دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 27/04/2021

کۆمپانیای ئەپڵ نوێترین سیستمی ئای ئۆ ئێسی خستە بازاڕەوە

هەرێم نیوز

کۆمپانیای ئەپڵ نوێترین بەرهەمی سیستمی "ئای ئۆ ئێس"ـی خستەڕوو کە بە IOS 14.5 ناسراوە.

ئەو بەرهەمە نوێیەی ئای ئۆ ئێس کۆمپانیاکانی دیکەی بواری تەکنۆلۆجیای نیگەران کردووە، بەوپێیەی کە لەم بەرهەمە نوێیەدا کاتێک بەکاربەرانی ئایفۆن و ئامێرەکانی دیکەی وەک ئای پاد ئەپلیکەیشنێک دادەبەزن، پرسیاریان لێدەکرێت ئایا رازیت کە ئەو ئەپلیکەیشنەی کە دایدەبەزێنی چاودێری و تۆماری چالاکییەکانت بکات بە مەبەستی رێکلام یان نا.

ماوەی چەند ساڵێکە ئەم دەستپێشخەرییەی کۆمپانیای ئەپڵ مشتومڕی زۆری دروستکردووە. دەستپێشخەرییەکە رێگەی زیاتر دەکاتەوە بەرەو شەفافییەت و بە ئاگاهێنانەوەوی بەکاربەران لەسەر بابەتەکانی وەک چۆنییەتی کەڵک وەرگرتن لە زانیارییە تاکەکەسییەکان.

کۆمپانیا تەکنۆلۆجییەکانی وەک فەیسبووک و گووگڵ لە رێگەی چاودێریکردن و تۆمارکردنی چالاکیی بەکاربەرانیان داتاکان کۆدەکەنەوە و بە مەبەستی رێکلامی زیرەک بەکاری دەبەن. لە رووی ئەو چالاکییانەوە ئەو کۆمپانیانە دەزانن کە بەکاربەر لە چ شوێنێکی جوگرافییە و بە ئەگەری زۆرە چ بابەتێک بۆی گونجاوە کە وەک رێکلام لەسەر شاشەکانی کۆمپیوتەر، مۆبایل و ئامێرەکانی دیکە لە بەردەمیدا دەربکەوێت.

کۆمپانیای "KPMG" کە کۆمپانیایەکی پەیوەست بە چاودێریی دارایی نێودەوڵەتییە لەو بارەیەوە رایگەیاندووە کە دەستپێشخەرییەکەی کۆمپانیای ئەپڵ بە رادیەکی بەرچاو داهاتی کۆمپانیاکانی وەک فەیسبووک دادەبەزێنێت. هەرچەندە بڕی زیانەکانی ئەو کۆمپانیایە هێشتا نەخەمڵێندراون.

کۆمپانیای فەیسبووک ماوەیەک دەستی بە کەمپەینێک کردووە لە دژی دەستپێشخەریی کۆمپانیای ئەپڵ، بەڵام بەپێی وتەی بەشێک لە چاودێرانی بازاڕی تەکنۆلۆجیا لەو کارەدا "سەرکەوتوو نەبووە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP