دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 20/04/2021

کاریگەری ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا لەسەر ڕێژەی خۆکوشتن

د.لاڤە دارا عەلی-  پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان
سۆشیاڵ میدیا بەهەموو جۆرەکانییەوە(فەیس بووک، ئینستاگرام، یوتیوب، تیک تۆک.....هتد) دیاردەیەکی تاڕادەیەک نوێ یە.زۆربەخێرایی لەم ١٠ ساڵەی ڕابردوو سەرتاسەری جیهانی گرتۆتەوە.لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە پەیوەندییەکان خێراترو ئاسانتر بووە، بگرە بەڤیدیۆش دەتوانرێت یەکتر ببینرێت، چەندەها ژووری قسەکردن کراوەتەوە کەدەتوانی پەیوەندی بکەیت بەدوورترین کەس لەسەرئەم گۆی زەویی یەو ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون و ڕووداوەکانی لەگەڵ بکەیت. بێگومان ئەم تەکنۆلۆجیا مەزنە بەدوور نی یە لە زیان وکەم وکورتی، پێمان باشە کاریگەری سۆشیاڵ میدیاو ڕاگەیاندنەکان ڕوون کەینەوە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی خۆکوشتن. خۆکوشتن کێشەیەکی جیهانی یەبەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی نزیکەی یەک ملیۆن کەس ساڵانە کۆتایی بەژیانیان دەهێنن.

هەرچەندە لەهەرێمی کوردستان داتای ڕاست و درووست لەبەردەستدا نین بەڵام ئاماژەکان بەرەو زیادبوونی ڕێژەکەمان دەبات. توێژینەوەکان سەلماندوویانە سۆشیاڵ میدیا ڕۆڵێکی نەرێنی دەبینێ و دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی خۆکوشتن بەتایبەتی لەوگروپانەی کە مەترسی خۆکوشتن لەئاستێکی بەرزدایە وەک هەرزەکاران، بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر، ئەوکەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە.....هتد.لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوەدەتوانرێت زۆربەئاسانی زانیاری وەربگیرێت لەسەر ڕێگەکانی کۆتایی هێنان بەژیان،

هەندێک گرووپی قسەکردن هەیە کەکەسانێک بەشدارن خۆیان کێشەی دەروونیان هەیە و دەبنە هاندەرێک بۆ دەورووبەر، هەندێک جار هەرزەکاران هەراسان دەکرێن و گێچەڵیان پێ دەکرێت لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دەبێتە هۆی نائومێدی و بێ هیوابوون کەپاڵنەرێکی بەهێزی خۆکوشتنە بێجگە لەمانە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی کرداری خۆکوژییەکە دەبێتە هۆی چاونەترسی و زیادکرنی ئارەزووی لاسایی کردنەوە...هتد.

بەداخەوە لەکاتی ئێستادا ڕاگەیاندنەکانیش هەمان ڕۆڵی نەرێنی دەبینن کەناڵەکان هەواڵی خۆکوشتنی کەسەکانیان کردووە بە هەواڵی گەرم بەبێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر کۆمەڵگا کەبەم ڕەفتارانە خۆکوشتن دەکەن بەشتێکی باو و یارمەتی بڵاوبونەوەو لاسایی کردنەوەی دەکەن،

بێجگە لەم هۆکاران پێویستە هەست و سۆزی خانەوادەکان لەبەرچاو بگیرێت کە تووشی کۆستێکی گەورە بوون وکەسێکی خۆشەویست و ئازیزیان لەدەست داوە، تەنانەت هەندێکیان هەستیان نەکردووە کێشەیەک لەئارادایەوکت وپڕ ڕووبەڕووی ڕووداوی خۆکوشتنەکە بوونەتەوە و تووشی جۆرێک لەشۆک بوون کە پێویستیان بەیارمەتی یە.

داواکارین لە خێزانەکان چاودێری هەرزەکارەکانیان بن و بەبێ سەرپەرشتی جۆرەجیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیا بەکارنەهێنن هەروەها کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش هەست بەم زیانەگەورەیە بکەن و کۆنتڕۆڵی بڵاوکردنەوەی هەواڵی خۆکوژی بدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP