیی، تەژی لەكولتوورێكی دەوڵەمەندی پڕ لەداستانی قارەمانیەتی و مێژوویەكی پڕ لە سەروەریە ؟
لەنێو هەموو ئەوانەدا ئێمە هیچمان نەبوو لەو فیستڤاڵانەدا نیشانی بدەین تەنیا دیاردەیەك نەبێ‌ خۆمان و نەتەوكەمانی پێ‌ سووك بكەین و گەلانی دنیا بەنەزانی و جەهالەتی خۆمان بخەینە پێكەنین؟

لەوە سەیرتر ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپارەی خۆی فیلمێك بەبەرهەم دێنێ‌ بۆ سوكایەتی پێ‌ كردنی خۆی، چونكە ئەو تاوانە لەژیّر دەسەڵاتی ئەودا دەكرێت، تاوانبارە گیراوەكانیش لەژیّر دەسەڵاتی ئەودا دوای چەند ساتێك دەستگیر كردن ئازاد دەكرێن و قوتابخانەیەك دەكەنە ماركێتێكی توركی بۆ بازرگانی.

بۆیە خەڵكی لەو فیستیڤاڵانەدا بۆی هەیە بپرسێ‌ ئەوە ئەو یاسایەیە كە ئەو حكومەتەی پێ‌ بەڕێوە دەچێت؟

سینەما گواستنەوەی مێژوویەك، واقعێك نیە وەك خۆی، بەڵكو بەرجستە كردنی واقێكی جوانتر لەخۆیەتی.

هەمیشە سینەما وەك كارتێك بەكار دێت بۆ ململانێی سیاسی و ئایینی و ئایدۆلۆژی گەلان، چونكە ئەو كاریگەریەی سینەما دروستی دەكات، لەسەر ئایدۆلۆژیەتی گەلان ، لەهەموو كارتێكی تر كاریگرترە .

لیبیا سەرمایەكی خەیاڵی خستە بەردەم مستەفا عەقاد، بۆ بەرهەم هێنانی فیلمی (عومەر موختار) چونكە دەیزانی رۆژێ‌ دێ‌ لەرێگەی ئەو فیلمەوە لیبیا بەوڵاتی عومەر موختارەوە دەناسرێتەوە.

تا ئێستاش زۆربەی ئەو فیلمە ئاینیە دیارانەی بەرهەم هاتوون چەشنی ( پیاوانی ئەنجلۆس ، یوسفی راستگۆ ، موسا پێغەمبەر ) بەسەرپەرشتی كردن و بودجەی تایبەتی ( خامەنەئی) بەرهەم دێت، چونكە خامەنەئی دەزانێ‌ چۆن بەسینەما شەڕی وڵاتانی تر دەكا .

مایكل مۆر ـ ی دەرهێنەری ئەمریكی لەدوا رۆژانی هەڵبژاردنی ئەمریكا، فیلمی ( 11 فەهرەنهایت ) ی بۆ لێدانی (جۆرج بۆش) نمایش كرد، لەهەمان كاتدا بەڕاوێژی كۆنگریسی ئەمریكا داوا لە جانۆ رۆژبەیانی كرا فیلمێك لەسەر كۆمەڵكوژی كورد بەرهەم بهێنێ‌.

توركیا بە دەیان فیلمی دژ بە نەیارانی خۆی بەرهەم هێناوەو چ تاوان و تیرۆرو رەش كوژی هەیە خستویەتیە سەر ئەستوی ئەوان، بۆ شێواندن و ناشیرین كردنیان،
سیناریۆ دوو بارەكان:

جگە لەوانەش چەند پرسێكی هونەری تریش لەفیلمەكەدا هەن مایەی سەرنجە:

دەرهێنەر وای كردووە (رۆژین) دوای دەستگیر كردنی لەئەزموونەكە و بێهودە بوونی هەوڵی مامۆستاكەی بۆتاقیكردنەوە، بەناكامی لەهۆڵی تاقیكردنەوە دەردەچێتو دەچێتە سەر پردێك دەوەستێ‌ ، بەڵام دوای هەوڵێكی زۆر بۆ دۆزینەوەی سۆراغی نابێ‌، ئەمەش ئەوە دەگیەنێت كە رۆژین لەپردەكەوە خۆی هەڵداوەتەوە خوارەوەو خنكاوە.

لە دیمەنێكی تردا بەهەمان سیناریۆ خوشكی (رۆژین) و هاوسەرەكەی دەچنە سەیران، ئەویش دەچێتە سەر دەریا بەهەمان سیناریۆی خۆ كوشتنەكەی رۆژین لەسەر دەریاكە دەوەستێ‌، بەو شێوەیەی بینەر هەست بكا خۆی دەكوژێ‌ و دیمەنەكە بە جێ‌ دێڵێ‌ .

دەرهێنەر سیناریۆی خۆ كوشتنی هەردوكیانی بەیەك فۆرم دووبارە كردۆتەوەو هیچ چێژێكی بۆ دیمەنەكە نەهێشتۆتەوە.

پاشان بینەر هەردوو خۆ كوشتن بەزێدە رۆیی دەزانێ‌، جگە لەوەی كاری سینەماش نیە چارەسەرێكی جوانتری لا نەبێت جگە لەخۆ كوشتن نەبێت.

هەر كات سینەما واقعێكی تاڵی وەك خۆی نیشاندا، بەمانا دەستە پاچەیە لەبەرجەستە كردنی وەزیفە راستەقینەكانی سینەما.

هەروا دەرهێنەر لەهەندێ‌ دیمەنی تردا بەسەر هەندێ‌ دیمەنی ناوازەدا باز دەدا، وەك ئەوەی هاوسەری شیلان (حوسێن حەسەن) كاتێ‌ هەست بە ناوازەی هاوسەرەكەی دەكات ، دەچێتە بازاڕ دەمانچە بكڕێت، بینەر پێشبینی ئەوە دەكات ئەو بۆیە دەمانچەی كڕیوە هاوسەرەكەی پێ‌ بكوژێت ، كەچی دواتر دەردەكەوێ‌ كە دیمەنی كڕینی دەمانچەكە دیمەنێكی زێدەیەو هیچ سوودێكی نەبووە .

لە دیمەنێكی تردا هەر هاوسەری خوشكی رۆژین هەڵدەكوتێتە سەری و لەكەشو هەوایەكی گرژدا دەیەوێت بەزۆر و بەراكێشان كچەكەی خۆی لەدایكی بستێنێتەوەو ئەویش رایدەكێشێ‌، كەچی بێ‌ ئەوەی هیچ دیمەنێكی هێور بوونەوەو چاكبوونەوە هەبێت ، دیمەنی چوونە سەیرانی پیاوەكەو ژنەكەو مناڵەكە دێت لەولوكێشنە ژنەكە دەچێتە سەر دەریا بۆ خۆ كوشتن ، جگە لەو دژایەتیەی دروست بووە لەئەتمۆسفیری دیمەنەكە، چونكە گونجاو نیە كەسێك لە حالەتێكی ئارامی وەك سەیران كەسێك لەسەر ئەوەی خوشكی خنكاوە لەكاتی سەیران كردندا خۆی بكوژێ‌.

دەرهێنەر سەرە داوێکی بۆ دروست کردنی جۆرێک لە خۆشەوستی لە نێوان ڕۆژین و فرۆشیارێکی سەر شەقام دروست کردووە ، بەڵام بێ پاساو پەرەی پئ ناداو تەوەری خۆشەویستیەکە دەمرێنێ، ئەی کەواتە بۆچی بۆ تەنیا دیمەنێک ئەو تەوەرەی خۆشەویستی دروست کرا؟

ئەكتەرەكان بە گشتی بەتایبەت شوان عەتوف ،نیگار عوسمان، ئاڤان جەمال ، ڤانیا سالار،حسین حەسەن، سولاف حەمە غەریب، حەمە رشید هەرەس ، هوشیار زیرو نیروەیی ، كاوە قا در، رۆڵێكی بەرچاویان بینی .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP