دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 14/10/2021

بـۆچـی مـنداڵ "درۆ" دەکات؟

نوسینی :ئیدریس نوری

درۆکردن بە واتایی شاردنەوە یان داپۆشینی ڕووی ڕاستەقینەی سروشتی مرۆڤ دێت. کەسی درۆزن لەڕێگەی درۆکردنەوە لاوازییەکانی خۆی دەشارێتەوە، هەوڵ دەدات لەو ڕێگەیەوە خۆی لە شتێک دەرباز بکات، بۆ بەدەستهێنانی شتێکی تر، جائەوشتە مادی بێت یان مەعنەوی، لەڕێگەی درۆکردنەوە سەرنجی دەوورووبەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. دەروونناسی بەناوبانگی ئەڵمانی (هانس زولیگەر) لەکتێبی (ویژدانی منداڵ و ئێمە)دا دەڵێت:"منداڵان ئەگەر فشاری ترس نەبوایە، هەرگیز نەیان دەزانی درۆ چییە."

درۆکردن بەپێی تەمەنەکان دەگۆڕێت لەوانە:-

۱.خوارتەمەن ٦ساڵ لەم قۆناغەدا منداڵ پەنادەبات بۆدرۆکردن، بەڵام لە ڕووی ئەخلاقییەوە تاڕادەیەکی زۆر کاریگەری خراپی نابێت، چونکە لەم قۆناغەدا منداڵ بەتەواوی لە مانا و فەلسەفەی ژیان نەگەیشتووە، جیاوازی ئەفسانە و خەیاڵ و درۆ ناکات، ناتوانێت بە درووستی گوزارشت لەمانایی تاوان و ناپاکی و دەست بڕین و ...هتد. تێبگات، ئەمەش بێگومان دەگەڕێتەوە بۆئەوەی منداڵ لەم قۆناغەدا عەقڵی بەتەواوی کامڵ نەبووە، هێشتا هزری لەگەشەدایە، وەمنداڵ لەم تەمەنەدا تەنها باوەڕی بەوەیە کەدەیبینێت، کاریگەری لاساییکردنەوەو گەڕان بەدوایی شتەکاندا تێیدا زاڵە، وە عەقڵ و لۆژیکی بەتەواویی پەرەی نەسەندووە.

۲.قۆناغی تەمەنی ٦ تا ۱۳ساڵ لەم قۆناغەدا بەزۆری درۆکردنی منداڵ دەگەڕێتەوە بۆ پێنەدانی سۆزی وئەوینی ڕاستەقینەی دایک و باوک، و هەندێ لەکێشەدەروونییەکان.

هۆکارەکانی درۆکردن لای منداڵ:-

۱.خەیاڵ کردن :منداڵان زۆر لە دوونیای خەیاڵ لەزەت دەبەن، هەر بۆیە ئەوان زۆر جار خەیاڵ وەک واقع دەبینن، لە خەیاڵەوە دەڕواتە سەر زمان و ڕەفتاریان، بۆ نمونە"ئەوان زۆر جار خۆیان وەک شێر دەبینن، یان وەک ئۆتۆمبیل، کاتێک یاری دەکەن خۆیان دەخەنە ئەو واقعە.

۲.ترس: زۆر جار لەبەر سزا دان پەنا دەبەنەر درۆکردن، چونکە ئەوان دەزانن لەلایەن خوودی دایک و باوکەوە قبوڵی کاری هەڵەناکەن، لەئەنجام دا پەنا دەبەنە بەر درۆکردن.

۳.بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دەووروبەر: منداڵ کاتێک دەزانێت چواردەووری گرنگی پێ نادەن، ناچارە شتێک بدۆزێتەوە تا سەرنجی دەوورو بەری خۆی ڕابکێشت.

٤.پەروەردەی نادرووست: دایک و باوک بێگوێدانە کاریگەری ئایندەی منداڵەکەیان زۆر جار لەبەرچاوی منداڵەکە خۆیان درۆدەکەن، و بەکارێکی ئاسایی سەیری دەکەن، بەو جۆرە لەدایک و باوکەوە درۆ کردن دەگوازرێتەوە بۆمنداڵەکەیان.

٥.زۆر بڵێی منداڵ: بێگومان زۆر قسەکردن مرۆڤ ناچار دەکات لەناڕاستگۆی نزیک بێتەوە، بۆیە منداڵانێک کەزۆر قسەدەکەن بێگومان گوێ بەوە نادات چی ڕاستە یان درۆیە، گرنگ ئەوەیە قسەبکات.

چارەسەر:

1.لەڕێگەی ناڕاستەوخۆ ئامۆژگاری بکرێت، پەنا بۆ ئامۆژگاری ڕاستە و خۆنەبرێت، وە لەڕێگەی چیرۆکەوە پاڵەوانی چیرۆکەکە منداڵێکی ڕاستگۆ بێت، وە ئەو منداڵەی کەدرۆ دەکات لە چیرۆکەکەدا بەکەسێکی خۆشەویست و چاک وەسف نەکرێت.

٢.مۆڵەت بدرێت منداڵ ڕازوو نیازی خۆی بەئاسانی دەربڕێت و فشاری لەسەر توندنەکرێتەوە. بۆنمونە"کاتێک دەڵێت: من مام یان خاڵم کەسێکی خراپە و خۆشم ناوێت، تۆی دایەوباب خێرا تووڕە مەبە و بەرهەڵستی مەکە، بەڵکو هەوڵ بدە بەئارامی لێی تێبگە، بزانە هۆکاری ڕق لێبوونەکەچییە؟ پاشان بەووریاییەوە بۆی ڕوون بکەوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئاستی تەمەنی .

٣.ڕێگە بدە، منداڵەکەت هەڵەبکات، منداڵ کاتێک سەرکەوتووە وەک منداڵ ڕەفتاربکات، نەک بەداخەوە هەندێ لەباوان هەرلەمنداڵییەوە دەیانەوێت وەک گەورە بژی.

٤.گرنگیان پێبدەن، فەرامۆش و بێ نازکردنی منداڵ، هۆکارێکە منداڵ ناچاربکات پەنا بۆدرۆ کردن ببات.

٥.لەکاتی درۆ کردن مەیشکێنە و تەریقی مەکەرەوە، بەڵکو بۆی ڕوون بکەوە، درۆکردن کارێکی ناپەسەندە، تا ئەگەر درۆی کرد هەرزوو دانی پێدابنێت، هەوڵی ڕاستکردنەوە و نەکردنی درۆ کەی پێبدە.

٦.پاداشت بەکاربهێنە، کاتێک منداڵەکەت ڕاستگۆیە لەگەڵت لە باوەشی بگرە، ماچی بکە، سوپاسی بکە، شتی بۆبکڕە، بەهەرجۆرێک بێت، پاداشت لەیاد مەکە، تا وەک هاندەرێک گرنگی بدات بەلایەنی ڕاستگۆیی خۆی . ئیدریس نوری ماستەر لە دەروونناسی و پەروەردەی تایبەت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP