دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 14/01/2022

ھەنگاوەکانی بڕیاردانی دروست

ئاسۆس ئەنوەر سلێمان  

بڕیاردان لایەنێکی گرنگی ژیانی مرۆڤی پێکھێناوە و لەڕەھەندی جۆراوجۆرەوە دەبێت کاری بۆ بکرێت، بەشێوەیەک مرۆڤ نابێت بڕیارەکانی ژیانی وەک کارێکی بێ بایەخ سەیربکات، و ھەڕەمەکی و بەبێ بیرکردنەوەو پلان بڕیاڕ لەسەر شتەکان بدات، بەتایبەت شتانێک کە چارەنووسسازن لەژیانیدا و ئاراستەی ژیانی مرۆڤەکان دیاری دەکەن، و کاریگەریان لەسەر کەسایەتی جۆری خۆبەڕێوەبردن و ھەڵکردن لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگەدا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەو لەپێناوی ئەوەی کە ئێمە بتوانین بڕیارێکی تەندروست و گونجاو لەسەر شتەکان بدەین،

پێویستە ئەم ھەنگاوانەی خوارەوە پەیڕەو بکەین:

١-لەوکاتەدا بڕیاری چارەنووس ساز مەدە کەوا تۆ لەژێر کاریگەری دڵەڕاوکێ و توڕەیی دایت، یاخود لەژێر کاریگەری کەسێکدا بیت کە جێگەی متمانە نییە، بۆیە لە دۆخێکی وادا پێویستە بڕیاردانەکەت بۆ کاتێکی تر دوابخەیت و باشتر بیربکەیتەوەو خۆت ئامادە بکەیت.

٢-پێویستە لە بڕیاردانی خۆتدا ھەماھەنگی دروست بکەیت لەنێوان "ھزر و عاتیفە"، چونکە نابێت بڕیارەکەت تەنھا لەسەر بنەمای لۆجیک و عەقڵ بنیادبنرێت بەبێ ڕەچاوکردنی عاتیفە، وەک چۆن پێچەوانەکەشی دروستە.

٣-گوێ لەو دەنگە بگرە کە لەناخی خۆتەوە سەرچاوەی گرتووە بەمەرجێک تۆ لەکاتێکی ئارام دابیت و نەکەوتبێتیە ژێر ھیچ کاریگەرییەک.

٤-لە ڕەھەندی جۆراوجۆرەوە بڕوانە بڕیارەکەت، وە چەندین پرسیاری جۆراوجۆر لەخۆت بکە بۆ ئەوەی وەڵامت بۆ دروست بێت و ببێتە کارئاسانی و بەرچاوڕوونی بەر لەوەی بڕیار بدەیت.

٥-ئەزموونی مرۆیی خۆت فەرامۆش مەکەو سوودی لێوەربگرە، واتە سەیری ڕابردووی خۆت و ئەو شارەزاییانە بکە لە ھەڵسوکەوت و ئەزموونەکانی پێشووی ژیانی خوتدا بەدەستت ھێناون، چونکە لەبەرچاوگرتنی ئەوان دەتوانی لە ھەندێک ھەڵەو کەموکوڕی خۆت بەدوور بگریت و بەپلانێکی باشتر لەجاران بڕیاڕ بدەین

٦-ھەموو ھەڵبژاردنەکان لەبەرچاو بگرە، بەجۆرێک بۆ ھەر بڕیارێک کە دەی دەیت لەئەگەری ھەر کۆسپ و تەگەرەیەک، یان ھەر گۆڕانکارییەک بەدیلت ھەبێت .

٧-کات بەگرنگ تەماشابکەو ئەوە بزانە بڕیارێک کە بۆ ئەمڕۆ گونجاوە و سوودی ھەیە مەرج نییە گونجاوبێت بۆ کاتێکی دیکە و سوودبەخش بێت.

٨-پێشبینی بەدیھاتنی باشترین و خراپترین ئەنجام بۆ بڕیارەکەت بکە، وە بزانە ئایا تۆ دەتوانی بەرگەی ئەو خراپترینە بگریت کە گریمانەت بۆی کردووە، ھاوکات ئایا خواستەکەت ھاوتەریبە لەگەڵ ئەو باشترینەی کە پێشبینیت کردووە.

٩-بڕیارەکەت لەگەڵ یەکێک لەو نزیکانەی خۆت کە متمانەی پێدەکەیت تاوتوێ و گفتوگۆ بکە ، چونکە ڕەنگە ئەو ھاوڕێیەت ئاگادارت بکاتەوە یان شتێکت بیربخاتەوە، بەتایبەت پێویستە ئەو کەسەی کە پرس و ڕاوێژی پێدەکەین شارەزاو خاوەن ئەزموون بێت لەو بوارەی کە تۆ پێویستت پێیەتی ، ھاوکات جێگەی متمانەی تۆ بێت و بەسوودی تۆ قسە بکات و ڕاستگۆبێت.

١٠-لەکاتی ھەربڕیارَێکدا دەرگایەکی پاشەکشە بەکراوەیی بەجێ بھێڵە، چونکە ڕەنگە لەسەروبەندی بڕیارەکەتدا ھەندێک شتت بۆ دەربکەوێت و بڕیارەکەت پێبگۆڕێت.

١١-متمانە بە بڕیارەکەی خۆت بکەو ڕێزی بگرە، ھەرئەوەش وادەکات دەوروبەر ڕێز لە بڕیارەکەت بگرن، بەجۆرێک پابەندبوون بەبڕیارەکانی کە دەیدەین وا دەکات ھەم خۆمان ھەم دەوروبەر بە متمانەیەکی پتەوتر بڕواننە بڕیارەکەو پابەندی بن.

لە سۆنگەی ئەو خاڵانەی سەرەوەدا ، ئەوە دەڵێین:

بڕیاردان کارێکی فرە ڕەھەندەو پێویستی بە بیرکردنەوەو تەنانەت ھەندێکجار ڕاوێژکردنیش ھەیە، ئێمە نابێت بەبێ بوونی زانیاری و شارەزایی بڕیار بەدەین و بڕیارەکانیشتمان لەئاستی توانستی خۆمان بێت و تێیادا ڕەچاوی ھەموو بەھا کۆمەڵایەتییەکان کرابێت و کاری نەرێنی لەسەر ھیچ کەسێک نەبێت، ناڕەحەتی و کۆسپ و لەمپەر بۆ ھیچ کەس و کارێکی باش و سوودمەندی کۆمەڵگە دروست نەکات. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP