د.لاڤە دارا علی - پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان
بریتی یەلە توانای فێربوون لە ئەزموونەکان، خۆگۆنجاندن لەگەڵ باروودۆخەکان، تێگەشتن و چارەکردنی بیرۆکە دەرهەستی یەکان (ئابستراکت) ، بەکارهێنانی زانیاریی یەکان بەشێوەیەکی کارامە بۆ چارەکردنی ژینگەی دەوران دەوری تاک.
ئەوەی ئاماژەمان پێ کرد گونجاوترین پێناسەی زیرەکی لەخۆ دەگرێت لەناوچەندەها پێناسەی جۆراوجۆر. لەپێناسەکەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە زیرەکی تەنها یەک پرۆسە ناگرێتەوە بەڵکو لەئەنجامی کارکردنی کۆمەڵێک پرۆسەی وەک توانای فێربوون، یادگە، ووتووێژو بەڵگە هێنانەوە، چارەسەرکردنی گرفتەکان، هێزی پێزانین و تێبینی بەدی دەهێنرێت. لەمانەی باسکران ئەو ڕاستی یەمان بۆ دەسەلمێنرێت کەچەندەها کەس بوونیان هەیە لەکۆمەڵگا هیچ بڕوانامەیەکی زانکۆییان نی یە لەگەڵ ئەوەشدا کەسانێکی زیرەک و سەرکەوتوو و دیارن وە بەپێچەوانەوە.
بۆپێوانەکردنی ئاستی زیرەکی ژمارەیەک پشکنینی جۆراوجۆر کەبەپێی تەمەنی منداڵەکان دەگۆڕێت بەردەست خراوە کەدەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆجیاکردنەوەی ئەو منداڵانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن و پێویستیان بە سستمی پەروەردەی تایبەتە. دوو هۆکاری گرنگ کاردەکەنە سەر گەشەسەندنی زیرەکی:
١. هۆکاری بۆماوە (جینەکان) تاڕادەیەک نەگۆڕە.
٢.هۆکارە ژینگەییەکان کەدەتوانرێت تائاستێک گۆڕانکاری تیا بکرێت بۆ زیاتر پەرەسەندنی زیرەکی لای منداڵان وەک خۆراکی تەندرووست، تێکەڵکردنی منداڵان بۆ ئەزموونکردن و فێربوون، ڕاهێنان وخولی فێربوونی تایبەت، پرۆسەی خوێندن و خوێندنگاکان، بایەخدان بەتەندرووستی منداڵان و چارەسەرکردنی نەخۆشی یەکان، فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی لەکاتی دووگیانی و منداڵبوون بۆ ڕێگریکردنی کێشەی وەک ئیفلیجی مێشک.....هتد.