داستان بەرزان
هونەری شانۆ یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هەر شارستانییەتێکی زیندووی گەلانی دونیا، یەکێکە لەو هۆکارە کاریگەرانەی تواندراوە لە ڕێگایەوە زۆر کایەی جیا..جیا بەیان بکرێن... لەوانە فەلسەفە، سیاسەت، ئایین، کۆمەڵگا... بۆ هەر کایەکیش نمونەی زیاتر لە شانۆنامەیەک و نمایشێک بەردەستن کە هەڵگری گوتاری هەمەچەشنن لە هەریەک لەو بوارانەدا.
هەر لە ناو ئەو بوارانەی کە پشتبەستوون بە شانۆ دەبینین شانۆ لە زۆر جێگادا وەک ئامراز بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش بە مۆدێلی جیا، وەک هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی کولتوور و بواری پەروەردە سوودی لێوەرگیراوە، تەنانەت لە زانستی پزیشکی نوێدا بە هەردوو جۆری فیزیکی و دەروونییەوە کەڵکێکی زۆر لەم هونەرە وەردەگیرێت بۆ چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.
شانۆ بە ئەندازەیەک زیندووە و توانای بڕینی سەردەمەکانی هەیە، تەنانەت شەپۆلە بەهێزەکانی تەکنۆلۆژیاش نەیانتوانیووە لاوازی بکەن، بە مەرجێک لە سەردەمی نوێدا هونەرێک بە ناوی سینەما لە هەناوی زانستی تەکنۆلۆژیاوە سەریهەڵداوە و زۆر سنوری تەکنیکی و فەنتازی بڕیوون، بەڵام بە پێچەوانەوە شانۆ بە سوودمەندبوون لە تەکنۆلۆژیا و بگرە سینەماش مەودای فراوانتر و جۆر و شێوزای نوێی داهێناوە...
ئەوەی لە دونیای ئێمەدا وەک یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی پشتگوێخستنی هونەری شانۆ تەماشا دەکرێت، کەچی لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە، چونکە شانۆ زۆر لە کۆنەوە ئامێر و ئامرازە میکانیکی و زانستییەکانی لە ناو ڕەگەزە جیاوازەکانی خۆییدا بەگەڕخستوون...
لێرەدا دەبێت بپرسین ئایا لە بنەمادا ئەم هونەرە پێویستییەکی ژیاری و ستاتیکی و سەرچاوەیەک بووە بۆ چێز و مانابەخشین؟ یان ئەوەی لە ڕابردوودا وەک شانۆ پێشەکەشکراوە و بینەری بەرچاوی هەبووە هەر بەڕاستی لە قوڵایی ئەم هونەرەوە سەرچاوەی گرتووە یانژی نەخێر! بەڵکو کە زۆر ئاستی جیاوازدا شانۆکاری ئێمە دەستبەرداری بنەما فیکری و هونەریی و ستاتیکییەکانی شانۆ بووە لە پێناو ئەوەدا کە بینەرانی ئێمەش ئامادەی هۆڵەکان بن...
دەپرسین کەس لە کۆمەڵگای ئێمەدا شانۆی وەک پێویستییەک وەرگرتووە کە ئەگەر بێت ماوەیەک نەچێتە بینین و بیستنی هەست بە جۆرێک لە بۆشایی بکات؟ یان نەخێر ئەوە چەند جارە کەمەشی چووە بۆ شانۆ بە هۆکاری دەرەوەی شانۆ بوون، کە لە ئەمڕۆدا دیارترین هۆکار لای زۆر لەو کەسانەی دەچنە شانۆ ئەوەیە کە خەمێک لە شانۆی کوردی بخۆن و ڕێگا نەدەن بپکوکێتەوە، هەمان دیدگا زۆرجار لەلای شانۆکاریش چ وەک ئەوەی ئەم هونەرە ئەنجام دەدات، چ وەک ئەوەی خۆی یان خەڵکانێک وەک بینەر ئامادەی دەبن، بوونی هەیە، کە لەسەر هەر دوو ئاستی بینەر و شانۆکار دیدێکی وەها زۆر هەژارانەیە و لە بیرێکی زۆر دوور لە ناسینی شانۆ و بەهای شانۆوە سەرچاوە دەگرێت...
لە کۆتاییدا دەپرسین شانۆ دەکەوێتە کوێی کۆمەڵگای ئێمەوە؟ ئەی شانۆکاری ئێمە خۆی لە کوێی کۆمەڵگادا هەژمار دەکات؟ ئایا کۆمەڵگا شانۆی وەک پێویستی وەرگرتووە؟ ئایا شانۆکار هۆشیارە لە بەرانبەر هونەرەکەییدا و دەزانێت ئەو چەشنە مرۆڤێکی دیکەیە لە کۆمەڵگادا؟ بە کورتی ژمارەی ئەو هونەرمەندانەی شانۆ چەندن کە هونەرمەندانە دەژین؟ یان لە ئاکامدا ئەوانیش بەشێکن لە خەڵکە گشتییەکە؟