دواین هەواڵ

کلتور‌

 22/06/2021

ڕێکەوتنی جوانی و چەک !

جەلیل ئازادیخواز

وەستانێک لە سەر وەرزی دابڕانی گوڵستان وەلیە

دۆخی گشتی هەنووکەی شیعری ژنانی کورد راسان و سڕینەوەیە. ڕاسان لەدۆخی نەریت و هەموو ئەو کولتوور و نەریتانەی ,کە لە پەنجەرەی ئەندێشە و ڕەگەزەکانی وێژەمانی خۆیەوە ژنان پێناسە و پۆلێن دەکات .سرینەوەی هەموو ئەو پێناسانەی ، کە تائێستا هەوڵیانداوە پێناسە بۆ ژنان بکەن و لەدەرەوەی دنیای ژنان تەنیا کاریان وەسف و پێناسەی ژن بووە.

بەڵام هەنووکە ئەم دۆخە ڕێک بە پیچەوانەیە. ژنان خۆیان سەرقاڵی رۆنانی جیهانێکی نوێ و تایبەت بەخۆیانن،  کە ڕێک هەڵوەشانەوەی ئەو جیهانە پڕ وەسفەیە،کە ژنانی کۆمەڵگامان پۆلێن دەکات. لە کۆمەڵێک دەستەواژەی وەسفی وەک نموونەی سەپاو بەرجەستەکراونەتەوە. دەڕۆن کە جیهان و نموونەی خوازراوی خۆیان و لە هزر و ئەندێشەو تێڕامانی خۆیانەوە، لە کۆی رەهەندەکانی جوانیناسی زمان و جەستەو حەزو خولیاکانەوە پۆلێن و بەرجەستەبکەن.
ئەم پۆلین و خوێندنەوە هزریانە لەکۆی زمان و میتافۆرم و خەیاڵ و ڕوانگەی نوێی خۆیانەوە بەرجەستە دەکەنەوە.

لە وەرزی دابڕان دا
لەو دێو سنوورە دەستکردەکانەوە
لە گەڵ چەکەکەت رێکەوتی
هاوتەریبی شەڕ دەستت تێکەڵ کرد و
من
بیرەورییەکانم بە سەختی
لە ڕۆژژمێرکە سڕییەوە
سڕ و سەرخۆش
خەزان كەوت بە سەر دووری ئازیزا
هێشتا
نۆبەرەی هەنارمان نەكرد
ڕێت کەوتە هێڵی سووری وەرزەكانی بێ نیشان
من وەڕەز لە هەنار و
كوچەكانی شار
بە دەم وتنەوەی گوڵنیشان گوڵنیشانەوە
دووبارەی دەكەمەوە
هەر چەند ناڕوانیت بۆ چاوەڕوانیم
بەڵام
ناشكێنم «عەهد و پەیمان»

ڕاوەستان لە سەر ئەم دەقە شیعریە لە چەند رووبەرەوە گرنگە یەک زمان. زمان نەک وەک هۆ ، بەڵکو وەک رەگەزی سەرەکی مانا و ئافراندن.

زبان تەنیا هۆ نییە، یا ئامڕازێکی سادەی پەیوەندی . بە ڕوانینێک زمان دۆزینەوەی بوونە، لابردنی هەموو کارژ و بوونەکانی نێوان ئاوەز و مرۆڤ و بوونە، وەک خۆیەی. کاتێ زمان بەرجەستە دەبێتەوە، بوون دەردەکەوێت . بوونێک ،کە تا هەنووکە وەک ئەوەی هەیە ئەزموون نەکراوە. واتە؛ زمان رووبەرێکە لەبوون کاتێ زمان لەم ڕووبەرەدا دەردەکەوێت بوون بەرجەستە دەبێتەوە.

نەک بوونێکی بەردەستی سروشتی نەریتی بێ ڕامان، بە هەموو توێژ و کارژەکانییەوە. نا. بەڵکو بوونێکی تازە دۆزراوەی بێ ناوبژیوانە. بەڵکو بوونێکی تازەی تا هەنووکە نەدۆزراوەیە. ئەمە ئەو بیردۆزیە کە دەڵی؛ زمان ئامرازێک نییە ،کە مرۆڤ خاوەنداری بکات. بەڕوونی باسی گۆڕینی ئاقاری کار و کاردانەوەیە. هەروەها درێژ دادڕی و  فراوان خوازی و فرە بێژی دەبێتە هۆی هەڵتەکان و هەڵەو هەڵوەشانەوە. بۆیە زمان کە بەرجەستە دەبێتەوە، دەبێ باشترین فۆرمی بوون بەرجەستەبکاتەوە لەم رەهەندەدا.

ئەوەتا شاعیر لێرەدا دەڵێت ؛
من
بیرەورییەکانم بە سەختی
لە ڕۆژژمێرکە سڕییەوە
سڕ و سەرخۆش
خەزان كەوت بە سەر دووری ئازیزا
هێشتا
نۆبەرەی هەنارمان نەكرد

لێرەدا خەلقێک دەبینین کە لە جۆری خۆیدا دەگمەنە. دەگمەن لە دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان وشەکان و بەرجەستەکردنەوەی ئەو پەیوەندیە، تا هەنوکە نەدۆزراوەی نێوان وشەکان، کە رووبەرێک لە زمان و بوون بەرجەستە دەکەنەوە ،کە تەنیا لەم فۆرمەدایە کە مانای خوازراوی نووسەردەدات و بەس. ڕاستە و ڕەنگە لە دەیان داڕسثن و فۆرمی دیکەدا، دەیان مانای تر دەتوانێ بدات بەدەستەوە، بەڵام تەینا لەم دۆخەدایە کە وەک خوازەیەک دەتوانی هەم بەرجەستەکردنەوەی ئەزموون و ئەم بوونە  تاقانەو ئەم ڕووبەرە لە زمانبێت کە شاعیر دەڵێت؛

خەزان کەوت بەسەر دووری ئازیزدا

وەرزێک لە دابڕان کە هەموو رۆژ ژمێر و سات و کاتە مێژووییەکانی بوونێک دەسڕێیەوە  بونێک کە لە هەنووکەدا هەر درێژ دەبێتەوە و نەبڕاوەیە، بەڵام ئیتر ئەو بوونە ئەزموون کراوەی چرکەکانی پێشتر نییە و هەشە. هەیە جوون ئێستا ئیتر ئەوبوونە بوەتە بوونێک لەئازیزێ کە خەزان کەوتووە بەسەریدا. شاعیر وەک ژنێک ئەوبوونە ئەزموونکراوەی خۆی کە هەنووکە پاییزە ناسڕێتەوە. بەڵکو رەگەزێ لە وەفای ژنانەو بوونێک لە پێشخوانی کولتووریی و هزریی جوانی، کە مرۆڤ لە چەقەکەیدایە لای شاعیر هەیە. بۆ یە لەبری سڕینەوە خەزانێک دەکەوێتە بەسەر جوانیدا. ئازیز جوانیە جا جوانییەک لە مرۆڤ، جوانیەک لە نیشتمان، جوانیەک لە ئاشتی یا ئازادیی کەلە فۆرمی میتافۆرەی گونجاو و شیاودا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە

میتافۆر چییە؟

میتافۆر یا خوازە وەک گرنگ و بنەمایەکی سەرەکی رۆڵی بنەمایی دەگێڕێت لە گۆرانی نموونەی زەینی و نەریت و چوارچێوە ڕەفتاریەکاندا بە گشتی کە شێوەکانی چوانندن، وەک  چیرۆک و توانج و پەند بەکاردێن. میتافۆر دەتوانێ بابەتێک بخاتە بەر باس و لەم ڕەهەندەشەوە کۆ واتایەکی جیاواز بخاتە بەر باس ،کە کۆ مانایەکی جیا دەدەن . لە ڕاستیدا میتا فۆر ئەم تواناییەی هەیە کە بابەتە ئالۆز و چەند ڕەهەندەکان بخاتە بەرباس ،

بەلام لە فۆرمێکی ساکار و مانا بەردەستدا ، تا بەردەنگ بتوانی ئاسان بگاتە ماناکانی. هاوکات لەگەڵ بیستن دا خێرا لە زەینی خۆیدا بکەوێتە بەراوردکردن و لە ماناکان بگات . میتافۆر بە فۆرمێک بەکاردێت کە خێرا لە زەینی بەردەنگ و خوێنەردا بەرجەستە بوونەوەیەکی  وێنەیی و بیستراویی و هەستی بەرجەستە دەکاتەوە. میتافۆر دەتوانێ هۆکار و دنەدەری زۆر ئافراندن و ڕوانگەی تازە وگۆرانکاری نوێ بێت.

دەمهەوێ نەڕۆی بۆ شەر
پۆتین و چەکەکەت دانێی
خۆت ڕادەستم بکەیت و
من بسپێری بە پیاوەتیت
ئەگەر نەڕۆی ڕۆژێ لە ڕۆژان
چاوەڕوانی لەم دەورو پشتە
تاوێک دەحەسێتەوە و
دڵ له حەنجەتی ڕاکەڕاکا دێتە پشوو

ئەم دەق و بڕگە پڕە و لێوان لێوە لە چواندن و وێنەی نایابی شیعری، کە کەشێک لە بەرجەستە بوونەوەی زمان و ئافراندن دەخولقێنێ کە فەلسەفەیەکی نوێ لە روانین و هزرین بەردەست دەکات . بەلۆژیکی شیعر و لە دەلاقەی جوانیناسی زەقەوە دەخولقێن و کۆی پەیوەندیەکانی نێوان شەڕ و مرۆڤ و ئەوین و ڕەگەزەکان بەفۆرمی هەنووکەی بەرجەستەدەکاتەوە .

سەرلەبەری ئەو پکێهاتە جوانیناسی و نرخاندنە سەڕ وبنی ئەو  ئەوینە هەڵدەتەکێنێتەوە کەوا لە رەهەندی گوتاری نێرسالاری و نەریت سالاریەوە بە بەهاکراون. ئەوە شەر نییە کە رەگەز دەکات نموونە بەڵکو خۆ رادەستکردنی ئەوینە کە مرۆڤ دەباتە سنوورەکانی مانەوە. ڕادەستبوونەوە  بە ئازادی و ئەوین، کە سەرپاکی ئەو جوانیناسیە نەریتە هەڵدەوشێنێتەوە کە تاهەنووکە ئاشی بە خوێن گێڕاوە.

ئێستا لە پەنجەرەی چاوی ژنێکی شاعیرەوە شەڕ تەفسیرێکی دیکە وەردەگرێت. بەمانایەک بوونیەتی دەبێتە بوونیەتێکی دیکە کە تەنیا خوێندنەوەیەکی ژنانە دەتوانی ئەم بوونیەت وئەو ئاوەڵناوانەی کەپێی دەبەخشێت ڕۆنێت.

جوانیناسی هۆنراوە

شیعر لە بنەمادا بەش و پکهاتیەکی هونەرە جوانەکانە. جوانی و جوانیناسی سەرەکی ترین بونیاد و بنەمای شیعرە، بەتایبەتی هۆنراوەی هاوچەرخ. هەر لەم سۆنگەیەوە دەبێ بزانین شیعر دەبێ رووبەرێکی گرنگ و بەرین لە جوانیناسی بۆخۆی دەستەبەردەکات، چ لەئاستی زمان بێت و چ لەسەر ئاستی کات ، بەتایبەتی کە هۆنراوە  هونەری وشەکانە. باری مانایی و چۆنیەتی نهۆم سازیی و کۆی پەیوەندی و گێرانەوە لێک هەڵپێکانەکانی بوونێکی یەکانگیری پاژ سەربەست دەخولقێنیێ ،کە بەردەنگ لە ڕەشە پەسەندی و دژوار بێژی و دژوازی چنین دووردەخاتەوە . هەرچەندە ناکرێت پێناسەیەکی کۆنکرێتی یەکانگیر بۆ جوانی و جوانیناسی بکەین .

لەم پەیوەندیەدا کانت دەلێ؛
بوونێکی نەمرە، کە دەبێت لەسەر و زەمەن و کاتەوە پێناسەی خۆی بکات و شقڵێک لە نەسڕینەوە و نەمری هەڵگرێت. بەمانایەکی تر، واتە؛ جوانی دەبێت بوونێکی یەکانگیری ڕەها بێت،کە بەهۆی تێپەڕبوونی زەمان و گۆڕانی نمونە ڕۆژەڤیەکان وگۆڕانکاری سەلیقەکان هەر جوان و سەرنج ڕاکێشەر بمێنێتەوە. لە دەورانی مۆدێرندا پەیوەندیەکی گرنگ وفراوان قایل دەبن بۆ جوانی و پەیوەندی تاک بە بابەتەکەوە . پاشخانی کولتووریی و کاریگەری میدیاو ریکلام و ئابووری و کاریگەری ئەم بابەتانە لە سەر چۆنیەتی بیچمگیری روانگەی جوانیناسی و فامکردنی رەگەزەکانی جوانی . لەم چاخەدا ، چاخی بە جیهانیبوون . ریکلام جیهانگیری و هەرساتە گۆرانی نموونە و کۆنە نموونەکان ئەستەمە و دەبێت بتوانێ لەم دۆخەدا ژینگەیەکی بۆ  مانەوە بۆ خۆی دەستەبەر بکات. چوونکە ئەم دۆخە ئاپوورەی ڕەشەخەڵکی و ڕەشە زەوقی و سەلیقەی ئاپوورەیی  خولقاندووە.

هربرت رید دەڵێت؛
جوانی هەستکردن و ناسین و بەرجەستەکردنەوەی هەستی چێژ و جوانییە، کە مرۆڤ لە پەیوەندی لەگەڵ جیهان و دەور و بەری پێناسەو بەرجەستە دەکاتەوە. با هەرلەم پەنچەرەوە سەیرێکی ئەم دەقەی شاعیر بکەیەن، کە چۆن مامەڵە لەگەل زمان دەکات و چۆنی ڕەگەزەکانی جوانیناسیو  نهۆم سازی و وێنەو ئاهەنگ و یەکانگیری بابەت دەکات.

هۆنەر ڕەوایەتێک لە ژین  دەکات، لە ئازار و هیوا،  بۆ بەرجەستە بوونەوەی ڕوایەتەکە چۆن تابلۆیەکی جوان دەخولقێنێ؟

ئەگەر رەگەزێکی جوانی بریتی بێت لە چینەی بابەتی ڕەگەزەکانی زمان و خەیاڵ و وێنە و ڕیزبەندکردنی ، دیارە ریزبەندکردن هەم بە دیویی دەرەوەدا و هەم بە دیوی ناوەوەدا، دەبینن شاعیر ؛لێرەدا سەرکەوتوان توانیویە ئەم ئەنجام بەدەستەوە بدات . بۆ بەرجەستەبوونەوەی کۆی ئەم جوانییە. دێت هاوکات لەگەڵ لۆژیکی ناوەوەی دەقەکە دارشتنێکی هزرمەندانە دەکات بە دیووی ناوەوە و نهۆمسازی دەرەکی شیعرەکە و دیزاینی یەکجاری و یەکانگیر.

کچانی چاوەروان یا کەنیشکانی تەون و دار و چنین و چاوەڕوانی، وا تێکەڵ بەناخی سوژەدەبن کە ئەستەمە هەست بەدابڕابێکی هزریی و کولتووریی و بابەتی لەنێوان خۆی و ئەواندا بکات.

کۆی شیعرەکە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لەسەرەوە بۆ خوارە و لە خزمەت واتایەکدایە کە دەخوازێ لەکات و زەمەن و هزردا بەرجەستە بێتەوە ، کەدەبێتەوە. لە دیمەنی تەون و کج و گوند و کور و مرۆڤدا کۆمەلگایە نمایش دەکرێت کە پاژ بەپاژی کەسایەتی خۆی هەیە و بەکۆش دانەبرانێکی تۆکمەی ئۆرگانیک بەرجەستە دەبێتەوە.

کەنیشکەکانی چەمەڕا
دروێنەی زەرد
لە گەنمەجاڕەکانی بەختەوەری ئاوسسە
بە چنینی هۆشەی كاڵ
دڵ گەرم لە پای تەنوورە ئاگرینەکان
کەنیشکەکانی عەتری نانی تیری
تێکەڵ بە هۆنەی بەر کەوێڵی حەسانەوە
بە چارەکەیەک پڕ لە هیوا و سەبووری
هانێ ژین!
ئەی کیژانی لێواری چەم و
سیاچەمانە
چەم سیا
چما فراوان خەیلی تاسە بار
ئەی خێڵی کەنیشکەکانی بەر باران و
تەڕەکاڵی و
تەرچک
چاوەڕێی پیاسەی ئێوارانی بەردەم کوڕانی مانووی بەرئاوایی
کەنیشکەکانی ئاوی و ئاوەدانی
سەربانەکانی بەزم و ڕەزمی شڵێوەی شایی
کێژانی ئەنگوست لە تۆی
تانو پۆی تەون وتورنج




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP