دواین هەواڵ

عێراق‌

 17/10/2021

ڕەوتى حیکمە ڕایدەگەیەنێت بەڵگەى زۆریان لەسەر پێشێلکارییەکانى هەڵبژاردن پێشکەش بە دادگا کردوە

هەرێم نیوز
ئەندامێکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراقی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم رایدەگەیێنێت، لە دادگە تانەی نوێ و بەڵگەی زۆریان لەبارەی "پێشێلکاریی گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردن" پێشکەش کردووە .

 مورتەزا مەلا جەواد، ئەندامی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رۆژی یەکشەممە،  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندوە، ئەنجامی هەڵبژاردن شەقامی عێراقی دووچاری بێهیواییەکی گەورە کردووە و "وردبینی لەو تانانە نەکراوە کە پێشکێشی کۆمیسیۆن کراون".

ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە دەشڵێت: لە دادگە تانەی نوێ و بەڵگەی زۆریان لەبارەی "پێشێلکاریی گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردن" پێشکێش کردووە و چاوەڕێی وەڵامی تانەکان دەکەن و "دوای وەڵامدانەوەیان قسەی خۆیان دەبێت".

سەبارەت بەوەی رەوتی حیکمە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت دەبێت یان دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن، ئەندامەکەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ڕایگەیاند، جارێ زووە قسە لەسەر ئەوە بکرێت، چونکە تاوەکو ئێستا وێنەکە بە تەواوی روون نییە.

مورتەزا مەلا جەواد ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا گومانیان لە کار و دڵسۆزیی کۆمیسیۆن نییە، بەڵکو گومانیان لە ئەنجامەکە و رێگەی خستنەڕووی ئەنجامەکانە؛ دەشڵێت، شەڕەکە لەنێوان براوە و دۆڕاودا نییە، بەڵکو شەڕەکە پەیوەندیی بە ئەنجامەکەوە هەیە و پێویستە روون بکرێتەوە.

هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەت کە لە هاوپەیمانیی عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی پێکهاتووە تەنیا 4 کورسییان بەدەستهێناوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP