دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 30/07/2021

هەرێم لەبەردەم هێرشی نەیاراندا

نەوزاد ساڵح
لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە تائێستا (١٢) جار هێرشی موشەکی کراونەتە سەرهێزەکانی ئەمریکاو  چەند جارێکیش بەچەکی (درۆن) هێرشەکان پایتەختی هەرێمیان کردووەتە ئامانج بەبیانوی بوونی بنکەو بارەگای هێزەکانی ئەمریکا لەهەولێری پایتەخت...هێرشی (درۆن)ەکان بۆسەر پایتەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ئەم چەند مانگەدا تەنها کردەیەکی سەربازی نین و بەس!!!....

پەیامێکی روونی میلیشا توندڕەوە چەکدارە شیعەکانە کە (٦٧) گروپن و چەند گروپێکیان لەئێستادا لەلیستی تیرۆردان، ئەم هێرشانە پێش ئەوەی ئاگادارکردنەوەبێت بۆ ئەمریکییەکان ئاگادارکردنەوەن بۆ کوردو خۆشیان نەیانشاردووەتەوە کە بنکەی ئەمریکییەکان وهێزەکانی هاوپەیمانان بەئامانج دەگرن لەهەرشوێنێک بێت، بەڵام ئەم پەیامە رەهەندی سیاسی لەپشتەوەویەو هەر بەشێکی کوردستان بخەیتە بەردەم لێكۆڵینەوەی مێژوویی و جوگرافیایی هەست دەکەیت بەردەوام نێچیرو ئامانجی بەردەم هێرش و لەناوبردن بوون لەلایەن ئەو چوار وڵاتەی کە کوردستانیان وەک گۆشتی قوربانی بۆ برابەش کراوەو هەرگیز درێغییان نەکردووە لەکوشتنی مرۆڤەکانی و داگیرکردنی خاکەکەی و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی و تێکدانی دیمۆگرافیای و کارکردن لەسەر سیخناخ کردنی هەناسەی ئازادی زمان و کلتوری ئەم نەتەوەیە کە تەنها تاوانی کوردبوونە...

(دڕندەیی ئەم دەسەڵاتانە بەڕادەیەکە کەکار لەسەر تواندنەوەو خنکاندنی گەلێکی چل ملێونی دەکەن) سڵیان  لەڕوخاندنی ماڵی و تێکدانی ئارامی نەکردووەتەوەو تاپیێان کرابێت لەدژی ئەم مەخلوقەی کەخوا بە (کورد)ی خولقاندوەچی نەشیاوبێت لەدژی کردوویانە، وێڕای بەکارهێنان و تاقیکردنەوەی هەموو جۆرە چەکێک و ئامرازەکانی لەناوبردن و قڕکردن لەدژی گەلی کورد، بەڵام لەسەرسوڕهێنەرترین کار ئەوەیە ئەم گەلە هەر ماوەو لەبەردەم دوژمنان و ناحەزانیدا چۆکی دانەداوەو هەر بەپێوەیەو بەردەوامە لەهەستانەوەو کۆڵنەدان...

سەیری چیرۆکە مێژووییەکانی ژیانی کورد بکەیت، پێش هاتنی ئیسلام لەناوچەکەدا کورد لەنێوان ئیمپراتۆریەتی ساسانی وعوسمانی و رۆمانیدا گەورەترین زیانی بەرکەوتوە تائاستی لەناوچوون نزیک بووەتەوە، دوای پەیدابوونی ئاینی ئیسلامیش هەر لەسەدەی حەوتەمی کۆچیەوەوهاتنی لەشکری بەدەووی عەرەبە موسلمانەکان بۆ سنورەکانی کوردستان بەمەبەستی پرۆسەی ئەنفال و تەعریب و لەژێر هەژموون و کاریگەریی موسڵمانکردنی کورد ئیتر کوردستانی گەورە هەر کاروان سەرای شەڕو ئاشوب بووەو بەهۆی تەماحی داگیرکاریی عەرەب و فارس و تورک و ڕۆمەوە  کەزۆربەی شەڕەکانیان لەجوگرافیای کوردستاندا کردووە بەو هۆیانەوە مرۆڤی کورد تووشی لەناوچوون بووەو خاکەکەشی داگیرکراوە،

بەهۆی ئەو دابەشکاریەشەوە کورد کە توانای سەربازیی کوردیش لەئاستی داگیرکەران سنووردار بووەو دەوڵەتەکانیش پشتیوانیان نەکردووە و کورد خۆشی بەردەوام لەنێوخۆیدا دابەش بووە بەسەر هێزی ئەو وڵاتە هەرێمایەتیانەدا کە کوردیان بۆ مەرامی سیاسی و ئابوری خۆیان دابەشکردووەو بەکارهێناوە لەدژی گەلی خۆی، سەرجەم شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی کورد بەهەماهەنگی و پیلانی وڵاتە هەرێمایەتیەکان لەناوبراون و بە چاودێری و ئاگاداری وڵاتە گەورەکان.

لەساڵی ١٩٩١ەوە تائێستاو دروستکردنی ئەم قەوارەیە کەپێی دەڵێن (حکومەتی هەرێمی کوردستان) کە تاڕادەیەک دەلاقەیەکە بۆ هەناسەیەکی دیموکراتی و ئارامی لەباشورداو لەم (٣٠) ساڵەی رابردوودا وێڕای تێپەڕاندنی چەندین وێستگەو گرێی سیاسی و سەرجەم ئەو تێبینی و ناڕەزایەتیانەی کە لەسەر کاری ئەم حکومەتە هەیە، بەڵام ئەمەش بە ئاسانی بونیات نەنراوەو بەرهەمی رەنج و خەباتی خوێناوی سەدەیەکە لەئێستاشدا دەوڵەتانی هەرێمایەتی چاویان بەم قەوارەیەش هەڵنایەت و ئەمەشمان پێ رەوانابینن و بەزۆر شێواز لەهەوڵی بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتەکەیدان و دەیانەوێت بەهەموو شێوازێک گەمارۆی بدەن و بیخەنە ژێر هەژموون و کاریگەریی خۆیانەوە،

هێرشەکان بۆ سەر پایتەخت هێرشە بۆ سەرهەموو کوردستان و پەل و پۆ شکاندنی ئەم قەوارەیەیە کەبەرهەمی ڕەنج و بەرخودانی سەدەیەکە...لێدانە لەپێگەو هەیبەتی ئیرادەی تاکی کورد...، لاوازکردنی متمانەی دەرەوەیە بەهەرێم، دروستکردنی دۆخێکی سایکۆلۆجی ناجێگیرە لەسەر تاکی ئەم کۆمەڵگەیەو کاریگەریی دروستکردنە لەبەردەم وەبەرهێنەران لەکوردستان و بەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابوری هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، هەموو ئەمانەو هێرشەکان بەپێشکەوتووترین  چەکی نوێ کە (درۆن )ە بۆ سەر پایتەختی ئەم هەرێمە بۆ چەندین جار ئامانجێکی سیاسیەو  پەیامێکە پێمان دەڵێن کە دەبێت ملکەچی داخوازییەکانی ئەوان بین و ئێمە مافی ژیانمان  نیە و ناکرێت لەسنووری دەسەڵاتی ئەو ئاراستە مەزهەبیە ئایدولۆجیە سیاسییە توندڕەوە  دەربچین ؟!

وەک وتمان لەهەر چوار وڵاتی  داگیرکەرەوە بەقووڵی کار لەسەر گۆڕینی دیموگرافیاو شوناس و زمان و ئەدەب وکلتوری کورد دەکەن، داوامان لێدەکەن کەپشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا نەکەین و سەرچاوەی  ئەم هێرشانەش بۆ سەر پایتەخت هەمان ئەو سەرچاوانەن کەبەردەوام هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان لەبەغداو عێن ئەسەد و ئەنبار دەکەن   و پرسی مانەوەی ئەم هێزانە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن، ئەمانە کەهێزی میلیشیاین ولە دەرەوەی عێراقەوە ئاراستە دەکرێن تا بەردەوام بن لەو هێرشانە بۆ سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەبەغداو ئەنبارو هەولێر تا ناچاریان بکەن هاوشێوەی وڵاتی ئەفغانستان جێی بهێڵن، لێرەوە دەبێت تێبگەین کە هێشتا عەقڵیەتی داگیرکاریی  لەوڵاتە هەرێمایەتیەکاندا هەر هەمان عەقڵیەتی داگیرکارییە تەقلیدیە مێژووییەکانەو نەگۆڕاون...

لە ئێستاشدا هێرشەکان بە چەکی نوێی (درۆن) رەهەندی سیاسیان لە پشتەوەیە و دەرئەنجامی مل ملانێ و ناکۆکییە لەهاوکێشە سیاسییەکەی ناوچەکەدا لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا کە هەندێک لەم هێزە میلیشیا چەکدارانە نایانەوێت بەزمانی دیالۆک ناکۆکییەکانیان یەکلایی بکەنەوەو هەمیشە هێز بەکاردەهێنن وبەتایبەتی بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەمەترسی دەبینن بۆسەرخۆیان.

لە ڕێگای  پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیەوە. حکومەتی هەرێم وەڵامی چی دەبێت؟

پێویستە هەرێمی کوردستان لەڕێگای پەیوەندیەکانی و کەناڵە دیبلۆماسیەکانیەوە ئەنجومەنی ئاسایش لەم دۆخە ئاگادار بکاتەوەو سكاڵای نێودەوڵەتیش لەو وڵاتانە بکات کەهێزی میلیشیایی بەکاردەهێنن لەدژی هەرێم، بۆ داکۆکیکردن لەم قەوارەیەش کە دانیشتوانەکەی لەرێژەی دانیشتوانی زۆر وڵات کەمترنیە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان هەماهەنگی تەواو بکات تا سیستمی بەرگری موشەکی لە کوردستان بەتەواوی جێگیربکەن و سەرکردایەتی سیاسی کورد خۆشی پێویستە بیرلە بەرهەم هێنانی تەکنەلۆجیای سەربازی نوێ بکاتەوە و بە تێگەیشتن وسوود وەرگرتن لە بواری سەربازی و شارەزایی چەکی بەرگریدا بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کورستان.

لەمەڕ هەڵوێستی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان.

هێزەکانی هاوپەیمانان بەسەرکردایەتی ئەمریکا کە لەناوچەکەدان و ئامانجی سیاسی و ئابوری خۆیان هەیەو ستراتیجی دوورمەودایان روون نیەو هاتنی نێردەی ئەمریکاش برێت مەکگۆرگ بۆعێراق لەم رۆژانەدا بەڕوونی باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای کردووە بەچەند قۆناغێک کەئەمەش  مەینەتی گەورە بۆعێراق دروست دەکات و جارێکی تر هێزە میلیشیاییەکان باڵادەست دەکاتەوەو دەرفەتیش بۆ داعش دەڕەخسێنێتەوەو دۆخێکی ئاڵۆزتر لەئێستا چاوەڕوانی عێراق دەکات، ئەگەر ئەمریکای بایدن هەروا بێدەنگی هەڵبژێرێت وهەڵوێست وبڕیاری ڕوونتریان  لەئاستی ئەم هێرشانەدا نەبێت و هەست بەمەترسی ئەم هێرشانە نە کەن و ڕوونتر نەیەنە  سەرهێڵ ئەوا وەک چۆن لەئەفغانستان دوای بیست ساڵ ماناوە  ناچارکران جێی بهێڵن ئاواش دوای هەژدەساڵ مانەوە لەعێراق چارەنووسیان هەمان چارەنووسی ئەفغانستانەو جێهێشتنە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP