هەرێم نیوز
عەدنان درجال، وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق پۆستی سەرۆکی
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی بردەوە و بە سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردرا.
لە هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقدا، کە پێش
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەغدا ئەنجامدران، عەدنان درجال بە زۆرینەی دەنگ کە 48 دەنگی بەدەستهێنا
وەک سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر شەرار حەیدەر،
سەرۆکی یانەی کەرخ بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنەکاندا، عەلی جەبار، بە جێگری یەکەمی سەرۆکی
فیدراسیۆنی تۆپی پێ و یونس مەحموود بە جێگری دووەمی سەرۆکی فیدراسیۆنەکە هەڵبژێردران.
درجال یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی تۆپی پێی عێراق، لە
ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق ئەستێرەیەکی کاریگەر و بەرگریکارێکی بەتوانا بووە و رۆڵی
هەبووە لە بردنەوەی چەندین دەستکەوتی جیاوازدا لەگەڵ هەڵبژاردەکە و خاوەنی ریکۆردێکی
مێژووییە لەگەڵ هەڵبژاردەکە لەکاتێکدا 5 جار بەشداریی لە جامی کەنداودا کردووە کە یەکەمجار
لە 1979 بوو و ئەو کاتە لەگەڵ عێراق نازناوی پاڵەوانێتییەکەیان بردەوە.
هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەکاتێکدا دەکرێن،
ماوەی ساڵێک و 8 مانگ بوو فیدراسیۆنەکە لەلایەن دەستەیەکی کاتییەوە بەڕێوەدەبرا، لە
ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا فیفا داوای لە عێراق کرد کار بۆ رێکخستنی هەڵبژاردنەکان
و دانانی هەیکەلێکی نوێ بۆ فیدراسیۆنەکە بکەن.
عەدنان درجال کێیە؟
لە 21-6-1960 لە بەغدا لە دایکبووە
لە 1978 تاوەکو 1990 یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بووە
بەدرێسی هەڵبژاردەی عێراقەوە 121 یاریی ئەنجامداوە و 8 گۆڵی
تۆمارکردووە.
لە وەرزی 1977 تاوەکو 1980 لە یانەی زەورا یارییکردووە.
لە وەرزی 1980 تاوەکو 1984 چووەتە یانەی تەڵەبە.
لە 1984 تاوەکو 1990 یاریزانی یانەی رەشید بوو.
لە 1990 وازی لە یارییکردن هێنا.
23 ساڵ وەک راهێنەر کاریکردووە.
1992-1999 بووەتە راهێنەری
یانەی کەرخی عێراقی.
1993-1994 راهێنەری قوە جەوییە بوو
1995-1998 راهێنەری یانەی وەکرەی قەتەری بوو
1999 بۆ ماوەی چەند مانگێک بووەتە راهێنەری یانەی سەدی قەتەری
هەمان ساڵ بووە راهێنەری یانەی ئەلشیمالی قەتەری
1999-2000 گەڕایەوە یانەی وەکرەی قەتەری.
2000-2001 بووەتە راهێنەری یانەی ئەلعەرەبی قەتەری.
لە 2004 راهێنەری یانەی سیلیەی قەتەری بوو.
2004-2005 جارێکی دیکە بووەوە راهێنەری یانەی وەکرە
پاشان وازیهێنا.
2007 لەگەڵ یانەکە دەستی بەکارکردن کردەوە.
2010-2012 بۆ جاری پێنجەم بووە راهێنەری وەکرە.
2013-2014 بۆ دوایین وەرز راهێنەرایەتی یانەی وەکرەی
کردووە
ئێستا وەزیری وەرزش و لاوانی عێراقە.