دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 16/03/2022

خەسڵەتەكانی كەسی لە خۆبایی

ده‌روونناس- سامان سیوه يلى

 بۆ ئەوەی تێگەیشتنێكی دروستمان دەربارەی كەسێتی كەسی لەخۆبایی هەبێت، گرنگە لە خەسڵەتەكانی كەسی لەخۆبایی بگەین و پێیان ئاشنابین:

١- كەسی لەخۆبایی هەست بە مەزنی خۆی دەكات و پێی وایە ئەم گەردوونە لەبەرخاتری ئەو دروستبووە.

٢- كەسی لەخۆبایی پێی وایە هیچ كەموكوڕیەكی نیە و لە باری كەماڵدایە.

٣- كەسی لەخۆبایی هیچ قسەیەك پەسەند ناكات كە لەگەڵیدا دەكرێت و پێی وایە هەموو ڕاستیەكان لای خۆیەتی بەتەنها.

٤- كەسی لەخۆبایی خۆپەرستە و بەردەوام چاوی لە كەڵك وەرگرتنە لە كەسانی تر و خۆی هیچ نابەخشێت، تەنها بەبوونی بەرژەوەندیەك لەوانی دیکە نزیك دەبێتەوە.

٥- هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەی دەبێت لەوانی دیكە كە یارمەتی بدەن و لەگەڵیدا بوەستن لەكاتی پێویستدا.

٦- كەسی لەخۆبایی بەردەوام ئەو مافە بەخۆی دەدات كە هەڵبچێت و هەڵبشاخێت بەڕووی ئەوانی دیکەدا و هەستیان بریندار بكات و گوێ بەهەست و شكۆی ئەوانی دیکە نەدات.

٧- كەسی لەخۆبایی زوو شتی لەبیر دەچێتەوە و زوو هەڵدەچێت و توانای كۆنترۆڵ كردنی خودی خۆی نیە.

٨- كەسی لەخۆبایی تەنها لەكاتێكدا گوێ بۆ كەسانی دیکە دەگرێت ئەگەر بەرژەوەندیەكی هەبێت لەگەڵیاندا، دەنا هیچ گوێ بە بیروبۆچوونی ئەوانی دیکە نادات و بەبێ نرخ سەیری ئەوانی دیکە و دەستكەوت و بیروبۆچوونەكانیان دەكات.

لەنێوان بڕوابەخۆبوون و لەخۆباییبووندا: وتەیەك هەیە دەڵێت: (لەنێوان بڕوابەخۆبوون و لەخۆباییبووندا تاڵە موویەك هەیە). ئەگەر بڕوابەخۆبوون تێڕوانێكی پۆزەتیڤانە بێت بەرامبەر خود و تواناكانی خۆمان و مامەڵەیەكی دروست بێت بۆ ئەو هەنگاوانەی هەڵیاندەهێنین لە ئەنجامدانی كار و بەدیهێنانی ئامانج و خەونەكانماندا، بەڵام لەخۆباییبوون، خۆبەزلزانین و خۆ بەمەزنزانین و وەهمی گەیشتن بە كەماڵە، بەجۆرێكی تر دەتوانین بڵێین كەسی باوەڕبەخۆبوو شانازی بەو توانا و خاڵە پۆزەتیڤانەی ژیانییەوە دەكات كە هەیەتی و لەئەنجامی (سەركەوتنی یەك لەدوای یەك و توانای بڕینی ئاستەنگ و سەختیەكانی ژیانی و دانایی لە مامەڵەكردندا) ئەو تێڕوانینە پۆزەتڤانە بۆ خودی خۆی لادروست دەبێت، واتە ڕێز دانانێكی واقعیانەیە بۆ توانستەكانی خود،

بەڵام كەسی لەخۆبایی ڕێزگرتنەكەی ناواقعیانەیە یاخود ڕێز لە تواناكانی خۆی ناگرێت وەك ئەوەی كە هەیەتی. لەخۆباییبوون سەرسامبوونێكی بەهێزە بە خود و بەتوانا و بەهرە و لێهاتووییەكی دیاریكراوی كەسە لەخۆباییەكەیە. هەربۆیە ئەو كەسانەی باوەڕیان بەخۆیان هەیە ئەگەر زێدەڕۆیی بكەن لە ڕێزگرتن لە تواناكانی خۆیان و پێیان وابێت دەتوانن هەموو شتێك بكەن و هەرچیان بوێت سەركەوتوو دەبن تیایدا ئەوا ئەگەر زۆرە لەحاڵەتی لەخۆباییبوون نزیك ببنەوە و بكەونە خانەی ئەو حاڵەتە نائاساییەوە.

لەگەڵ ئەوەی هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەبێت شانازی بە دەستكەوت و خاڵە بەهێز و تواناكانی خۆیەوە بكات و لە خودی خۆی ڕەزامەند بێت، بەڵام كاتێك زێدەڕۆیی لەم شانازیكردن و ڕەزامەندیە بەرامبەر خود كرا ئەوا وەك ئەوە وایە كەسەكە بەردەوام فوو بە خودی خۆیدا بكات، ئەو كاتە هەرچەندە لە تێڕوانینی خۆیدا خۆی بە باڵاتر و بەرزتر ببینێت، بەڵام لە تێڕوانینی خەڵكدا بچوك و گرگنه چونكە ئەو قەوارە وەهمیەی كەسە لەخۆباییەكە بۆ خۆی داناوە تەنها لە دیدی خۆیەوە ئەو قەوارەیە بوونی هەیە و دەوروبەرەكەی قەوارە ڕاستەقینەكەی دەزانن چۆنە و چەندە‌.

كەسی لەخۆبایی و دەوروبەر: هەروەك ئاماژەمان پێدا كەسی لەخۆبایی، پەسەند و خۆشەویست نیە لەناو خەڵكیدا، خەڵكی بەگشتی حەز بە تێكەڵی و مامەڵەكردنی كەسانی لەخۆبایی ناكەن مەگەر ناچاربن. كەسە لەخۆباییەكان هەمیشە كەڵك لە كەسانی دەروون لاواز و كەسێتی لاواز دەبینن، چونكە ئەم كەسە لاواز و هیچ لەبارنەبووانە ‌بەردەوام بە شان و باڵای ئەواندا هەڵدەدەن و هێندەی تر هەست بە مەزنایەتی لای كەسە لەخۆباییەکان تۆختر دەكەنەوە و پاڵنەرەكانیان بەم ئاڕاستەیەدا تێر دەكەن.

كەسە لەخۆباییەکان بەردەوام حەز بە مامەڵەكردنی ئەو جۆرە كەسانە دەكەن، چونكە خۆیان بەسەر ئەو لاواز و بودەڵانەدا بادەدەن و ئەوانیش بەچاوی كەسانی مەزن و كەم وێنە و هەڵكەوتوو لێیان دەڕوانن، هەربۆیە كەسانی لەخۆبایی خۆیان بەدوور دەگرن لەو پەیوەندی و هەڵوێستە كۆمەڵایەتیانەی ڕووبەڕووی ڕەخنەیان دەكاتەوە یاخود وەك كەسانی نەخۆش لێیان دەڕوانن نەك وەک كەسانی مەزن. كەسە لەخۆباییەكان جیهانێكی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەمیشە دووچاری بەركەوتن دەبنەوە‌ لەگەڵ جیهانەكەی دەرەوەی خۆیاندا، بەمهۆیەوە بەردەوام هەوڵی دروستكردنی ئەو كەشانە دەدەن كە بەجیهانەكەی خۆیان نزیكە و هەوڵی دروستكردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەو كارەكتەرانەدا دەدەن كە ڕۆڵ دەگێڕن لەو جیهانە تایبەتەی ئەواندا.

كەسی لەخۆبایی ناتوانێت لەگەڵ كەسانی لەخۆبایی هاوشێوەی خۆیدا هەڵبكات و بگونجێت، چونكە هەریەكە لەم لەخۆباییانە پێی وایە خۆی لەسەروو هەموو مرۆڤایەتیەوەیە. خاكیبوون پێچەوانەی لەخۆباییبوونە، بۆیە هەمیشە كەسە خاكیەكان ڕۆح سووكتر و خۆشەویستترن لەلای دەوروبەر و ئامادەی قوربانی بەخشینن و ڕەچاوی بەرژەوەندی گشتی دەكەن و زیاتر دەتوانن واقعیبن.

دوا پەیام: (ئەی مرۆڤە لەخۆباییەكان، ئێوە چەندە ئەوانی دیکە بەبچوك دەبینن، دڵنیابن ئەوانی دیکەش ئێوە بەبچوكتر دەبینن، لەخۆباییبوون وەرەمی هزر و دەروون و ڕەفتارە، هەڵاوسانی تێڕوانینە بۆ خود، ئێوە ناتوانن بەختەوەر بن چونكە ناتوانن وەك مرۆڤێكی ئاسایی ژیان بكەن، مرۆڤی ژیر و دەرووندروست نە پلە و پایە و پۆست، نەدەسەڵات و سەروەت و سامان، نە دەستكەوت و نە توانا و نە بەرهەمەكانی، دووچاری لەخۆباییبوونی ناكات، ئەوە كەسە نەخۆشەكانن دووچاری ئەم ئافاتە دەبنەوە، دواجاریش نەك لەبەردەمی وەیشوومەیەكدا بەڵكو لەبەردەمی میکرۆبێک كە بەچاو مرۆڤ نابینرێت چۆك دادەن و پووچێتی خۆیان بۆ دەردەكەوێت .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP