دواین هەواڵ

کلتور‌

 14/09/2021

پێشینەی مێژوویی "مارا- ساد"

پیتەر وایس - وه‌رگێڕانى: پێشڕه‌و حسێن

 مارکی دو ساد[1]، تەنانەت پێش ئەوەی لە قەڵای "وێنسان" و باستیلی پاریس، زیندانی بکرێت، لە شوێنی نیشتەجێی خۆی لە "لاکۆستێ" دەقی شانۆیی دەنووسی. لە تەمەنی سی و سێ تا چل ساڵی زیندانی، جگە لە هەندێک پەخشان، حەڤدە دەقی شانۆیی نووسی. لە ساڵانی دواتری ژیانیشیدا دوانزە تراژیدیا، کۆمیدیا، ئۆپێرا و نمایشی تاک پەردەیی هۆنییەوە. لە ناو ئەم بەرهەمانەشیدا، تەنیا "چارەڕەشییەکانی هەرزەکاریی" لە ماوەی ساڵانی ئازادی ئەم نووسەرەدا -١٧٩٠ تا ١٨٠١- خرایە سەر شانۆ و یەکسەر ریسوا کرا و دواجاریش کۆتایی بە نمایش کردنی هێنرا.

لە ساڵی ١٨٠١ ەوە تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٨١٤ دا لە نەخۆشخانەی دەروونی شارنتۆن کۆچی دوایی دەکات، بە زیندانی دەمێنێتەوە. لە نەخۆشخانە ماوەیەک دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت بە نەخۆشەکان نمایش بەرهەم بهێنێت و خۆیشی رۆڵی تیادا بگێڕێت. شارنتۆن (بە پێی وەسفی ج. ل. کاسپەر لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی "تایبەتمەندییە پزیشکییەکانی فەرەنسا"، چاپی ١٨٢٢، لایپزیک) وەک دامەزراوەیەک چاودێریی خەڵکانی دێوانە یان ئەو کەسانەی دەکرد، کە کۆمەڵگا رەفتارەکانیانی بە پەسەند نەدەزانی. لەم شوێنەدا، ئەو تاوانبارانەیش دەستبەسەر بوون، کە دادگایی کردنیان لە دادگا گشتیەکاندا، پێچەوانەی خواستی جەماوەر بوو، لەگەڵ ئەوانەیشی وا بە تاوانی سیاسی قورس یان پیلانگێڕیی سزادرابوون.

لە کۆڕوکۆبوونەوە تایبەتییەکانی پاریسدا، بینینی نمایشەکانی ساد لە "حەشارگەی دەرکراوە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی" چێژێکی نایابی هەبووە. هەڵبەتە ئەگەری ئەوە هەیە ئەم نمایشە ئاماتۆرییانە، زیاتر پشتیان بە دیالۆگ و ستایلە زاڵەکەی ساد بەستبێت: سەرتاپای بەرهەمە شانۆییەکانی هاوتای بوێریی و شیعریەتی دیالۆگەکانی نیین. کەچی لە کتێبی "گفتوگۆی قەشە و ئەو کەسەی لە سەرەمەرگدایە" و بە تایبەتی لە فەلسەفە لە ژووری نووستندا، چەندین دیالۆگی فەیلەسوفانە و شرۆڤەکارانە دەبینین، کە لەسەر زەمینەیەکی زیادەڕەوانەی جەستەیی روو دەدات و ئەمەیش تێگەیشتنی روونی ئەو بەرامبەر بە نمایش دەردەبڕێت. شێوەی دیداریی یان وێنەیی بیروڕاکانی، لە زۆربەی رۆمانە وەسفگەراکاندا، کە ئیتر زۆر واقیعگەرا و ریالیستین، بەرچاو دەکەوێت.

بەرکەوتنی ساد و مارا، کە بابەتی ئەم تێکستەیە، سەرلەبەر خەیاڵییە و تەنیا پشتی بەو حەقیقەتە بەستووە کە ساد لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی مارادا، وتەیەکی پێشکەش کردووە. تەنانەت لەم وتارەشیدا، دیدگای واقیعی ئەم نوسەرە بەرامبەر بە مارا جێگەی گەلێک پرسیارە، لەبەر ئەوەی تەنیا لە پێناوی پاراستنی گیانی خۆیدا ئەو وتارەی پیشکەش کرد؛ ئاخر لەو سەردەمەدا پێگەی لە مەترسیدا بووە و ناوی لە لیستی موسافیرەکانی گیۆتیندا.

ئەوەی هانیدام ساد و مارا رووبەڕووی یەکتر بکەمەوە، بەرهەڵستی نێوان تاکگەرایی زیادەڕەوانە و شۆڕشی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. تەنانەت سادیش شۆڕشی بە پێویستییەک دەزانی: چ جای بەرهەمەکانی شۆڕشێکی یەکگرتووە لە دژی چینی گەندەڵی دەسەڵاتدار. بەڵام ئەو خۆی لە شێوە توندویژە باوەکان بەدوور گرت و وەک هەوادارەکانی مۆدێڕنیتەی رێگەی سێهەم، لە هەڵبژاردنی یەکێک لەو دوو رێگا چارە باوە، دوو دڵ بوو. کە ساڵی ١٧٩٠ لە زیندان ئازاد دەکرێت، دەبێتە ئەندام و خزمەتکاری "شورا" و لە بەشی پەیوەندییەکاندا، پۆستێکی فەرمی وەردەگرێت کە سەرپەرشتی کردنی نەخۆشخانەکانە. تەنانەت بۆ ماوەیەک وەک دادوەریش کاری کردووە. بەڵام ساڵانی درێژخایەنی زیندان کاریگەرییان لەسەر جێهێشتبوو: ئەوەبوو بە نامۆیی ژیا و بەستنی پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ خەڵکیدا بە ئاستەم بینییەوە.

بانگەشەی ئەم نووسەرە، لەسەر بنەمای خۆڕاگری بەرامبەر بە زۆردارییەکانی حکومەتی پێشوو، ناتوانین وەک شایەتییەک لەسەر فیداکاری و پاڵەوانییەکانی، بە جددی وەربگرین، چونکە خۆی بە تاوانی ناهاوسەنگی سێکسی، زیندانی کرابوو، نەک لەبەر هۆکاری سیاسی. ئام زیادەڕەوییانە، لە نووسینەکانیدا، جارێکیتر بوونەوە هۆی کەوتنی لە ناو حکومەتە تازەکەیشدا.

بە شورشگێڕ بینینی خۆی، دەتوانین لەو نامەیەدا ببینینەوە کە ساڵی ١٧٨٣ لە زیندانەوە بۆ هاوسەرەکەی نووسی:

"باسی ئەوە دەکەیت کە من بیروڕایەکی ناپەسەندم هەیە. ئەم قسەیە مانای چییە؟ ئەوەی وادەزانێت دەتوانێت بیروڕاکانی بەسەر کەسێکی تردا بسەپێنێت، پاک دێوانەیە.

بیروڕاکانی من دەرهاوێژتەی ئەندیشەکانی منن، بەشێکن لە ژیانم. لە توانای مندا نییە بیانگۆڕم، تەنانەت گەر هێزی ئەوەیشم هەبا، بۆچی دەبوو بیگۆڕم. ئەم شێوە بیروڕایەی تۆ تۆمەتباری دەکەیت، تاکە مایەی ئاسودەیی منە؛ ئەمە سەرجەم زامەکانی زیندانم ساڕێژ دەکات؛ چی تام و لەزەت و چێژی ئەم جیهانەیە فەراهەمی دەکات و لای من بەها و نرخی لە خودی ژیان زیاترە. ئەوە بیروڕاکانم نیین دەبنە هۆی چارەڕەشیم، بەڵکو شێوەی بیروڕای خەڵکییە."

 زۆر ئاستەمە ساد بە خزمەتکاری بەرژەوەندییە گشتیەکان ببینین. ئەو هەستی دەکرد پێویستە دیدگایەکی ریاکارانە هەڵبژێرێت. لە لایەکەوە، سەبارەت بە ریفۆڕمی بنەڕەتی و ریشەیی هاوڕای مارا یە و لە لایەکیتریشەوە، هەست بە ئیستیبداد و دەوڵەتی تاک حیزبی دەکات. دیدگاکانی دەربارەی دابەشکردنی یەکسان و دادپەروەرانەی سامانە دونیاییەکان نەگەیشتە ئەو ئاستەی دەست لە سەروەت و سامانی تایبەتی خۆی هەڵبگرێت و ئەو کاتەی دەست بە سەر لاکۆستێدا گیرا – پاش سوتاندن و بەتاڵان بردنی – هەروەها بە ئاسانی کۆڵی نەدا.

تێکستەکانی دوا هەوڵ و پەلەقاژێکانی ئەم نووسەرەن بۆ بەستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤایەتی، بەڵام بە تێپەڕینی تەمەن، تا دەهات زیاتر بەناو تەنیایی و گۆشەگیرییدا رۆدەچوو. پزیشکێکی شارنتۆن دەنووسێت: "زۆر جار لە رارەوەکانی نزیک ژورەکەی خۆی دەمبینی بەتەنیا پیاسەی دەکرد. لەسەرخۆ و سەنگین بە جلوبەرگێکی ساکارەوە، هەنگاوی دەنا. هەرگیز نەمبینی لەتەک یەکێک قسە بکات. هەموو جارێک کە بە تەنیشتیدا تێدەپەڕیم سڵاوم لێدەکرد و لە حاڵیم دەپرسی، کەچی ئەو هێندە سارد و فەرمی سڵاوی دەدامەوە، کە مەحاڵ بوو بیر لەوە بکەمەوە قسەیتری لەگەڵ بکەم."

رووبەڕووکردنەوەی مارا و ساد لە دوا ساتەکانی ژیانیاندا، لە داهێنانی خۆمە، بەجۆرێک کە وێنەی مارا لەتەک ئەم زەمەنەدا حەقیقی و راستەقینە دەنوێنێت.
نەخۆشییە پێستیی دەروونییەکەی مارا، لە دوا ساڵەکانی ژیانیدا (میراتی سەردەمانی خۆحەشاردان لە سەردابەکانی شۆڕشدا) ناچاری کردبوو ماوەیەکی زۆر لەناو قوومەیەکی پڕ ئاوی ساردا، خوران و ئاڵۆشی لەشی دامرکێنێتەوە. لە سیانزەی تەمووزی ١٧٩٣ دا، شارلۆت کۆردێ دوای ئەوەی سێ جار لە دەرگای دا، خۆی کرد بە ماڵەکەی مارادا و لەناو قوومەکەیدا دایە بەر زەبری خەنجەر.

دیالۆگەکانی مارا بە درێژایی نمایش، لە روانگەی مانا و زۆرجار تەنانەت وشە بە وشەی، هەمان ئەو وشانەن کە لە نووسینەکانی بە یادگار ماونەتەوە. ئەوەی دەربارەی قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی لەم دەقەدا نووسراوە، بەڵگە و دیکۆمێنتی لەسەرە. لە تەمەنی شانزە ساڵییەوە ماڵی باوکی جێدەهێڵێت، دەست بە خوێندن دەکات لە بواری پزیشکیدا، ماوەیەک لە بەڕیتانیا دەژی و ناوبانگێکی گەورە لە بواری پزیشکیدا بەدەست دەهێنێت، هەرچەندە سەرباری شانازییەکانی ئەو بوارە، بۆ خۆی زانایەک بوو کە بەهەڵە لێی تێگەیشتن. دواتر دەچێتە ریزی خزمەتکارانی شۆڕش و بە داری رەخنەکانی دەکەوێتە گیانی کۆمەڵگا و لەبەر کەلەرەقی و بیروڕا تووندوتیژەکانی دەبێتە قەزاوەگێڕی زۆربەی ئاژاوەکان.

لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، نووسەرانی وەک رۆزبرۆی، باکس و گووت شاڵک، لە دیدگای تاک ئاڕاستەی مارا تێگەیشتن و سەرنجی هەمووانیان بۆ بنەما سیاسی و زانستییەکانی راکێشایەوە. مێژونووسە بۆرژواکانی سەدەی نۆزدەهەم، هیچ کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕی فەڕەنسایان ئەوەندەی مارا بە خوێنڕێژ و بێزەون وەسف نەکردووە. هەڵبەتە ئەمەیش زۆر جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە دواجار ئەوە بیروڕاکانی ماران مارکسیزم دەخەنەوە، هەرچەندە ئەو کاتەی هێرش دەکاتە سەر ئیستیبداد و دەنووسێت: "دەبێت وشەی ئیستیبداد لە فەرهەنگنامەی ئێمەدا بسڕێتەوە. وەڕس و بێزارم لەوەی پەیوەندی بە ستەمکار و کۆیلەوە هەیە" بیروڕاکانی زیاتر لە ستەم و ئیستیبداد نزیک دەبێتەوە.

لە روانگەی مۆدێڕنێتەوە، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت مارا یەکێک بووە لەوانەی دەستی لە کێشانی وێنەی سۆشیالیزمدا هەبووە و تا ئێستایش زۆر کەس لەو بیروباوەڕە توندویژانەی تێنەگەیشتوون کە سەبارەت بە چاکسازیی و ریفۆڕمی ریشەیی خاوەنی بووە یان هێشتا کاتیان نەهاتووە. لەم شانۆنامەیەدا، ژاک رۆی کۆنە قەشەم لە ئاستی مارادا داناوە، دەڵێن گوایە لە هاندانی جەماوەر و ئاشتیخوازیی گەرموگوڕانەدا، تەنانەت لە مارایش بەتینوتاوتر بووە.

ئەو حەقیقەتەم لەبەرچاو نەگرتووە کە لە ئەنجامی شێتی دەرئەنجامی ئەشکەنجە، کە لەرێی خۆی بەدەری کردبوو، مارا لە دواهەمین رۆژەکانی ژیانیدا پشتی لە رۆ کردووە، رۆ، یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین کەسایەتیەکانی شۆڕشی فەرەنسا و لەم شانۆنامەیەدا رۆڵی منی باڵا و پاڵەوانێکی کەماڵگەرا دەنوێنێت کە دەبێتە پێوەری بیروباوەڕەکانی مارا.
هەروەها بۆ وێناکردنی دۆپرێ ی یاریدەری پارتی راستڕەوی ژیرۆندیست، بیرێکی ئازادانەم بەکارهێناوە. لەم شانۆنامەیەدا، رۆڵی نیشتیمانپەروەرێکی پارێزکار، وەکو هەزاران هەزار خەڵکی هاوچەشنی، پێ راسپێردراوە.

ئەو ناچارە رۆڵی مەعشوقی شارلۆت کۆردێ یش بگێڕێت، ئەو رۆڵەی لە حەقیقەتدا موڵکی م. تۆرنلی بوو، ئەو کەسەی کێنی بە نیازی پەیوەندی کردن بە ریزی خانەدانەکان لە کوبلنس جێهێشت. بە سڕێنەوەی ئەو کەسایەتییە بە ئاڕاستەی رۆحیەتی شۆڕش جووڵامەوە؛ لە بارگرژی سەردەمانی شۆڕشدا، کەس لە تۆمەت لێدان و ناوزڕاندندا وردبین نەبوو. بۆ نموونە دۆپرێی داماو، کە شۆڕشگێڕەکان لە کێن، شارلۆت کۆردێیان پێشکەش کردبوو، ناچار بوو سەری خۆی لەبری چاوپێکەوتنێکی کورتیان ببەخشێت.
لە حەقیقەتدا شارلۆت کۆردێ، کەسی لە رازەکەیدا بەشدار نەکرد. ئەو کە هونەری گۆشەگیریی و دەست لەخۆبەردانی ژیانی لە دونیا بێزراوەکانی دەناسی، خۆی بەتەنیا رێگەی خۆی بڕی و وەک ژاندارک و جودێتی ئینجیل، وێنای پاکیزەیەکی جێهێشت.

[1] . مارکی ئالفۆنسۆ فرانسوا دۆ ساد، بە فەڕەنسی (Donatien Alphonse François marquis de Sade) لە دایکبووی ١٢ی حوزەیرانی ١٧٤٠؛ کۆچی دوایی: ٢ی کانونی یەکەمی ١٨١٤ (نوسەر و فەیلەسوفی فەڕەنسی)، لە بنەماڵەیەکی خانەداندا، چاوی بە ژیان هەڵهێنا. لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا ناوی لەو قوتابخانەی سەربازییەدا تۆمار کرا، کە بنەماڵە خانەدانەکان ناوی کوڕەکانیان تیادا تۆمار دەکرد. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بەشداری جەنگ دەکات لە دژی پرۆس. لە ژیانی سەربازیشیدا پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرەکان خۆش بووە، ئیتر باوکی بە نیەتی کۆتایهێنان بەم پەیوەندیانەی، ناچار بە هاوسەرگیریی دەکات. ساد، گەلێ هەوراز و نشێوی تەی کرد. چەندین جار بە تۆمەتی هەتیوبازی (لواط) خرایە زیندانەوە و دوو جار لە سەرپەڕاندن بە گیۆتین رزگاری بوو. هەرچەندە ٣٠ ساڵی تەمەنی لە زینداندا تێپەڕاند، کەچی لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ساد گەلێک کتێبی نووسی و رۆمانی ژۆستین یەکێکە لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی. زاراوەی سادیسم لە ناوی ئەم نوسەرەوە وەرگیراوە. لە حەقیقەتدا، فەلسەفەی ساد باوەڕبوونە بە پەیوەندی سێکسی ئازاد و مەیلی ئازاردانی سێکسی. لە فەڕەنسای ئەو سەردەمەدا، ئەم روانگەیە رەخنەی زۆری لێ گیرا. لە دونیای ئەمڕۆدا، بە جۆرە نەخۆشی یان تایبەتمەندییەکی کەسی ئەژمار دەکرێت کە سەرباری مەیلی ئازاردانی سێکسی، مەیلی ئازاردانی جەستەیی و دەروونی ئەوانیتریش دەگرێتەوە.

سەبارەت بە ناساندنی وەک نەخۆشی یان وەک تایبەتمەندیی تەماشاکردنی ئەم جۆرە رەفتارە بێشەرمانەیە، چەندین راوبۆچوونی جیاواز هەیە و تا نوکەیش جێگەی باسی فەیلەسوف و دەروونزانەکانە.
قسە کردن لەسەر ساد پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە تا بگەینە ئەوەی بڵێین ئەو زینای لە داوێنپاکی پێ باشتر بووە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەدەی هەژدەهەم، لەو سەردەمەدا گەڕانەوە بۆ سرووشت و هەڵاتن لە پەیمانە کۆمەڵایەتییەکان جۆرە بەخششێکی فەلسەفی بوو کە لە جان جاک رۆسۆدا بە شێوەیەکی هێمنانە و لە مارکی دو ساد دا بە شێوەیەکی زیادەڕەوانە گەشەی سەند.

ساد بە مەبەستی تێکشکاندنی مەزهەب هێرش دەکاتە سەر داوێن پاکی و پاکیزەیی، تەجەلای ئەمەیش لە کتێبی فەلسەفە لە ژوری نووستندا، کە لە ساڵی ١٧٩٥ دا نووسرا، بە ئاشکرا دەبینین. ئیتر دەکەوێتە جەنگی ئەشقەوە بۆ ئەوەی هەر جۆرە پەیوەست بوون و پەیمانێک بشکێنێت و مەیلی سێکسی بە بڵندتر لە ئەشق دەزانێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP