دواین هەواڵ

کوردستان‌

 27/10/2021

مەسرور بارزانی هاوکاری ئەو خێزانە دەکات بەسکێک 6 منداڵیان بوو

هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا هاوکاریی ئەو خێزانە بکات کە بە سکێک شەش منداڵیان بووە و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت "لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ سەردانیان دەکەین".


رۆژی سێشەممە 26-10-2021 دایکێک لە هەولێر بە سکێک شەش منداڵ ( پێنج کوڕ و کچێک )ی بوو، رەوەند باوکی منداڵەکانە و لەو بارەیەوە رایگەیاند، کە هەستێکی خۆشی هەیە و سوپاسی خودای کرد کە شەش منداڵی پێبەخشیون، بەڵام گوتی " بەخێوکردنی ئەو منداڵانە زۆر زەحمەت دەبێت."

لەلایەن خۆشیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەممە، به‌ نوێنه‌رایه‌تیی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هاوكاریی پێشكەشی ئه‌و خێزانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دوێنێ له‌ هه‌ولێر شه‌ش منداڵیان به‌ جارێك بوو.

منداڵەکان کاتژمێر 10:00ی بەیانی رۆژی سێشەممە 26-10-2021 بە شەش مانگی و بە سرووشتی لەدایکبوون، دایکی شەش منداڵەکە لەوبارەیەوە وتی، ئەوە دووەمجارە منداڵی دەبێت و پێشتر منداڵێکی دیکەی بووە و کچ بووە.

هاوکات دکتۆر شادان شێروان حەیدەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لە هەولێر رایگەیاند "بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و فێرکاری حاڵەتێکی دەگمەن بۆ ئافرەتێکی دووگیان کە بە یەک سک 6 منداڵی بوو، پێشتر منداڵێکی هەبوو و ئەوەش زۆر دەگمەنە."

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوون لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد "باری تەندروستیی دایکەکە زۆر باشە، بەڵام بارودۆخی منداڵەکان باش نییە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP