دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 11/07/2021

مرۆڤ بەدوای چیدا وێڵە..؟

هێمن مەحمود

هەمیشە یەکێک لەو پرسیارە بێ وەڵامانەی بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی وەڵامنەدراوەتەوە ئەوەبووە مرۆڤ لەژیاندا بەدوای چیدا وێڵە..؟

کەس نازانێت. دەروونی مرۆڤ دنیایەکی سەیر و ئاڵۆز و پڕ لە ڕاز و نهێنییە تەنانەت خودی مرۆڤەکانیش بەتەواوەتی پەی پێنابەن و نازانن چی تیایە و چی لەهەگبەی خۆیدا هەڵگرتووە. مرۆڤ چی دەوێت..؟ نەمریی..لەوە دڵنیایە کە دەمرێت.. حەزو ئارەزوو.. دیارە ئەنجامەکەی هەر تەواوبوونە..سەفەر و گەڕان و دونیا بینین..لەخاڵێکدا کۆتایی دێت..

دەستکەوتنی بەختەوەری ..پیریەتی و نەخۆشی و مردن کۆتاییەکەیەتی .. کەواتە مرۆڤ چی دەوێت..؟ نیکۆس کازانتزاکیس لە شاکارەکەی خۆیدا لەڕۆمانی (زۆربا) دا دەگێڕێتەوەو دەڵێت باپیرم لەگوندێکی بچوک دەژیا، هەموو شەوێک فانۆسەکەی هەڵدەگرت و بەناو گوندا دەگەڕا تابزانێت ئاخۆ بەڕێکەوت غەریبەیەک نەهاتۆتە ناو گوندەوە، ئەگەر کەسێکی وای بدیایە دەیبردە ماڵەوە، خواردن و خواردنەوەی زۆری ئەدایە، پاشان خۆی لەسەر کورسیەک دادەنیشت، سەبیلە درێژەکەی دادەگیرساند،

ڕووی لەمیوانەکەی دەکرد کە کاتی قەرزدانەوەکەی گەیشتبوو دەیگوت بۆم باسبکە، تۆ چییت و کێیت؟ لەکوێوە هاتویت، کام شارو گوندت بەچاوی خۆت بینیوە؟ بەکورتی هەموو شتێکم بۆ باسبکە. ئیتر میوانەکەش دەستیپێدەکرد، لەملاوە دەیبردە ئەولاو ڕاست و درۆی بەسەر یەکدا دەترشاند.باپیرم مژی لەسەبیلەکەی دەداو لەسەر کورسییەکەی گرمۆڵە دەبوو، گوێی لێ دەگرت و هێدی هێدی سەفەرەکەی لەگەڵدا دەکرد.

باپیرم هەرگیز لەگوندەکەی نەچوبوە دەرێ، تەنانەت نەچوبوە دوو شارە گرنگەکەی کریتیش، دەیوت" بچم بۆ ئەوێ چی بکەم؟ خەڵکی ئەو دوو شارە هەمیشە بێرەدا تێ دەپەڕن، ئەوان خۆیان سەر بەماڵمان دەکەن و من پێویستم بەچوون نیە".

دونیای هەموان هەر یەک دونیایە..ئەوەی جوان یاخود ناشیرینی دەکات هەر مرۆڤەکان خۆیانن..تۆ دەتەوێ دونیا جوانتربکەیت هەوڵی بۆ دەدەیت.. دروستی دەکەیت..دەتەوێت ناشیرینی بکەیت هەوڵی بۆ دەدەیت..تێکی دەدەیت.

دروستکردن و بونیاتنان لەگەڵ مرۆڤدا سەریانهەڵداوە..ژیانکردن و ژیانکوشتن لە ئادەمەوە هەیە..دوانەیەکی لێکدانەبڕاون..بەڵام هەمیشە ترسی مرۆڤ وایکردوە داهاتویی ناڕوون بێت. کازانتزاکی لەشوێنێکی تردا دەڵێت" من نەمدەزانی، ئەوەم چاک دەزانی کە دەبێت چی بڕۆخێنین، بەڵام نەمدەزانی لەسەر ئەم وێرانەیەوە دەبێت چی دروستبکەین، لەو باوەڕەیشدا بووم کە هیچ کەسێک نیە بەڕاستی ئەمە بزانێت،

دنیای کۆن هەستپێکراوەو بەهێزە، تیایدا دەژین و بەردەوام کێشەمان لەگەڵیایەتی،بۆیە ئەمە دنیایەکە وجودی هەیە.دنیای ئایندە هێشتا نەهاتۆتە دی، هەستی پێ ناکەیت و ونە، لەنوورێک دروست بوە کە تان و پۆی خەونەکانی پێ چنراوە."

لەگەڵ تێپەڕینی تەمەنیشدا مرۆڤ بەحەسرەتەوە لەڕابوردوی خۆی دەڕوانێت، پەشیمانە لەو ساتانەی دەبوو خۆشبەخت بژی خۆشبەخت نەژیا..دەبوو ڕاست بژی هەڵە ژیا..دەبوو دڵخۆشبێت دڵتەنگ ژیا...

کازانتزاکیس دەڵێت" ئێمە بە دەگمەن هەست بەو بەختیارییە دەکەین کە تیایدا دەژین، تەنیا ئەو کاتە نەبێت کە بەختەوەرییەکەمان تێ دەپەڕێ و ئێمە بەرەو دوا ئاوڕ دەدەینەوە، لەپڕا هەست بەوە دەکەین-هەندێکجار بەسەرسامیەوە-کە چەندە بەختەوەربووین" ئێستا مرۆڤ چی دەوێت و بەدوای چیدا وێڵە..؟

زۆربا واتەنی وام دەزانی بەختەوەری خۆم بەنرخێکی هەرزان دەکڕم کەچی نەمزانی تەمەنی لەپێناودا دادەنێم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP