نووسینی: ڤ. ئا. باچینین
و. لە ڕووسییەوە: پێشەوا خالید
ئەوروپا لە سەدەی نۆزدەیەمدا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی قووڵی بەخۆیەوە دی. شۆڕشە بۆرژوازییەکان کە هەژموونیان بەسەر ئەو قۆناغەوە هەبوو، نەیانتوانی ئەو ئەنجامانەی کە چاوەڕوان دەکرا پێشکەشی مرۆڤی بکەن. لەم قۆناغەدا، خود، یان تاک، تەنها یەک ئازادیی بەدەستهێنا ـــ ئەویش بریتی بوو لە ئازادیی بەرزخوازیی. ئەم ئاڕاستەیە کە لەناو کۆمەڵگادا سەریهەڵدا دواجار بوو بە بەشێک لە ئاگایی ئەندامەکانی کۆمەڵگاش. ئەقڵە لاوازەکان کە تووشی ئەم دەردە ببوون، یان لە شێتیدا نقووم ببوون، یان بە دووی ڕێگایەکدا بۆ ڕزگاربوون دەگەڕان.
فەیلەسوف و شاعیر، نووسەر و هونەرمەند، خوێندکار و ڕۆشنبیر سەرنجیان چووە سەر ئەو ئەتمۆسفێرەی کە باوەشی بۆ بیرکردنەوەی ئەوروپا کردبووەوە. ئیدی ئاشکرایە کە لەبەرچی لەنێو ئەو گشتە دەنگەدا، چەند دەنگێکی جیاواز بەرز دەبنەوە و یەکدەگرن، وەک ئەوەی ئەمان هەمان تێم لە ئاڕاستە و دەلاقەیەکی دیکەوە ببینن. لەم چوارڕیانی پڕ لە کێشەدا، دوو ناوی مەزن، کە دیارە تا ئەوی دەمێ گەلێک لە یەکترەوە دوور بوون، سەرهەڵدەدەن، ئەوانیش فەیلەسوفی ئەڵمانیی (گیۆرگ ڤیلهێلم فریدریش هێگل) و نووسەری ڕووسیی (فیۆدەر میخایڵۆڤیچ دۆستۆیێڤسکی) بوون.
هەم کارەکانی هێگل و هەم ڕۆمانەکانی دۆستۆیێڤسکی بریتی بوون لە فۆڕمێکی توێژینەوە لە بوونی مرۆڤ. بۆ تێگەیشتن لە بەلاڕێدابردنی خود و دنیای ناوەوەی مرۆڤ لە دۆخی نابووتی سەرمایەداریدا، هێگل زۆرینەی لاپەرەکانی فیۆنۆمینۆڵۆژیای ڕۆحی بۆ تەرخان کردووە، بەتایبەتی لەبارەی بابەتی «جیهانی ڕۆحێکی نامۆ». هێگل لێرەدا وێنەیەکی پێکهاتن و پێگرتنی پەیوەندیی بۆرژوازیی – سەرمایەداریی لە ئەوروپا دەنەخشێنێ، لە هەمانکاتدا ژمارەیەک تایبەتمەندیی کوشندەی ئەم پرۆسەیەش دەستنیشان دەکات.
«جیهانی ڕۆحێکی نامۆ» ـــ واتا دونیا چیتر دونیایەکی فیۆدال نییە، هەروەها هێشتا کاپیتالیزمیش نییە. سەرباری ئەوەش، لە ئاگایی مرۆڤایەتیدا دیاردەی «پەرتبوون» هەیە، لە دوو ئێپیستمدا سەر هەڵدەدات و لە تێکەڵبوونی بەشەکانی سیستەمە جۆراوجۆرەکانی بەها ڕۆحییەکان لە ئاگایی ئیندیڤدوال، یان تاکدا دەوەستێت. فەیلەسوفە ئایدیالیستەکە، واتا هێگل، هەوڵدەدات شێوەکانی واقیعی مێژوویی لەسەر بنەمای دەسکارییەکانی ئاگایی ڕوون بکاتەوە. بەم شێوەیە، پرۆسە مێژووییە ڕاستەقینەکە دەستنیشان دەکات. بەڵام گرنگە تێبینیی ئەوە بکەین، کە هێگل شتە سەرەکییەکە – واتا پەیوەندییەکانی نێوان شێوەکانی بوون و ئاگایی، وەچنگ دەخات. هێگل خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانی تایبەتمەندیی ئێپیستمەکان لەگەڵ ئاگایی پەرتبوودا بە دیاردەیەکی هەمان یاسا و ڕێخستن دەبینێت.
ناوازەیی هێگل لەو ڕاستیەدا دەدرۆشێتەوە، کە یەکەم بیریاری ئەوروپیی بوو شیکردنەوەیەکی بێ قەیدوشەرت لەبارەی یەکێک لە ئاڵۆزترین ئەو فینۆمینانەی ژیانی ڕۆحی کۆمەڵگا بکات.
«ئاگایی پەرتبوو» تایبەتمەندیی بەشێکی زۆری کەسایەتیی پاڵەوانەکانی دۆستۆیڤسکین. دژیەکییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕووسیا کە لە جیهانی ناوەوەی پاڵەوانەکانی دۆستۆیڤسکیدا ڕەنگی داوەتەوە، جۆرێک لە ئەزموونی درامی ڕۆحی و ئاڵۆز لای خوێنەر درووست دەکات، کە تەنانەت هاملێت «بوون یان نەبوون» لە چاویدا هیچ نییە. دیارە هاوشێوەیی تێمی نامۆبوونی بوونی مرۆڤ لای هێگل و دۆستۆیڤسکی دەرئەنجامی کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئایدیاکانی هێگڵی نییە لەسەر کاری نووسەرە ڕووسەکە، بەڵکو دەبێت لە ئاستێکی دیکەدا باس لە کاریگەریی ئاڵۆزتر و ناڕاستەوخۆ بکەین.
بەهەرحاڵ، لێرەدا مەبەست لەوە نییە کە دۆستۆێڤسکی ئاشنایەتیی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ فەلسەفەی هێگلدا نەبووە، بەپێچەوانەوە زانیاریی پشتڕاستکراوە لەبەردەستە، کە دۆستۆیڤسکی ئاگاداری فەلسەفەی مێژووی هێگل بووە. دۆستۆیڤسکی لە نامەیەکی ئۆمسک کە بەرواری ٢٢ی شوباتی ١٨٥٤ی لەسەر بوو، داوایەک لە برا گەورەکەی دەکات، کە لەگەڵ چەند کتێبێکی دیکەدا کتێبی «ڕەخنەی ئەقڵی پەت»ی کانت و «فەلسەفەی مێژوو»ی هێگلی بۆ بنێرێت، بەتایبەتی فەلسەفەی مێژووی هیگڵ، چونکە چارەنووسی بەو کتێبەوە بەستراوەتەوە».
ڕوون و ئاشکرایە، دۆستۆیڤسکی ئاشنای کار و بەرهەمەکانی (پرودۆن) بوو کە بە تەواوی لەژێر کاریگەریی فەلسەفەی هێگلدا بوو. هەروەها دۆستۆیڤسکی هاڕێیەکی چەندان ساڵەی (ستراخۆڤ) بوو، کە ئەمیش یەکێک بوو لە ئایدیالیستە ناودارە ڕووسەکان و بە تەواوی لەژێر کاریگەریی هێگلدا بوو. ئیدی هەموو ئەمانە نیشانە و بەڵگەی بێ ئەملاولای ئەوەن کە دۆستۆیڤسکی ئاشنای بنچینەی فەلسەفەی هێگل بووە.
لێ بێگومان ئەمە بەس نییە بۆئەوەی قسە لەسەر کاریگەریی ڕاستەوخۆی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانیی بکەین لەسەر دۆستۆیڤسکی. بەڵێ تەنانەت ئەستەمە، چونکە ساڵانی کارکردنی دۆستۆیڤسکی هاوکات بوو لەگەڵ ماوەی شیکردنەوەی قوتابخانەی هێگلیی. بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە، کە لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی دۆستۆیڤسکی و شێوەی فینۆمینۆڵۆژیای «ئاگایی پەرتبوو»ی هێگلدا وەکو ڕۆحی ئاڵۆزترین سەردەمی مێژوویی تا دواڕادە لە یەکتری نزیک بوون.
هێگل دیاگنۆزێکی کرد، کە ئاماژە بوو بە سەرەتای قەیرانێکی هزریی مێژوویی، دۆستۆیڤسکیش لە چوارچێوەی شێوەی مرۆڤی ڕووسیی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا شیکردنەوەیەکی دیزاینکراوی هونەریانەی بۆ مرۆڤ کرد، کە زۆر بە چاکی کاتیگۆریای «ئاگایی پەرتبوو»ی هێگلی تێدا دەبینرا. بۆیە لێرەدا دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین، کە ئەنجامی شیکارییە ئەدەبیی و فەلسەفییەکەی هەردوو بیریار لەبارەی دیاردەی ژیانی ڕۆحی کۆمەڵگا لەنێوان سنوورەکانی فیۆدالیزم کاپیتالیزمدا زۆر لە یەکترەوە نزیکن و تەواوکاری یەکترن.
ئەو ئەرکانەی کە هێگل بۆ خۆی دیاری کرد لە بەرهەمهێنانی »فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح»دا، لە پێوانەدا بێ هاوتا بوو. وەک ئەرستۆ، هێگڵیش ویستی، دەسەڵاتی ژیریی خۆی بەسەر تەواوی ڕۆحی بوونی مرۆڤدا بەرقەرار بکات. بەم بیرۆکانەی توانی ئەو کتێبە ناوازەیە بنووسێت، واتا فینۆمیۆڵۆژیای ڕۆح، کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر پرسی زیندوو دیاری دەکات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە.
لەبارەی بابەتی دۆستۆیڤسکی و هێگل، سەرنجڕاکێشترین ئەو پەڕانە تەرخان کراوە بۆ «دونیای ڕۆحێکی نامۆ». لە لای هێگل لە پشت وێنە فینۆمینۆلۆژییە نائاساییەکانی ئاگایی«خانەدان»، «نزم» (سەروەر و کۆیلە) و «پەرتبوو» پرۆسەی بە کاپیتالیزەبوونی دونیای ئەوروپا ئامادەیە. ئیدی ئەمە پەیوەندییە تۆکمەکان و ڕێکخستنە تۆکمەکانی «شانشینی ئاکار» نییە وەك لە کۆندا باو بوو، بەڵکو ئەمە ڕۆژگاری پەرتبوونی گشتە بۆ تاکایەتی، ڕۆژگارێک کە تیایدا تەنها «من» بایەخی هەیە نەک «ئێمە».
جۆری ئەو ئاگاییانەی لە لایەن هیگڵەوە دیاریکراوە، پشتبەست بە پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەت و دەسەڵات، پێگەی خۆیان بەدەستدێنن. ئاگایی «خانەدان» (سەروەر) ئەو دوو هێزە وەکو باشە هەڵدەسەنگێنێت و ئاگایی نزم (کۆیلە) وەکو نمایشی خراپە.
ڕیسوابوونی بەرەرەبەرەی ئاگایی خانەدان (سەروەر) و هەڵکشانی ویستە بەرزخوازییەکەی، بەردەوام بۆ ئەو دۆخەی دەبات، کە جیاوازیی نەمێنێ لەگەڵ ئاگاییە دژبەرەکەی، واتا ئاگایی نزم (کۆیلە). بۆشایی نێوان واقیع و ئاگایی، ژیانی ئاسایی و ئایدیال، بەرپرسن لەم دووبارە لەدایکبوونەوەیە. چونکە بەپێی هێگل، خودی ئاگایی موڵکی واقیعە و ئەو درز و لێکترازانەش هەر بەنێو واقیعدا تێدەپەڕێت، بۆیە ناوی دەنێ ئاگایی پەرتبوو. ئاگایی پەرتبوو لەو ساتەدا سەر هەڵدەدات، کە ئاگایی خانەدان خۆی دەکات بە دوو بەشەوە. ئەمەش وەک ئاگایییەکی خانەدان (سەروەر) وایە کە درک بە بێبایەخبوونی خۆی دەکات، پاشکۆیەتی بۆ کەسایەتی «ئەویدیکە». «ئەویدیکە» لە تێگەیشتنی هێگلدا، واتا فیگوری مەنارخ ـــ پادشا.
درککردن بە نایەکسانیی لەنێوان دۆخی پاشا و ناجێگیری پێگەکەی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە دڵی سوارچاک (ئاگایی خانەدان) پڕبێت لە بێبایەخیی و نابووتییەکی هەرە قوڵ. خزمەتیی قارەمانێتیی و سروشتی پایەبڵندیی پەیوەندییەکان گوم دەبن و لەبری ئەوە نائومێدیی، بەرزخوازیی، ماستاوچێتیی، ترس، دووڕوویی و چاوچنۆکیی جێگەی دەگرنەوە. ئەو شێوازەی کە هێگل مافی بوونی دەرکەوتنی «ئاگایی پەرتبوو»ی لەسەر بوونیاد دەنێت، گەلێک سەرنجڕاکێشە.
ئەو باوەڕی بەوە نییە کە «پەرتبوون» خەسڵەتی تەواوی ئەقڵە لەم قۆناغە مێژووییەدا. جگە لە ئاگایی پەتبوو، «ڕاستگۆیی» و «ئاگایی ڕاستگۆیی»ـش بوونی هەیە، کە هیچ شتێک ناتوانێت بیهەژێنێت، و تێکچونی واقیع توانای ئەوەی نییە بیروباوەڕەکانی بلەرزێنێت، بیرکردنەوەکانی تۆکمە و ڕاست و ڕوونن. لەم ڕووەوە هزرێکی هێگلیی ئامادەیە، کە پێیوایە سەردەمەکان بەرهەمهێنەری ئەقڵ و تایبەتمەندیی مرۆڤەکانن. ئەگەر دونیا بەسەر دوو بەشدا دابەش بوو، ئەوا درزەکە دەبێت بە دڵی مرۆڤایەتیدا تێپەڕێت، بێگومان ئەگەر ڕێڕەوی مێژوویی لێ گوم نەبێ و دوور نەکەوێتەوە.
ئێستا با بگەڕێینەوە سەر باسی ئەو تاکەی هێگل پێیوایە خاوەنی ئاگاییەکی پەرتبووە. سەرەکیترین تایبەتمەندیی ئاگایی پەرتبوو بریتییە لەوەی کە کرۆکی جیهانبینیی خۆی لەدەستداوە، دەنا دەیتوانی وەک خاڵی وەرچەرخان لە دۆخی درامی و ئاڵۆزدا ڕێبەری بکات. ئەو تێکچوونەی کە لە ئاگاییەکەیدا ڕوودەدات، دەبێتە هۆی ئەوەی دەست بە نرخاندنی بەها تەقلیدییەکانی بکات، کە بە شێوەیەکی شۆکهێنەر لە تێکەڵبوونی هەموو تێگەیشتنەکانی پێشوویدا ڕوویانداوە، بەتایبەتی لە تێگەیشتنە ئاکارییەکانیدا.
لە ساڵی ١٨٠٥ هێگل بە بایەخێکی زۆرەوە کاردانەوەی هەبوو بۆ وەرگێڕانی بەرهەمی «خوشکەزاکەی ڕامۆ»ی د. دیدرۆ، کە لە لایەن گۆتەوە وەرگێڕدرابوو. هێگل لە گفتوگۆکانی برازاکەی ڕامیۆدا، نەک هەر گەمەیەکی عەقڵیی ناتەبا، بەڵکو زمانێکی «پەرتبوو»شی وەك جەوهەر و ڕاستی ڕۆشنگەریی بینی. سەرەڕای توانای ڕامۆ بۆ بیرکردنەوە و تێگەشتن، بەڵام لە مێشکیدا ھەندێک لە چەمکەکان بە تێکەڵوپێکەڵی ئامادەن.
ناڕێکی قسەکانی بەڕێکەوت نییە، بەڵکو بە ئاگایییەوە ناڕێکانە دەدوێ. هەموو ئەمانە دەمانبەن بۆ بیرکردنەوەیەک لەبارەی چەند هۆکارێکی بابەتیانە بۆ ئەم «ڕێکی ناڕێکییە» لە دادوەریکردنەکانی پاڵەوانەکەی د. دیدرۆ. هێگل هۆکاری داڕمانی تێگەیشتنەکانی لە گوتەکانی برازاکەی ڕامۆدا لەو ڕاستییەدا بینی، کە لە ئاگایییەکەیدا حەتمیەتی «پەرتبوون» ئامەدەیە.
دیالەکتیک ڕاستەوخۆ لە خودی ژیانەوە هاتە نێو بەهەمەکانی دۆستۆیڤسکییەوە. «ژیانی زیندوو» لە وێنەی خوددا دیالەکتیکێکی هونەرییانەی هێنایە بوون. لەدایکبوونی دیالەکتیکی هونەریانە چرکەساتێکی بەڕێکەوت نییە لە مێژووی ئەدەبیاتدا. بەڵکو پێشتر لە سەردەمێکی گرنگی مێژوویی و کولتووریی ئەوروپادا، لە ئەنجامی ئەو ئەزموونەی کە مرۆڤ لە گەشەی هونەریی دونیادا کۆیکردبووەوە، دەرکەوتبوو.
کەسایەتیی پاڵەوانەکانی نێو ڕۆمانەکانی دۆستۆیڤسکی تەنها دەستکردی خودی نووسەر نین، بەڵکو نموونەی سەردەمێکی دیاریکراویشن. دۆستۆیڤسکی پێیوایە: «لەنێو ناوەندی ژیانی ڕووسییدا ئەوەندەی باسی لە لەدایکبوون و پەیدابوونی مەیلێکی نوێی سەرمایەداریی لە کۆمەڵگای ئەوی دمێی ڕووسییدا دەکرا، ئەوەندە باسی کێشەکان و پەیوەندییەکانی سیستەم و مافی درەبەگایەتی نەدەکرا».
نامۆییەکە لەو ڕاستییەدایە، کە لە دوای ڕیفۆرمی ڕووسییدا، کۆمەڵێک کەسایەتیی درووست دەبن، زۆر جیاواز لە جۆری دەستە هێگلییەکە. لەمبارەیەوە دۆستۆیڤسکی لە تێبینییەکانیدا بۆ ڕۆمانی «یادەوەرییەکانی ژێر زەوی»ـدا دەڵێت: «بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجەی کە کۆمەڵگای ئێمە بە گشتیی لە ژێر سایەیدا دروست بووە، کەسانی وەک نووسەرانی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە پێویستە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونیان هەبن».
بۆ دۆستۆیڤسکی هۆکاری بنچینەی کۆمەڵێک هزر و هەست وەک «پارادۆکسیکالیست» شتێکی نهێنی نییە. بەم مانایەش لەگەڵ (بێلینسکیی) هاوڕایە، کاتێک لەبارەی شێوازی هونەری قوتابخانەی سروشتیی نوسیوێتی: «مرۆڤێک، کە لە کۆمەڵگا دەژی، هەم لە شێوازی بیرکردنەوە و هەمیش لە جۆری کردارەکانیدا، پشت بە کۆمەڵگا دەبەستێت. نووسەرانی سەردەمی ئێمە ناتوانن لەم ڕاستییە سادە و ئاشکرایە تێبگەن، و بۆیە لە کاتی وێناکردنی مرۆڤدا هەوڵ دەدەن بۆ ئەو هۆکارانە بگەڕێنەوە کە ئەو مرۆڤەی گەیاندووە بە هەر دۆخێک. لە ئەنجامدا، بە شێوەیەکی سروشتی، سوود و زیانە تایبەتەکانی کەسێک، یان هەر کەسێکی دیکە وێنا ناکەن، کە بە جیا توێژینەوەی لێکراوە، لە کاتێکدا دیاردەیەکی گشتییە».
لێکچوونێکی زۆر لە نێوان «یادەوەرییەکانی ژێر زەوی»ی دۆستۆیێفسکی و «ئاگایی پەرتبوو»ـی هێگلدا هەیە. ئەگەر «پەرتبوو» خۆئاگایی بێت، کە تایبەتمەندییەکانی بریتییە لە ڕەتکردنەوە ڕێکییەکانی خۆی، داخۆ «یادەوەرییەکانی ژێر زەوی» دۆستۆیڤسکیش هەمان شت نییە؟! کە جەوهەرەکەی لە ئاگایی نامۆبوونی خۆیدایە! کە لە تووڕەبوونە لاواز و بێهودەییەکەیدا هەموو کەس و هەموو شت ڕەتدەکاتەوە. لە جەوهەری دەرکەوتنیاندا، ئەمانە دیاردەی هەمان دەستەن. تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە «یادەوەرییەکانی ژێر زەوی» پلەی کۆتایی «پەرتەوازە»ی ئاگایییە، کە شێوەی پارادۆکسیی و هەڵوەشاوەیی وەرگرتووە.
هەندێک تایبەتمەندیی وێنەی مرۆڤی نێو «یادەوەرییەکانی ژێر زەوی» سەرنج ڕادەکێشێن. ئەگەر بتوانین بە ئازادیی وێنای دەرکەوتنی ڕادیۆن ڕاسکۆلنیکۆڤ، یان ئیڤان کارامازۆڤ بکەین، ئەوا سەبارەت بە دەرکەوتنی «پارادۆکسییست»، جگە لەوەی کە ئەمانە کەسانێکی کەم و سەرلێشێواون، و پانتالۆنەکانیان شڕن و پەڵەی زەرد بەسەر ئەژنۆیانەوە هەیە، خودی چیرۆکەکان لە بارەی هیچ شتێکی دیکەوە نادوێن. دۆستۆیڤسکی ئەوەی بۆ گرینگ نییە، داخۆ فیگەری پاڵەوانەکانی تا چەندە بە شێوەیەکی سەیر لای خوێنەر دەربکەون، بەڵکو لە بنەڕەتدا مرۆڤ و کێشە، مرۆڤ و درامای بۆ گرینگە. بۆیە نووسەر نەخشەی دنیای ناوەکی ئاگایی خۆی دەکێشێت.
بۆ دۆستۆیڤسکی ئاگایی «دژە پاڵەوان» زەمینەیەکە بە جەمسەرەکانییەوە، کە لەنێوانیاندا گرژییەکی بەردەوام هەیە. سەرچاوەکەی لە تراژیدیای هەڵوێستی مرۆڤێکدایە کە هەوڵی داوە، بەڵام لێناگەڕێن «میهرەبان بێت». ئەو دووبەرەکییە بەئێشەیی لە نێوان هزر و واقیعدا لە ئاگایی جۆری مرۆڤی «یادەوەرییەکانی ژێرزەوی»ـدا دروست دەبێت، واتا ئەو «درزە»، بەرەو ئەو بیرۆکەیەمان دەبات کە ئاگایی زیان بۆ مرۆڤ دەهێنێت، هەر ئەوەندە ئاگایی زیاتر بێت، ئازارەکان گەورەتر دەبن، وە ئاگایی ئەو هۆشە نەخۆشەیە کە دەبێت ڕزگارمان بێت لێی. لە لاپەڕەکانی «یادەوەرییەکانی ژێر زەوی»ـیەوە هاواری پیاوێک دێت کە «ئاگایی پەرتبووی» وەک ئەندامێکی پارچە پارچەکراوی لەشی دەردەکەوێت و دەبێت لێی ڕزگار بکرێت.
لە «یادەوەرییەکانی ژێر زەوی»ـدا تراژیدیا و ترسناکی ئەو دۆخەی کە هەڵگری «ئاگایی پەرتبووە»، بە ڕووتیی دەردەکەوێت، کە لە ڕۆمانەکانی دیکەی دۆستۆیڤسکیدا نابیارێت و چیدی لای هیچ کام لە نووسەرانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەمدا دەرناکەوێت. بیرکردنەوەی جۆری مرۆڤی «یادەوەرییەکانی ژێر زەی» لە دۆخێکدا نین بتوانن سنووری خۆیان تێپەڕێنن. لەنێو سنووری خۆیاندا دەخولێنەوە و ناتوانن بچنە دەرەوەی سنووری بوونی خۆیانەوە. تەنیا بە خواردنەوەی ژەهری غەم و ئازارەکانی ڕۆژانەی خۆیان دەژین.
دۆخەکە لای ڕاسکۆلنیکۆڤ جیاوازە ـــ لای ئەو ئاگایی پەرتبوو بەشێوەیەکی سەرەکی وەکو دژیەکی نێوان ئایدیا و سرووشت دەردەکەوێت. لەنێو پەرچەکرداری دەروونی و تاکایەتی ڕاسکۆلنیکۆڤدا دەکرێت دوو لایەن بدۆزرێنەوە: لۆژیکی، کە لە نیاز و دەرئەنجامە پێشبینیکراوەکان پێک دێت. ڕیاڵیش، وەك زنجیرەیەک کاردانەوەی پێشبینی نەکراوی سرووشتی خۆی بەرامبەر بە کردەوەکانی خۆی دەردەکەوێت. ئەم کاردانەوانە وەک هێزێک دەردەکەون و پرۆسەی بیرکردنەوەی تێکدەشکێنن و کاریگەرییەکی بەهێز لەسەر هەموو کردەوەکانی ڕاسکۆلنیکۆڤ درووست دەکەن.
دۆستۆیێڤسکی داهێنانێکی ئافراند، کە دوای ساڵانێکی زۆر لە زانستی دەرونناسیدا پێیگەیشتن. قەیرانی فیکریی سەردەمیی، کە هۆکاری سەرەکیی دەرکەوتنی دیاردەی «ئاگایی پەرتبوو»ە، بە شێوەیەکی نائاسایی لە مێژووی کۆنکریتی ئەو وەهمانەی خوێندکارەکەی پیتەربورگردا (ڕاسکۆلنیکۆڤ) بەڕوونی دەردەکەوێت. لە گەڕانەکەیدا، ڕاسکۆلنیکۆڤ وا دیارە لە پێویستی گوزارشتە دێرینەکە «خۆت بناسە»، دەپەڕێتەوە بۆ پرسیاری هەنوکەیی «چ بکەم؟».
سوودخوازیی بۆرژوازیی (لوژین یان ڕاکیتینی دۆستۆیڤسکی) خاوەنی ئامانجی کۆمەڵایەتیی دیاریکراو بوون، هاوکات کێشەی ئەخلاقییان بەشێوەیەکی لاوەکی هێنایە سەرباس. لێ بۆ ڕاسکۆلنیکۆڤ کە هەوڵ دەدات بچێتە نێو ڕەهەندی بەهایەکی جیاوازترەوە و پراگماتیزمی بۆرژوازیی ڕووت ڕەتدەکاتەوە، کێشە دەروونی و ئەخلاقییەکان دەهێنێتە پێشەوەی ئاگاییەوە. هەموو ئەمانە وەکو لایەنێکی کۆنکرێتی و زەق دێنە ژیانییەوە، لێ وەڵامی پرسیاری «چ بکەم» نازانێ، بۆیە کردەیەک دەکات کە سەرسوڕهێنەرانە بێمانا و بێکەڵکە.
هاوشێوەی ڕاسکۆلنیکۆڤ، هەمان شت لەگەڵ ئیڤاندا ڕوودەدات: هەردووکیان هەوڵیاندا یاسای ئەخلاقی خۆیان لەسەر بنەمای ئەم تێزه وەربگرن: «ئێمە، خەڵکای ژیر، هەموو شتێک بۆمان ڕێگەپێدراوە!». بەڵام هیچ کامیان ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاو نەگرت، کە یاسای ئەخلاقیی دەبێت بنەمایەکی ڕاستەقینەی هەبێت، لە واقیعەوە وەرگیرابێت، کە هاوکات هێزی زیندووی پێ دەبەخشێت. ڕاسکۆلنیکۆڤ و ئیڤان بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی واقیعەوە، سەرئەنجام واقیع وەکو «بومێرانگێک» بۆیان دەگەڕێتەوە، تا لە هەردووکیان بدات، یەکێکیان «سزا» دەدات، و ئەوی دیکەیان دێوانە دەکات.
وێنە هونەرییەکانی دۆستۆیڤسکی ـــ بریتین لە وێنەکانی دەستەی یەکەم، و ڕاستەوخۆ لە واقیعەوە وەرگیراون. وێنەی دیاردەناسیی جۆرەکانی ئاگایی لای هێگل و لەنێویاندا «ئاگایی پەرتبوو»، دەکرێت بە وێناکردنی دەستەی دووەم ناوزەد بکرێن، گشتاندن و سرووشتی تیۆریای پاشگەزبوونەوەیان، بە ڕوونی ئاماژە بە ئەسڵی پەیدابوونی ناراستەوخۆیان دەکات. «ئاگایی پەرتبوو»ی هێگل مۆدێلێکی ئەبستراکتی لۆژیکی دیاردە ڕاستەقینەکانە، کە تا ئێستا سەنگی چەمکێکی زانستیی پێ نەدراوە، بەڵام هەموو ئەو شتانەی لەدەستداوە کە لە وێنەی هەستیی ـــ گشتگیری هونەری ئیندیڤیدبووندا هەیە.
بەڵام، لایەنی شیعریی و ڕەنگاوڕەنگیی زمانی هێگل، وا دیارە خوێن دەبەخشێت بە وێنە هەڵبڕکاو و بێ ڕەنگەکەی «ئاگایی پەرتبوو». دۆستۆیڤسکی پێش هەموو شتێک هونەرمەندە، سیستمێکی نییە و پێویستیشی پێی نییە. ئەو بە شێوەیەکی خەریزەیی، نەک لە ڕووی عەقڵانییەوە، لە هەمەجۆری واقیعی دەورووبەری و ئەو شتانەی کە مەودای خەیاڵی فراوان دەکەن، یان ئەو شتانەی کە لە ڕۆحی داهێنەرانەی خۆیەوە نزیکە، سوود وەردەگرێت.
گرنگە تێبینیی ئەوە بکەین، کە بۆ هەردوو هێگل و دۆستۆیڤسکی، «ئاگایی پەرتبوو» و «یادەوەرییەکانی ژێر زەوی» دیاردەیەکی کاتین، کە دەبێت لە پرۆسەی مێژوودا تێپەڕن، و بە دەستکەوتی بەرزترین ئایدیاڵ نکۆڵیان لێ دەکرێت و ڕەتدەکرێنەوە.
ئەو قەیرانە فیکرییە سەردەمییەی، کە لە سەدەی نۆزدەیەمەوە دەستی پێکرد، ئەگەر لای هێگل لە شێوەی «ئاگایی پەرتبوو»دا تۆمار کرابێت، ئەوا دۆستۆیڤسکی لەسەر بنەمای ئەزموونی ژیانی ڕووسیی، ئەم دیاردەیەی بە شێوەیەکی هونەری مانادار دیزان کردووە. بەمشێوەیە ئەنجامی شیکارییە فەلسەفیی و هونەرییەکانی هێگل و دۆستۆیێڤسکی تەواوکاری یەکترن.
سەرچاوەکان
1 См.: История философии в СССР, т. З. М., 1968, с. 367.
2 Гегель Г. В. соч., т. 4, М., 1959, с. 280—281.
3 Фридлен дер Г. М. Реализм Достоевского. М.—Л., 1964, с. 11. 2 Закав 1008
4 Белинский В. Г. Полн. собр. соч., т. 8. М.—Л., 1957, с. 82. Б Гегель Г. В. Соч., т. 4, с. 279. в Там же, с. 282.