دواین هەواڵ

کلتور‌

 22/05/2021

بۆچی (دۆستۆیڤسکی)م خۆشدەوێ..؟

 هێمن مەحمود

هەرچەندە لەسەر دۆستۆی رۆماننوسی گەورەی روسی بنوسیت هێشتا کەمت وتووەو حەقی تەواوەتی خۆتت بەو گەورە رۆماننوسە نەداوە. ئاخر دۆستۆ وەک هاوڕێیەکی باش لەم سەردەمی کەمبوونەوەی هاوڕێیەتی و وەک دڵسۆزێک لەم سەردەمی کەمبوونەوەی دڵسۆزییەدا فریات دەکەوێت و دەستت دەگرێ.

وەک هەڵکردنی چرایەک لە ئەشکەوتێکی تاریکدا، وەک رزگارکەرێک لە ئۆقیانوسێکی تەنیادا، وەک چاوساغێک لەشاری کوێراندا دێت بەهاناتەوەو تا ئەوسەری دڵنیایی دەتبا. (هێرمان هێسە)ی گەورە رۆماننوس دەڵێت دەبێت لە کاتێکدا دۆستۆیڤسکی بخوێنینەوە کە سەرڕێژین لەغەمباری، کاتێک حەوسەڵەو تەحەمولی ئازارمان گەیشتبێتە دوا سنور.

بەدڵنیاییەوە هەمیشە دۆخی مرۆڤەکان وەک یەک نین، رەنگە ئەوەی ئەمڕۆ غەمگین و تەنها و دڵ پڕ لەحەسرەت و ئازار بێت، سبەینێ دڵخۆش و پڕ لە هیوا و شاد بێت، بەپێچەوانەشەوە هەر راستە..هەربۆیە خوێندنەوەی دۆستۆیڤسکی هەمیشە بۆ دۆخی ئینسانەکان جیاوازی هەیە، بەڵام لەدواجاردا تاقە شتێکە کە دڵخۆش و دڵناخۆش، دڵشاد و دڵغەمگین، نائومێد و پڕ لەهیوا دەبێت بەدۆستۆدا تێپەڕن و لە ژیانی خۆیاندا ئیستێک..وەستانێک..تێڕامانێک..بکەن و بڵێن بەڕاستی ئێمە دەبوو زوو دۆستۆمان بناسیبایە..ئاشنای ژیانی پاڵەوانەکانی بین..خۆمان و ئەوانی دیمان بناسیبایەتەوە. بۆ من دۆستۆیڤسکی تاقە هاوڕێم بوو خۆمی پێناساندم، خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆمی وەک ئاوێنەیەک پێ پیشاندامەوە و پێی وتم ئەوە تۆیت..ئەوەش چواردەورت..ئەوەش کۆمەڵگا

.. دۆستۆ بۆ من ئەو فریاد ڕەسەبوو لەدۆخێکی ئێجگار گونجاودا هاتە ژیانمەوەو خۆمم لەناو پاڵەوانەکانیدا بینییەوە..بیرکردنەوەکانم..خەیاڵەکانمان..خەونەکانم.. تەبیعەتەکانم..نیگەرانی و بێتاقەتی و ڕاڕاییەکانم. ئاخر مرۆڤ کە ڕۆمانی (گەمژە) دەخوێنێتەوە کەسێکی ترەو کە تەواویشی دەکات کەسێکی ترە..گەمژە ڕاچەڵەکینە..گەمژە رێک ئاوێنەکەیەو تەماشای خۆتی پێدەکەیت.نازانیت بگریت یان پێبکەنیت..نازانیت چەپڵەی بۆ لێبدەیت یاخود لێی توڕەبیت..نازانیت خۆشت بوێ یاخود رقت لێی بێیتەوە. گەمژە بۆ سەردەمێک نوسراوە کەچی هی هەموو سەردەمەکانە، گەمژە چیرۆکی میرزادەیەکی نەخۆش و بێکەڵک و بێ پارە و دەسەڵاتە کەچی چیرۆکی هەموو مرۆڤێکە.ئەو مرۆڤانەی کە بیردەکەنەوەو هەستدەکەن،نەک ئەو مرۆڤانەی سادق هیدایەت واتەنی لە بیست ساڵیدا دەمرن و لە حەفتا ساڵیدا دەنێژرێن.

گەمژە چیرۆکی کاراکتەرێکی سادەو دڵپاک لە کۆمەڵگایەکی پڕ فێڵ و تەڵەکەو درۆ...کەسایەتیەکی راستبێژ لەکۆمەڵگایەکی دوو ڕوو و درۆزندا. گەمژە عاشقێکی ڕاستەقینە، لەسەردەمێکدا عەشق بوەتە ناوبانگ و دەوڵەمەندی..عەشقێکی ئەزەلی و ئەبەدی لەسەردەمی بێ عەشقی و هەوەسبازیدا. مرۆڤ (ئەوانەی من خوێندومەتەوە و هێشتا هەندێکیان ماوە بیخوێننمەوە) کاتێک یادگارییەکانی خانەی مردوان، مێردی هەمیشەیی، خەیاڵی پیاوێکی گاڵتەجاڕ، شەوە سپییەکان، تاوان و سزا، قومارچی، دۆستۆیڤسکی دەخوێنێتەوە بەخۆی دەڵێت من چی گەمژەیەک بووم ئەم دەیان ساڵە دۆستۆم نەناسیوە، چەند بێ ئاگاو دابڕاوبووم.

من بۆیە دۆستۆم خۆشەوێ چونکە پاڵەوانەکانی، کەسایەتیەکانی، دروستکراونین، خەیاڵی نین، درۆزن و دوو ڕوونین، ئەوەن کە هەن... ئەوەی دۆستۆی خۆشەویستکرد لام لەیەککاتدا پاڵەوانەکانی نیگەران، ڕاڕا، نائارام، غەمگین، دڵپاک، سادەو ساکارن. پاڵەوانەکانی دۆستۆ مرۆڤن، لەبەردو ئاسن نین.خۆیان وادەرناخەن بەهیچ شتێک ناجوڵێن، ناگرین، قەلەق نین، تێکشکاونین، ژنێک نایانخاتە گریان..بەڵکو پاڵەوانەکانی لەو کەسانەن شەو بڕیارێک دەدەن و بەیانی پەشیمانن..ئەو کاتەی زۆر جەخت لەشتێک دەکەنەوە ئەوکاتە لەهەموو کات زیاتر لەگومانان و پەشیمانن..بەدیار عەشقەوە دەگرین و مناڵ دەبنەوە..ڕا دەکەن بەدوای عاشقەکانیانداو دێنە سەر چۆک.

دۆستۆ رقی لە مرۆڤێکە وەک پایە نەجوڵێت، رقی دنیای لە مرۆڤێکە جوانیەکانی دونیا فریوی دابێت و وەک گەمژەیەک بە لەزەتێکی کاتی دڵخۆشبێت، بەڵکو دەڵێت گەمژە مەبە، چێژ لەدنیا ببینە، بەڵام ئەم دنیا ئەوەنیە تۆ وای بۆ دەکەیت، هۆشیاربە. دۆستۆیڤسکی لەشوێنێکدا دەڵێت ئەمە ئەو جیهانەیە کە حەزناکەم تیایدا بژیم، بەڵام پێویستە تیایدا بژیم. پاڵەوانەکانی دۆستۆ ئازان، ناترسن، پرسیار دەکەن، لەگومانان هەمیشە، عاشق و پڕ لەهیوان، تاسەر دەجەنگن، بەڵام نائومێدن.

من دۆستۆم خۆشدەوێت..وەک هاوڕێیەکی بەوەفا دەگەڕێمەوە بۆ لای..وەک مامۆستایەکی ژیان دەچمەوە ناو ڕۆمانەکانیەوە، وەک چرایەک لەگەڵ خۆمدا دەروونەکانی پێ روناک دەکەمەوە، بەدوای هیوادا دەگەڕێم، بەدوای هیچ و بەدوای هەموو شتێکدا دەگەڕێم. لەڕۆمانی قومارچیدا، دۆستۆ لەزمانی پاڵەوانیەکیەوە دەڵێت: من لەم جیهانەدا بەتەنها بەس تۆ دەبینم، هەموو ئەوانی تر بەلامەوە گرنگ نین، کاتێک لەخۆم دەپرسم بۆچی خۆشم دەوێیت و لەبەرچی خۆشم دەوێیت، هیچ وەڵامێکم دەستناکەوێت!



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP