دواین هەواڵ

ئابوری‌

 09/09/2021

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر: وڵاتەكەمان پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئابوری هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز   

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بە بڕی250 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بۆ پشتیوانیکردنە لە پەرەپێدان و گەشەی ئابوری کوردستان.

ئەمرۆ پێنجشەممە،کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاو كردەوە و تێدا هاتوە،"ئەمریکا خۆشحاڵە بە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر. ئەم پاڵپشتیە دارییە ئەمریکیە دەبێتە هۆی دەستڕاگەیشتن بە گازی سروشتیی پاك و هەرزانتر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و بواری پیشەسازی بۆ خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان."

لەراگەیەندراوەكەی كونسوڵخانەی ئەمریكا ئەوەشهاتوە،"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە پەرەپێدان و گەشەی ئابوری لە هەرێمی کوردستان. ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و" پێکەوەبونمان بەرەو باشترمان دەبات."

دوێنێ کۆمپانیای دانەگاز و دامەزراوەی دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا رێککەوتنێکیان لەبارەی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرۆمۆر راگەیاند، بەجۆرێک لەم کاتەدا لە کێڵگەی کۆرۆمۆر 440 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێندرێت، پێرل پێترۆڵیەم رێککەوتنێکی لەگەڵ دامەزراوە ئەمریکییەکەدا واژۆکردوە بۆ وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرۆمۆر بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە بگەیەنێتە 630 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP