دواین هەواڵ

کلتور‌

 08/04/2022

پەیوەندی ئەدەب و جەنگ

بەیان سەلمان
لەوێوە دەست پێ دەکەم کە هیچ ئەدەبێک بە خۆڕایی بەرهەم نەهاتووە. سەرەتا لە بارەی وتەیەکی نووسەر و پسپۆڕی ئەدەبی (فردریک بیرنار)Frédéric Bernard دەوستم، لە بابەتێکیدا بە ناونیشانی ''چۆن ئەدەب مێشکت دەگۆڕێ'' دەڵێت: "ئامانجی خوێندەوەمان هەمەجۆر و جیاوازە. ئەدەبی خەیاڵیی میللی دەخوێنینەوە بۆ خۆشی؛ ئەدەبی خەیاڵیی باڵا دەخوێنینەوە بۆ لایەنی ئیستاتیک و کارسازی وشەکان؛ دەقی دۆکیومەنتاری دەخوێنینەوە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و سوودوەرگرتن، هەرچییەک بێت ناوەڕۆکی ئەو دۆکیومەنتە...

بەپێی ئەو ڕستانەی پێشوو، ئەدەب، کە دیوێکی دەکاتەوە خوێننەوە، پەیوەندیت لەگەڵ دەوروبەرت دەگۆڕێت. بوارت دەدات تا ڕادەیەکی باش لەویتر تێبگەیت، بیرکردنەوەی هەڵبهێنیت، لە نیازی نزیکبیتەوە، تاوتوێی دۆخی خۆتی پێ بکەیت، چاکتر هەلومەرجی ژیان هەڵسەنگێنیت و لە خۆت و دەروبەرت تێ بگەیت.

لێرەوە، هیچ خوێننەوەیەک بەسادەیی لێرە نیە، بەڵکو هەمیشە مەبەست و پەیامێکی لە پشتە. ئێمە کاتێک ئەدەبی نووسەرێکی سەدەکانی پێشوو و ئەم سەدەیە دەخوێنینەوە، بەنێوەندی ئەو ئەدەبە لە خۆمان نزیک دەبینەوە، بریارەکانی ژیانمان تۆکمەتر دەبێت و بە کوێرانە بڕیار نادەین. لە ڕێگای خوێننەوەکانمان دەزانین ئەو ئەدەبەی لەو سەردەمە بەرهەم هاتووە، بۆ ئێمە دەبێتە کۆڵەکەیەک لێیەوە بتوانین لە شەڕ و کێشەکانی ئەو سەردەمانە و ڕووداوە گرنگەکان و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و دۆخی ئابووری و پەیوەندی ژن و پیاو تێبگەین و بەتایبەتی چۆن لە جەنگ تێبگەین. رەنگە باشترین نموونە دەقەکانی جێین ئۆستن و خوشکانی برۆنتی بن. ئەم تێگەیشتنە بۆ ئەوەیە کە بەسادەیی بەسەریاندا تێنەپەڕین، بەڵكو ببنە هەوێنی پاشخانی ئەدەبی بۆ داهاتوو.

ئەدەب دەمانباتە سەر شوێن و جۆر و کارائاکتەری کەسایەتیەکانی ئەو دەمانەمان بۆ شی دەکاتەوە. لە ڕێگای ئەفسانە و داستانەکانەوە دنیایەکمان دەخەنە بەرچاو، بەبڕوای ئێمە دوورە لە واقیع، بەڵام ئەو دنییایە لە سەردەمێکدا جێی باوەڕ و متمانەی میللەتێک بوون کە تەنانەت خودی ژیانیان لەسەر بینا دەکرد. کاتێک ئەدەبی نووسەری فەرەنسی (بەلزاک) دەخوێنیننەوە، وردەکاری ناو ساڵۆنەکانی ئەو سەدانەمان دەخەنە ڕوو و لە کتێبی ''ماڵئاوا'' ئاکامی شەڕی بێریزینا لەگەڵ ڕووسیا بەسەر کەسایەتیەکاندا دەخاتە بەرچاو. (پروست) ئەزموونی مرۆڤ بە گشتی و بە تایبەتی دەکاتە فاکتەرێک بۆ تێگەیشتن لە کەسایەتیەکان. نووسەری ئەڵمانی (گوتە) لە دەقێکی وەکی ''فاوست'' ناواخنی مرۆڤ هەڵ دەداتەوە و لایەنە تاریکەکانیمان بۆ تاوتوێ دەکات.

نووسەر (نەجیب مەحفوز) باری سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی شەخسیەتی مرۆڤی میسری ئاشکرا دەکات، لە دەقەکانی (مارکی دو ساد) لایەنی مۆڕاڵی کەسایەتیەکانمان بۆ شی دەکاتەوە، لە دەقی ''کاندید''ی (ڤۆلتێر) کەسایەتیەکانی دەخاتە نێوان گەشبینی و رەشبینی و لە کۆتاییدا کاندید ڕەوتی خۆی بەپێی ئەو ئەزموونانەی پێدا رەت بوو دەخاتە کار و بڕوای وایە کە ئیشکردن لە باخچەیەکدا زۆر گرنگترە لەوەی بەدرێژایی ژیانی بکەوێتە نێوان هەڵبژاردەی: ''ئایا دەبێ گەشبین بین یان رەشبین''؟ لە کۆمەڵە دەقێکی ئەدەبی منداڵان جیهانێک دەخرێتەڕوو تێیدا منداڵ فێری بیرکردنەوە دەکات، یان پەروەردەی دەکات و لە دەقێکی وەکو ''ئەلیس لە دنیای سەیرو سەمەرە''دا لەلای (لویس کاڕۆڵ) دەچینە ناو دنیای خەون و منداڵ فێر دەکات لە خەون نەترسێت و خەیاڵی بەرفراوان دەکات.

ئەدەبی لاوان بە گشتیی جەغەت لە مەشقکردنی گەنجان دەکات و فێریان دەکات سڵ نەکەنەوە لە داهاتوو... ئەدەبی کوردی و ئەدەی جیهانیش، شتێکمان پێ دەڵێن سەبارەت بە شەڕ، خەمی ناسنامە، بوون، ململانێی تاکەکان، بۆچوون و ڕووداوکان دەکەنە تەوەر و ژیلەمۆی کارگێڕانی ئەدەبی.

دەتوانین بڵێین، ئەدەب ڕۆڵی بەرگریکردن و ئیپستمولۆژیشی هەیە. هەر وەکو (ئەلبێر کامو) لە ''مرۆڤی یاخی''دا دەڵێت: ''ئەگەر دەتەوێت ببیتە فەیلەسوف ڕۆمان بنووسە''. بەو واتایە، لە هەموو سەردەمێکدا وەکو دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم، ئەدەب بوو بە زمانحاڵی سەردەم. ئەدبی جەنگ بە بەرفراوانی دەخوێندرایەوە. واتە دەبوو قسە لە نەهامەتیەکانی مرۆڤ بکات و خوێنەر دەگەڕا بەدوایان. ئەو دەمانەی ئیرنست هیمنگوای ''ماڵ ئاوایی لە چەک''ی نووسینی هەناسەیەکی ئەزموونی خۆی دەگێرایەوە.

ئەوجا ''شەپۆلی نوێی ڕۆمان'' هاتە ئارا، دوایی بانگهێشە کرا بۆ مردنی کەسایەتی و پاشان ستروکتوورالزیم و مردنی نووسەر... ئەوجا فۆرمالیستەکان هاتن و ناوڕۆکیان رەتکردەوە. (ژان کۆکتۆ) لە ''زەحمەتی بوون'' Jean Cocteau, La Difficulté d’être دەڵێ: ''من نامەوێ لە ڕێگای ستایلەکەم بمناسنەوە، بەڵکو لە ڕێگای بیروڕاکانم...'' نووسەر (گۆمبرۆڤیتش) Gombrowicz وەها ئەدەب دەبینێت کە: ''ئەدەب مۆڕاڵە، بێ مۆڕاڵ ئەدەب بوونی نیە...''

ئەوانە هەموو دەمانبەن بۆ ئەوەی لە ئەمڕۆدا بپرسین: ئایا ڕۆڵی ئەدەب لە فیکردا و بە تایبەتی لە کاتی شەڕ و لە ئاست شەڕ تەنها لەسەر ئاستێکی ئیجابیە؟ واتە بۆ دەرخستنی توندوتیژییە و هۆشیارکردنەوەی مرۆڤە؟

بێگومان نەخێر! سەدان کتێب هەن مرۆڤ هان دەدەن ڕێگایەکی توندوتیژی بگرنەبەر، یاخود تێیاندا هێرش دەکرێتە سەر رەگەزێکی تایبەت و ناراستەوخۆ ستایشی داگیرکردن دەکەن؛ یان ئەوەتا ئایدیۆلۆژییایەکی باڵادەست دەسەپێنێت. واتە ئەدەب لە ئاستێکی ئیجابی نەوەستاوە، بەڵکو دەبێتە پاڵپشت بۆ ڕەشبینی و تاکەکان بەرەو خەمۆکێ دەبات. یاخود پەیامێکی ترسناکی لە پشتە بۆ مەبەستێکی تایبەت.

گرنگە باسی زانکۆ و ئاکادێمیاش بکەین لە پەخشکردنی ئەدەب بە شێوەیەکی زانستی باوەڕپێکراو. بەم واتایە بوەستین لەسەر قۆناغە ئەدەبیەکانی ئەدەبی لۆکاڵ و جیهانیش بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵەی ئەدەب بەشێوەیەکی ئیجابی زەق بکەینەوە. مەبەست لەوەشە کە تەنانەت خودی ئەو دەقانەی هاندانی کینە و ناکۆکیان تێدایە ئاشکرا بکرێن. چونکو بەو جۆرە دەتوانین باس لە گۆڕینی ئیجابی فیکری بکەین.

هەروەها قسەکردن لەسەر چەمکی نووسینی فەلسەفە گرنگە، لەناو ئەدەب، یاخود بە پێچەوانەوە. چۆن فەلسەفە شەڕ دەبینێت؟ پسپۆڕان پێیان وایە هەموو دەقێکی ئەدەبی جیاوازە لە دەقی فەلسەفی، چونکو لە پێناسەی ئەدەبی لا دەدات، یاخود دەقێکی فەلسەفی لە ڕەوتی فەلسەفی لادەدات. لە دەقێکی وەکو ''زەردەشت وەها دەدوا''ی (نیتشە) دەبینین ئەم دەقە لادانێکە لە کایەی فەلسەفی، ئەوەندەی جەغەتکردنە لەسەر جوانکاری و شیعرییەتی وشە و ڕستە و بیرۆکەکان لەناویدا ون دەبن. بە پێچەوانەش هەر ڕاستە، کاتێ دەقێکی ئەدەبی دەبێتە بابەتێکی فەلسەفی. بەڵام لە ئاکامدا فەلسەفە وەک ئەدەب شەڕ نابینێت، ئەو پێوەری خۆی هەیە، ئەدبیش پێوەری خۆی.

ئەم جیاوازییە لە چیەوە هاتووە؟ بێگومان لەوەوە هاتووە دەقێکی فەلسەفە بابتێکی توێژینەوەی ئەقڵانیە لە بارەی ڕاستی. لە کاتێکدا دەقێکی ئەدەبی پشت بە خەیاڵ و داهێنان دەبەستێت و قبوڵی ئەبستراکتی ئەقڵانی ناکات. لە فەلسەفەدا قسە لەسەر هەموو ئەو بنەمایانە دەکرێت کە فیکری مرۆڤایەتی پێشتر ئەزموون و تاوتوێی کردووە. لە ئەدەبدا بەپێچەوانەوە نوێگەرایی مەرجە بۆ وەرگرتنی دەقێک و بێ رەچاوکردنی داهێنان لە دەقەکەدا ئەو دەقە وەرناگیریت، یاخود بێ تەوزیفکردنی خەیاڵ ئەو دەقە بە چیرۆک و ڕۆمان هەژمار ناکرێ. واتە ناتوانین کۆپی دەقەکانی پێشووتر بکەین. لەلایەکی ترەوە ئەگەر باس لەوە بکەین کە فەلسەفە بە لۆجیکێک کار دەکات، ئەدەبیش لەوە بەدەر نیە، چونکو کاتێ دەڵێین دەقێکی خەیاڵ بەدەر نیە لە لۆجیک، دەبێ ڕووداوەکان بە لۆجیکێک ئیشیان پێ کرابێت، بەڵام تێزێکی فەلسەفی نەوروژێنێت، چونکو تێزێکی فەلسەفی کە تێکەڵ بە ئەدەب کرا توانای بەئەقڵانیکردنی لەدەست دەدات.

پێویستە بڵێین، لە بەرەبەیانی مێژووەوە ئەدەب و شەڕ پەیوەندییەکی فرە نزیکیان لە نێواندا هەبووە و هێشتۆتەوە. ئەو دەقانەی چیرۆکی شەڕیان گێڕاوەتەوە زۆرن، بەڵام دیارترینیان لە دەقێکی ئەدەبی گرنگی وەک ''ئیلیاد'' تێبینی دەکرێت کە بە پێی پسپۆڕانی ئەدەب خودی ئەلکسەندەری مەزن و ناپلیۆن بۆ جەنگەکانیان ئیلهامیان لێوە وەرگرتووە. لەلای عەرەب، لە دەقە شیعرییەکانی شاعیرانی سەردەمی جاهلییەت دەیخوێنینەوە، تەنانەت شاعیرێکی وەکی (عەنتەرە ئیبن شەداد) بەشداریشی تێدا کردووە و دواجار هەر لە شەڕیشدا کوژرا. نووسەرانی سەدەی بیست و ئەم سەدەی بیست و یەکە بەدەرنین لە نووسینەوەی جەنگ و کاریگەریەکانی بەسەر رۆژانەی مرۆڤ و داهاتوویان. شەڕ تەنها بابەتێکی گێڕانەوە نیە، بەڵكوو نووسەر هان دەدات گومان لە خۆی و لە دەوروبەری بکات. متمانەی بە بەهای مرۆڤ نەمێنێت کاتێ دەبینێ کە جەنگاوەران بەگوڕ توندوتیژیی لە ئاست مرۆڤی دیکە بەکار دەبن تێناگات چ هاندەرێک لە پشتییەوەیەتی بۆ ئەوەی وەها بەسۆزەوە لە کوشتار بەشدار بێت. لە بنەڕەتیشدا ئەم گومانەیە کە پاڵ بە نووسەرەوە دەنێت خودی جەنگ بکاتە بابەتێکی لێکدانەوە و تاوتوێکردن و خستنەبەر پرسیار.

بەدەر لە هۆ و بەهانەی مرۆڤەکان بۆ جەنگاندن، ئەگەرچی چیرۆکی ئەدەبیی جەنگە دێرینەکان تێکەڵ بە ئەفسانە بوون و ناوی قارەمانەکانیان بۆ هێشتوینەتەوە، ئەوە چیرۆکی جەنگی ئەمڕۆ هێندە لە زەمینەی ڕاستیدا ئامادەیە، توندوتیژە، فرەرەهەند و هەمجۆرە لە ڕووی بەکاربردنی چەک، ئیدی وشەی قارەمان و قارەمانێتی نە هیچمان لەلا دەوروژێنێت، نە هیچ ناوێکیشمان پێشنیار ناکات تاکو لە داهاتوودا تۆمار بکرێت.

بەڵام، دەکرێ بڵێین، ڕووی تاریک و ناشرینی جەنگمان بەباڵایی نیشان دەدەن. هەر بۆیە ئەمڕۆ دەقی یاداشتنامە و خودنووسینەوەی ئەوانەی بەناو ئاگری جەنگدا ڕۆیشتوون، هەمەجۆرن. ئەزموونەکان زۆر بوون لەگەڵ ئەمانیشدا دەنگەکان و زمانەکانی دەیانگێڕنەوە فرەدەنگ و فرە زمانن.

لە دوای جەنگی ساردیش، لە نێوان بلۆکی سۆڤییەت و لایەنگرانیان و بلۆکی ئەمریکا و لایەنگرانیان، هەموو کۆدەکانی شەڕ گۆڕاون. هیچ مۆڕاڵێک بۆ وەستانەوە لە دژی شەڕ پەیڕەو ناکرێت. یاخود با بڵێین بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەبێ بوونی هۆیەک جەنگ لە دژی وڵاتێک و میللەتێک هەڵدەگیرسێندرێت. لە داهاتووشدا شەڕی تر دێنەئارا، بەنهێنی و نائاشکرا ئەنجام دەدرێن. تێیاندا دەیان زانستی باڵا هاوپەیمانێتی لە نێوان خۆیان پێک دەهێنن بۆ تێکشکانی مرۆڤ و داگیرکردنی خاک و سامان و سەپاندنی دەسەڵات.
ئەدەبی جیدی ئەو ڕۆڵە گرنگەی هەیە کە هەموو ئەوانە دەکاتە کەرستەی گێرانەوە بۆ مەحکومکردنی توندوتیژیی و تیشک خستنەسەر بەهای ژیانی مرۆڤ.

لە کۆتاییدا دەڵێین، ئەدەب بێ گومان کاریگەری گەورەی بەسەر گۆڕینی فیکردا هەیە. بە باش یان بە خراپ، ئەو کاریگەرییە لە زۆر دەقی ئەدەبیدا دەبینین. تەنانەت سینەماش لە بەکارهێنانی ئەو دەقانە بەدەر نیە، کە لە ڕێگای جوڵەی وێنەکان ڕووداوەکان و کەسایەتیەکان بەرجەستە دەبن.

ئەوەی لە ئەدەب لە ڕێگای وشە و دەربڕین دەخرێتەڕوو، لە سینەما بە نێوەندی وێنە جیهانبینینیمان بۆ دەخرێتەبەرچاو. واتە لە ڕێگای ئەدەب دەتوانین دووبارە بیر لە جیهان بکەینەوە و کێشە و کەلێنەکانی فیکری مرۆڤایەتی بدۆزینەوە و بە بیرکردنەوەی تر بیانگۆڕین، ئەگەریش نەمانتوانی بیانگۆڕین، هەر هیچ نەبێ خواستی گۆڕانمان لەلا بێت و بەشدار بین لە قیرتاوکردنی لاڕێگایەک لە ڕەوتی گشتی جیهان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP