هەرێم نیوز
پاسەوانی سنووری عێراق خاڵێکی دیکەی سەربازیی لە
سنووری گوندی هرورێ-ی کانی ماسێ زیاد دەکەن، ئەمەش بۆ توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و
دوورخستنەوەی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان سەر لە بەیانی ئەمڕۆ
14/5/2022، هێزی پاسەوانی سنووری عێراق لە ناحیەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی
لە نزیک گوندی هرۆرێ دەڤەری بەرواری باڵا، خاڵێکی دیکەی سەربازیان زیاد کرد.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە رایگەیاند
"ئەو خاڵە سەربازییەی کە هێزەکانی پاسەوانی لێ جێگیر دەکرێن، بۆ هەمیشە هێزەکانی
پاسەوانی سنوور لەوێ دەمێننەوە".
بە دانانی ئەم خاڵە سەربازییە، ژمارەی بنکە و
بارەگاکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە دەڤەری بەرواری باڵا و سندی-یان بووەتە 30 خاڵی
سەربازیی، کە ماوەیەکە هێزەکانی عێراق خاڵی سەربازییان لەو ناوچەیە زیاد کردووە.
هەر بەپێی
زانیارییەکان ، مەبەست لە دانانی ئەو خاڵانە رێگریکردن
و دوورخستنەوەی چەکدارانی پەکەکەیە لە ناوچەکە، کە بیانوو دەدەنە دەست هێزەکانی
تورکیا و پەڵکێشی ناو سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقیان دەکە.
لەماوەی
ڕابردوودا و زوو زوو دەوڵەتی تورکیا ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی چەکدارانی پەکەکە لە
خاکی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەنجام دەدەن و چەکدارانی پەکەکەش
ناوچە ناوچەی فراوان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، چاودێرانیش پێیان وایە پەکەکە
بەم کارانەی جگە لەوەی بیانوی هەمیشەیی دەداتە دەست تورکیا، ئامانجیەتی تورکیا بۆ
ناو قوڵایی هەرێمی کوردستان ڕابکێشێت و بەوەش قەوارەی هەرێمی کوردستان بخاتە
بەردەم مەترسی گەورەوە هاوشێوەی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.