هه‌رێم نیوز
نێرده‌ی پێشوی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ سوریا رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكا رۆڵ بگێڕێت له‌نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه ناكۆكه‌كان له رۆژئاوای كوردستان، له ئاماژه‌یه‌كیدا بۆ توركیا‌و هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده).
له دیدارێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نۆرس پرێس، جیمیس جیفری، نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ سوریا وتی: "توركیا یاریكه‌رێكی بنه‌ڕه‌تییه له‌ناوچه‌كه‌و پێویسته له‌گه‌ڵ خۆیدا ئاشته‌وایی بكات و ئه‌وه قبوڵ بكات به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان لقێكی پارتی كرێكارانی كوردستان ده‌بێته هاوبه‌شی."
رونیشیكردوه‌ته‌وه، "پێشینه‌ی ئه‌و به یه‌كگه‌یشتنه هه‌یه، ئه‌وه كارێكی ئه‌سته‌م نیه به‌ڵام قورسه."
جیفری ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، توركیا له‌گه‌ڵ پارتی كرێكارانی كوردستان ئاگربڕی راگه‌یاند له‌رابوردودا و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كانی یه‌په‌گه له سوریا تاساڵی 2015 مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد، به بۆچونی جیفری "هاتنه ئارای رێكه‌وتنێكی له‌و جۆره، په‌ره‌سه‌ندنێكی گه‌وره ده‌بێت و ده‌كرێت جارێكی تریش روبداته‌وه."
له به‌شێكی گفتوگۆكه‌یدا جیفری ئاشكرایكردوه وڵاته‌كه‌ی "چاودێری گفتوگۆی باڵی سیاسی مه‌سه‌ده‌و ئه‌نه‌كه‌سه ده‌كات."
نێرده‌ی پێشوی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ سوریا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه سیاسه‌ته‌كانی ئێستای ئیداره‌ی جۆبایدن له سوریا رون نییه، به‌ڵام به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ر كارێكی سه‌ربازی توركیا له‌رۆژئاوای كوردستان، جیاواز نابێت له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئیداره‌ی پێشوی دۆناڵدا ترامپ.
ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كردوه‌ته‌وه، كه "ستراتیژیه‌كی ئه‌مه‌ریكا له سوریا‌و مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كوردانی سوریا، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌یه كه له ئه‌فغانستان و عێراق هه‌یه‌تی"
و وتویه‌تی، "ئێمه وه‌ك هاوبه‌ش سودمان له‌كورده‌كانی سوریا وه‌رگرتوه‌و تێكشكاندنی داعشمان له‌گه‌ڵدا به‌شكردون، پێمانوتون پشتیوانی ئێمه بۆ ئێوه تاكتیكی-یه، كاتییه، له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بونیادنراوه."
جیمس جیفری ده‌شڵێت، "ئه‌مه به‌ومانایه ئه‌مه‌ریكا هیچ نه‌خشه یان پلان، یان فۆرمێكی تێروته‌سه‌لی بۆ رۆژئاوای كوردستان نییه جگه له‌وه‌ی له هێرشی داعش و ئه‌سه‌د به‌دوربن وبه‌شداربن له په‌ره‌دان به ئایینده‌ی سیاسی سوریا له‌ژێر به‌ندی 2254دا."
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، كه له مانگی تشرینی یه‌كه‌م، له‌به‌رده‌م كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا شایه‌تی ئه‌وه‌ی داوه پشتیوانیییه‌كی به‌هێز هه‌یه بۆ هێشتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
ئاشكراشیكردوه، له ئێستادا پاشه‌كشه‌ی ئه‌مه‌ریكا له سوریا له‌به‌رنامه‌دا نییه، پرۆسه‌ی پاشه‌كشه به به‌ڵگه‌ی سه‌ركه‌وتنی ته‌واوه‌تییه‌وه به‌ستراوه كه هێشتا روینه‌داوه.