دانی_کەریم
یەکێکە لە هەڵچوونەکانی مرۆڤ و دیاردەیەکی دەروونی ئاساییە و بوونی بە ڕێژەیەکی گونجاو پێویستە بۆ ژیان و مانەوەی تاک لە ژینگەدا، توڕەیی وڵامێکی سروشتییە بۆ هەڕەشە هەست پێکراوەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ماسولکەکان توندتر دەبن و ڕێژەی دڵ و فشاری خوێن زیاد دەکات و چەند نیشانەیەکی جەستەیی و فسیۆلۆژی هەیە، هەرچۆنێ بێت توڕەیی تەنها کاتێک دەبێتە کێشە کە بە شێوەیەکی تەندرووست بەڕێوەنەبرێت.
کەواتە ئەوە خراپ نییە کە هەست بە توڕەیی بکەی؟
توڕەیی هەمیشە خراپ نییە، بەڵام پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بۆ نموونە هەندێک جار لە ڕێگەی توڕەبوونەوە بەسەر ئەو بەربەست و ڕێگرە ناحەقانەدا سەردەکەوین، کە ناهێڵن پێداویستییە سەرەکییەکانمان تێربکەن.
تووڕەبوون بنەمای بایۆلۆژی و بۆماوەیی هەیە و ژینگەی کۆمەڵایەتیش ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشەی پێ دەکات و فێری شێوازەکانی دەربڕینی دەکات، واتە بەهیچ شێوەیەک دەربازبوون نییە لە توڕەیی و بەردەوام لەگەڵماندایە، تەنها چارە ڕێکخستن و خۆڕاهێنانە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی هەڵچوونەکانمان و گوزارشت لێکردنییەتی بەشێوەیەکی درووست و گونجاو لە کۆمەڵدا، وە توڕەبوون لای هەموو کەس هاوبەشە ئەوەی کە جیاوازە لەلای تاکەکان و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر دەگۆڕێت چۆنییەتی دەربڕین و گوزارشت لێکردنیانە.
چی دەبێتە هۆی توڕەبوونی خەڵک؟
زۆر هۆکاری هاوبەش هەیە بۆ توڕەیی بۆ نموونە لەدەسدانی خۆڕاگری، هەستکردن بە نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافەکانی و زوڵم و ستەم و بەربەست لەبەردەم ئامانجەکان و...، هەروەها لە منداڵیشدا کۆمەڵێک هۆکار هەیە کە پێی توڕە دەبن بۆ نموونە گۆڕینی جل و بەرگ، هەست کردن بەوەی سەربەست نین، نادادپەروەری لەنێوانیان، داهێنانی پرچ یان لەدایک بوونی منداڵی تازە...
ئایا تووڕەیی دەتوانێت زیان بە تەندروستی بگەیەنێت؟
هەندێک لە توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە توڕەیی دەرببڕێت بەشێوەیەکی گونجاو، چونکە هێشتنەوەی تووڕەیی دەتوانێت زیانبەخش بێت بۆ تەندروستیت، سەرکوتکردنی تووڕەیی دوور نییە ببێتە هۆی چەندین گیروگرفتی دەروونی و نەخۆشی سایکۆسۆماتی (psychosomatic) .
چەند ڕێگەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توڕەیی وەکو:
• پێش ئەوەی قسە بکەیت بیر بکەرەوە، لە گەرمەی توڕەییدا ئاسانە شتێک بڵێیت کە دواتر پەشیمان دەبیتەوە، چەند ساتێک بخایەنە بۆ کۆکردنەوەی بیرکردنەوەکانت پێش ئەوەی شتێک بڵێیت.
• کاتێک ئارام بوویت تووڕەیی خۆت دەربکە، چونکە پەنگخواردنەوەی توڕەییەکان زیانی هەیە بەڵام بێ ئەوەی زیان بە کەسیتریش بگەیەنیت.
• چەند وەرزشێک وەربگرە، چالاکی جەستەیی دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی ئەو سترێسانە بدات کە دەبێتە هۆی توڕەبوونت، ئەگەر هەست دەکەیت تووڕەییەکەت زیاتر دەبێت، بڕۆ بۆ پیاسەیەک یان ڕاکردن، یان هەندێک کات بەسەر ببە بۆ ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی چێژبەخش.
• کات وەربگرە، لە کاتی ڕۆژدا پشووی کورت بە خۆت بدە، چەند ساتێک لە کاتی بێدەنگ لەوانەیە یارمەتیت بدات کە باشتر ئامادە بیت بۆ چارەسەرکردنی ئەو شتانەی لە پێشتە بەبێ ئەوەی بێزار یان توڕە بیت.
• دەستنیشانکردنی چارەسەرە گونجاوەکان
لەجیاتی ئەوەی سەرنج بدەیت لەسەر ئەوەی کە تۆی شێت کردووە، کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە بکە، ژوورە پیسەکەی منداڵەکەت شێتت دەکات؟ دەرگاکه دابخه، بیرت بخەرەوە کە تووڕەیی هیچ شتێک چارەسەر ناکات و لەوانەیە تەنها خراپتری بکات.
• کاتێک کە توڕەی کارامەیی هێورکەرەوە بخە کار، ڕاهێنانی هەناسەی قوڵ بکە، دیمەنێکی ئارام وێنا بکە، یان وشە یان دەستەواژەیەکی ئارامکەرەوە دووبارە بکەوە، گوێ لە مۆسیقایەکی ئارام بگرە یان یوگا ئەنجام بدە، ئیتر هەر شتێک کە پێویست بێت بۆ هاندانی پشوودان.