دواین هەواڵ

وەرزش‌

 18/09/2021

ئەستێرەیەکی بەرازیلی دەگەڕێتەوە بۆ بارسێلۆنا

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، ئاشکرایانکردووە کە دانی ئاڵڤێشی ئەستێرەی بەرازیلی دەگەڕێتەوە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا، کە پێشتر یاریزانی ئەو یانەیە بووە و چەندین نازناوی لەگەڵیدا بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراو بەڕێوەیە و لەوانەیە لە چەند کاژێری داهاتوودا ئاڵڤێش ببێتەوە یاریزانی یانەی کەتەلۆنی، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ساوپاولۆی بەرازیلی هەڵوەشاندەوە، کە ئێستا یاریزانێکی ئازادە و بارسێلۆنا دەتوانێت بە بێ بەرامبەر بباتە ریزەکانی.

دوای ئەوەی لەبارەی مووچە و پاداشتە داراییەکان، کێشە کەوتە نێوان ئاڵڤێش و یانە بەرازیلییەکەی، ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ ساوپاولۆ هەڵوەشاندەوە.

ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییانە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یانەی بارسێلۆنا زۆر پێویستی بە یاریزانێکی وەک ئاڵڤێشە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی باڵی راستی، بەتایبەتی دوای ئەوەی سێرجینۆ دێستی یاریزانی ئەمریکی تووشی پێکان بوو، ئیمێرسۆنیش چووە ریزەکانی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بارسێلۆنا بەهۆی باڵی راستەوە لە بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگدا تووشی کێشەبوو، لەو یارییەدا کە بە 3 گۆڵی بێبەرامبەر تووشی شکست بوو، لەبەرئەوەی سێرجی رۆبێرتۆ نەیتوانی مەترسی ئەلفۆنسۆ دیڤێز و لیرۆی سانێ رابگرێت.

یاساکانی فیفا رێگە بەو یاریزانانە دەدەن کە ئازادن و پابەندنین بە هیچ گرێبەستێک، بچنە هەر یانەیەک لە هەر کاتێکدا کە بیانەوێت.

دانی ئالڤێش، تەمەن 38 ساڵ، کە ئەم هاوینە میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆدا بۆ بەرازیل بەدەستهێنا و هێشتا یاری بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2008 تاوەکو 2016 یاری بۆ یانەی بارسێلۆنا کردووە و زۆر نازناوی لەگەڵیدا بەدەستهێناوە، وەک لالیگا، چامپیۆنزلیگ، مۆندیالی یانەکان، سوپەری ئەوروپا و جامی شای ئیسپانیا و چەندانی دیکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP