دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 07/09/2021

عەلی حەمەساڵح و شێركۆ عەبدوڵا بەتوندی هێرش دەكەنە سەر یەكتر

هەرێم نیوز

لەكاردانەوەی ڕاگرتی موچەی ئەو كەسانەی بەشێوەی نایاسای و بەپلەی باڵا خانەنشین بوون عەلی حەمەساڵح ،پەڕلەمانتاری گۆڕان و د.شێركۆ عەبدوڵا، بەتوندی هێرش دەكەنە سەر یەكتری .

ئەمرۆ سێ‌ شەممە، شێركۆ عه‌بدوڵڵا، لە كاردانەوەی ڕاگرتنی موچەكەیدا كەبەپلەی باڵاخانەنشین كراوە و بەپێی یاسای چاكسازی ڕاگیرا، لەنامەیەكی توند كە ئاراسته‌ی ڕێواز فایه‌ق،سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستانی كوردستانی كردوە هێرشێكی توند دەكاتە سەر عەلی حەمەساڵح، پەڕلەمانتاری بزوتنەوەی گۆران و بە"ئەو عەمر نەماو" ناوی دەبات و دەڵێت:" تکای برایانەت لێئەکەم، مەشفەرموو ئەوە ئیشی ئێمە نییە، خۆت ڕاستەوخۆ فایلەکەم داوابکەو بێمنەتانە لێکۆڵینەوە بکە لەئەگەری هەر گەندەڵییەک تیایدا، پاشان دوو تف بکەرە ناوچەوانی ئەو عەمر نەماوەی کە پاراستنەو لەبەرگی گۆڕاندایەو بەفیتی کۆمپانیایەکی زەبەلاح بەر بوەتە سومعەی شەهیدو سەرکردەو هەڤاڵە دێرینەکانی ئەو حزبەی تۆیان گەیاندە ئاستی سەرۆکی پەڕلەمان".

لەبەرامبەردا عەلی حەمەساڵح، پەڕلەمانتاری بزوتنەوەی گۆران لە پەیجی فەرمی خۆی  لەفەسیبوك لە نوسینێكدا لەژێر ناوی"لە وەڵامی شێری موچەدا" هێرش دەكاتە سەر شێركۆ عەبدوڵا و دەنوسێت،"سێزدە ساڵە بەنایاسایی بەناوی بریکاری وەزیر (٤ ملیۆن ٣٣٠ ھەزار) دینار وردەگرێت.. جگە لە موچەکانی دیکەی! دوو ڕۆژە موچەکەی بڕدڕاوە بەڕاست و چەپدا پەلامار دەدات..

ئەو پەڕلەمتارەی گۆڕان نمونەی قسەی یەكێك لەشاعیرە كۆچكردوە دیارەكان لەسەر شێركۆ عەبدوڵا دەهێنێتەوە و دەڵێت:" ئەوە جارێکیان شاعیرێکی دیار کە ئێستا کۆچی دوایی کردوە..وتبوی: لە ١٥ مانگەوە ھەتا سەری مانگ موچە وەردەگرێت! بەخۆشی دەڵێت ڕەخنەگر!.

شێركۆ عەبدوڵا، لەنامەكەیدا بۆ سەرۆكی پەڕلەمان خۆی دەخاتە ڕیزی سەركردەباڵاكانی یەكێتی و  نوسیویەتی،"بێحورمەتیکردن بەمولازم عومەرەکان‌و ئازادەکانی سەگرمە لەجەوهەردا بێحورمەتیکردنە بەتۆ و هاوپیشەو هاوپۆستەکانت لەلایەن کەسانێکەوە کە هیچ چیرۆکێکیان نییە شانازیی پێوەبکەن".

لەبەرامبەردا عەلی حەمەساڵح دەڵێت:"بڕینی موچەیەکی نایاسایی کە سێزدە ساڵە دەیخۆی ئەمەی دەوێ! ئەوە جارێک ھونەرمەندی میلی ھەژاری ڕۆژھەڵات وتبوی: ئێران چی لە من و موعینی ئەسفھانی دەوێ! شێری موچەش دەڵێ: حکومەت چی لە من و ملازم عومەر و ئازادی سەگرمە دەوێ!

عەلی حەمەسالح، لەنوسنەكەیدا،بەدكتۆر شیركۆ دەڵێت:"دەزانی جیاوازی من و تۆ چیە! من بەیاسا دەتوانم بە پەرلەمانتار خانەنشین ببم( وەک موچەی وەزیرە) و ڕەتمکردەوەو خۆمم بە شایستەی نەزانی! بەڵام تۆ سەعاتێک بریکاری وەزیر نەبووی لە ھیچ وەزارەتێک لات یٔاسایە موچەی بریکاری وەزیر وەربگریت!

لەكۆتای نوسینەكە شیدا ئەو پەڕلەمانتارەی كوردستان بێمنەتی خۆی بەرامبەر د. شیركۆ عەبدوڵا، رایدەگەیەنێت و دەڵێت بە کوڕەکان و کەسە نزیکەکانت بڵێ کە لە دزەگای زانیارین؛ منەتیان نەبێ چیان لایە لەسەرم بڵاوی بکەنەوە.. جیاوازی ڕاستی و درۆش بەڵگەیە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP