دواین هەواڵ

کلتور‌

 08/05/2022

دوو شەوی ئاوایی

قوبادى جليزاده

ساڵی 1974 کەشۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسایەوە، بووم بەپێشمەرگە، ئەو وەختە خوێندکاری قۆناخی دووی کۆلێژی قانوون بووم لە زانکۆی بەغدا. کە دادگاکانی شۆڕش دامەزران لەدادگای شەقڵاوە بووم بە لێکۆلەری دادی کە بارەگاکەی لە ناحیەی هیران بوو. ئەو ساڵە دوو دادوەر یەک لەدوای یەک دادگایان بەڕێوە دەبرد. حاکم فەیسەڵ کە خەڵقی شەقڵاوە بوو و حاکم کەمال عارف کە خەڵکی سلێمانی بوو.

ئەوساکە هیران هەم بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدابوو، هەم بارەگای هێزی سەفین. ماوەیەک فازل سۆرانی ئامیر هێزی بوو، پاشان بوو بە ڕەسووڵ فەقێ.
هاوینی ئەو ساڵە شەڕێکی سەخت لە چیای سەفین و دەورووبەری، لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و جەیش و جاشی ڕژێم هەڵایسا.

شەوێک ڕەوە هێسترێک بەبەردەم دادگاکەماندا تێپەڕین کە چەک و سندووقە فیشەکیان بار کردبوو. و بۆ شەڕگەیان دەبرد، هەر پێشمەرگەیە جڵەوی یەکێک لە هێسترەکانی بە دەستەوە بوو. ئەو پێشمەرگەیەی لە پێشەوەی کاروانەکەش بوو بەدەنگێکی بەسۆز لاوکی دەگوت.

بۆشەوی دوایی لە ناو دادگا بووم گوێم لە دەنگی سمی وڵاغ و گریانی ژنان بوو، ڕامکردە دەرەوە، ئەمجارە کاروانەکە بەبێدەنگی تێدەپەڕی و بەسەر پشتی هەر هێسترێکەوە، شەهیدێک.

ئەو کات ئەو شاعیرە نەبووم دەرەقەتی ئەو دوو نمایشە سینەماییە ڕاستەقینە بێم، بەڵام لە خوێنمدا مایەوە تا لەساڵی 2014 بوو بەم تێکستە.
دووشەوی ئاوایی

1
تەپەی سم و پڕمە پڕمی وڵاغ
بەسەرپشتی هێسترەکانەوە
دۆشکەیەک و
بیکەیسیەک و
چەند سندووقێک فیشەک
-بارەکانیان توند کردنەوە-
پۆلێک پێشمەرگە لە پێشەوەو پۆلێک لە دواوەی قەتار
تا ڕیخۆڵەی ڕێگا پێچاوپێچەکە قوتیدان
لاوک گوتن و
تەپەی سم و
پڕمەی وڵاخ.
مانگ لەناوچاوی هێسترەکاندا،
دەیتریفاند.

2

ترپەی سم و
پڕمەی وڵاخ
بێدەنگیەکی ترسناک
بەسەر پشتی هەر هێسترێکی خەمگینەوە،
شەهیدێک.
جگەرە بەدەمی جەنگاوەرە دڵشکاوەکانەوە ، وەک تۆپەڵە پشکۆی ناو ئاگردان،
دەدرەوشانەوە.
-بارە خوێناوییەکانیان داگرتن-
ژمارەیەک پێشمەرگە بەرەو مزگەوت.
دەستەیەک ڕوەو گۆڕستان.
هاوسەرەکەم قازمەیەکی دامێ لە فرمیسک و
خاکەناسێک لە هەنیسک.
مانگ لە چاوی هێسترەکانا، نوستبوو.
-_------------------------
٭لە کۆمەڵە شیعری : چاکەتێک لە کۆنە دەکڕم. 2015



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP