دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13/10/2021

یەکگرتووی ئیسلامی: کاندیدەکەمان هەر براوەی دووەمی زاخۆیە

هەرێم نیوز

دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەشێکی دیکە لە دەنگە ئەژمارکراوەکانی خستە سەر ئەنجامی بەرایی دەنگدان، گۆڕانکاری بەسەر ژمارەی کورسیی بەشێک لە لایەنەکاندا هات کە یەکگرتووی ئیسلامی بەو ئەنجامە لە زاخۆ کورسییەکەی بۆ بەربژێرێکی پارتی لەدەستدا. بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوویش رایدەگەیێنێت کە "گۆڕانکاری لە دەنگەکاندا بە ئاسایی دەبینین.. کاندیدەکەمان هەر براوەی دووەمی کورسییەکانی زاخۆیە".

هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئێمە گۆڕانکاری لە دەنگەکاندا بە ئاسایی دەبینین، چونکە دەزانین ئەو دەنگانەی کۆمیسیۆن رۆژی 2021/10/11 رایگەیاندن 82%ی دەنگەکان بوون و دەمانزانی ئەو دەنگانە زیاد و کەم دەکەن".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە مانای وا نییە کە بەربژێرەکەی یەکگرتوو لە بازنەی زاخۆ دۆڕاوە، نەخێر. ئێستایش ئێمە دەڵێین، بەربژێرەکەمان هەر براوەی دووەمی کورسییەکانی زاخۆیە، چونکە ئێمە رۆژی دەنگدان لە رێگەی چاودێرەکانمانەوە تەواوی دەنگی سندووقەکانی زاخۆمان بە پسووڵەی کۆمیسیۆن بۆ هاتووەتەوە. ئێمە دڵنیاین لەو ژمارانەی کە لامانن".

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە لە بازنەی زاخۆ بەربژێرێکی هەبوو، لە ئەنجامی بەراییدا دەرچوو، بەڵام دوای ژماردنی بەشێکی دیکەی دەنگەکان بە دەست، تاوەکو ئێستا ئەو کورسییەی پارتی و یەکگرتوو رکابەریی لەسەر دەکەن بۆ بەربژێرەکەی پارتییە.

هێمن ئەسکەندەر ئەوەشی خستەڕوو، "کۆمیسیۆن کە دوێنێ شەو بەشێک لە ئەنجامەکانی راگەیاند، ئەم ئەنجامانە نزیکەی 88%ـی دەنگەکانی زاخۆن. هێشتا 12%ی دەنگەکان ماوە کە نزیکەی 88 سندووقی دەنگدان دەکات، بێگومان ئەو ژمارەیە بێتە سەر ئەوەی راگەیێندراوە هێشتا گۆڕانکاریی دیکە دروستدەبێت و ئەو ژمارەیە دەردەچێت کە ئێمە لامانە. پێموایە دەبێت هەموو لایەنەکان چاوەڕێی ئەوە بن کە کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی رابگەیێنێت. کۆمیسیۆنیش دەڵێت، ئەمە ئەنجامی کۆتایی نییە".

ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو جەخت لەوە دەکاتەوە، "کە دەڵێم لە دەنگەکانی خۆمان دڵنیاین، مانای وا نییە بێخەمین، نیگەرانین و دەزانین لە عێراقدا دەستوەردان هەیە. ئەملا و ئەولا بە جۆرێک لە جۆرەکان خەریکن بەشبەشێنە لەسەر دەنگی بەربژێرەکان دەکەن. ئێمە لە ئاستی باڵا چاودێریی ژماردنی دەنگەکان دەکەین. لەگەڵ کۆمیسیۆن لەسەر هێڵین و ئەگەر پێویست بکات دەچینە بەغدا".

هێمن ئەسکەندەر ئاماژەی بەوەش دا کە ئەوان تاوەکو ئەنجامی کۆتایی رانەگەیێندرێت هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردن ناکەن، بەڵام پێیوایە ئەگەر کاری کۆمیسیۆن بە رابردوو بەراورد بکرێت ئەوا "کاریان زۆر باش بووە".

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە رۆژی 2021/10/10 کرا، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان تاوەکو ئێستا سێ کورسیی بردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP