هەرێم نیوز
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، "لە هەرێم لەژێرپەردەی ئازادی و
بەرقەراریی یاسادا و لەژێر ناوی رۆژنامەنوسی و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی،
دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگە و تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ
بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە
دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی
کوردستان."
دژە تیرۆر دەشڵێت، "بریا ئەوانەتان ئەوەندەی بەرگری لە خیانەتکار و سیخوڕان
دەکەن بەرگریتان لە خاک و نیشتمان و مافە نەتەوەییەکان بکردایە ئێستا
بارودۆخەکە بەجۆرێکی تر بۆ هەمووان باشتر دەبوو."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بریاری دادوەر و
رێکاری یاسایی لەسەر سیخوڕیکردن و تێکدانی یٔارامی و یٔاسایش و سووتاندنی
بارەگا حکوومییەکان دەستگیر بکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای
گشتی بگەیەنرێت کە یٔەمانە چالاکوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەکانیش بۆ
موزایەدەی سیاسی و رکابەری نیوخۆیی نێوانیان یٔەم بابەتە بەکار بێنن، لە
کاتێکدا یٔەمە دژی بەرژەوەندنی نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە."
دەقی راگەیەنراوەکەی دژەتیرۆر:
یاسا لە پێداویستییە بنچینەیییەکانی سیستەمی حکوومڕانییە، گرنگییەکی زۆری
هەیە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و رێگەگرتن لە
ئاژاوەگێڕی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی.
لە هەموو وڵاتێک داڕیژەرانی یاسا بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان
لەبەرچاو دەگرن و نەتەوە و نیشتمان و بەرژەوەندییەکانی لە سەرو هەموو
شتێکەوەیە، ئیدی یاسا دەبێتە بنەمای حکوومڕانی و لەو چوارچێوەیەدا کار
دەکرێت.
لە حکوومەتەکانی دونیا ئەو گروپ و رێکخراوانەی کە مایەی مەترسین و دژی
بەرژەوەندییەکانیانن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و
ئاژەوەگێڕی بۆیان لە چوارچێوەی یاسادا دەستنیشانیان دەکەن و لە لیستی
تیرۆردا پۆلێنیان دەکەن، ئەگەر چاوێک بە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی
جیهاندا بخشێنین، ئەوا ناوی سەدان رێکخراو و گرووپ و کەسایەتی دەبینین،
نموونە: لە ئیسڕائیل حیزبوڵڵا گرووپێکی تیرۆریستییە، لە تورکیا پەکەکە و
فەتحوڵڵا گویلەن لە لیستی تیرۆردان، لە ئێران بزووتنەوەی ئازادیخوازی
ئەهواز و موجاهیدینی خەڵق تیرۆریستن، ئەلقاعیدە و داعش لای زۆربەی وڵاتانی
دونیا تیرۆریستن، کۆمەڵەی ئەبوو سەیاف لە فلیپین تیرۆریستە، فارک لە
کۆڵۆمبیا تیرۆریستە و حوسییەکانی یەمەن لای سعوودییە تیرۆریستە و سوپای
پاسداران و ژمارەیەک کەسایەتی رژێمی سووریا و چەندین گرووپ و رێکخراوی تر
لای ئەمریکا تیرۆریستن.
بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا،
تێکدەرانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و
چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگە و
تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی
کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و
ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان.
زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بریاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر
سیخوڕیکردن و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و سووتاندنی بارەگا حکوومییەکان
دەستگیر بکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت کە
ئەمانە چالاکوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری
نیوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکار بێنن، لە کاتێکدا ئەمە دژی بەرژەوەندنی
نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە.
پێش چەند مانگێک بەناوی خۆپیشاندانەوە، ئاژاوەگێڕان و تێکدەران بە بەرچاوی
هەموو دونیا و چالاکوانان و رۆژنامەنووسانەوە بارەگای حیزبی و حکوومییان
سووتاند، چەکیان بەکارھێنا، نارنجۆک و ئاڕپیچییان تەقاند، ئاسایش و پۆلیس و
پێشمەرگە بریندار کران و شەھید کران.
هاوکات ئەوەشمان بینی ھەندێ خۆپیشاندەر لە ئەمریکا بە بێ چەک چوونە سەر
باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە واشنتۆن، نە باڵەخانەکە سووتێندرا نە خۆپیشاندەرانیش
چەکیان پێ بوو، بەڵام زۆرینەیان دەستگیرکران و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا
کرا و سزا دران، ئەوانەشی پەیوەندییان بەو هەوڵە هەبووە پۆلیس بەدوایاندا
دەگەڕێت تاوەکو رووبەڕووی دادگایان بکاتەوە، ئەم لێپێچینەوانە رێکاری
یاساییان هەبووە و ئەمریکییەکان نەک دژی وەها بڕیارێک نەوەستانەوە بە
پێچەوانەوە رێزیان لەو یاسایە گرت.
لە کوردستانیش سەرەڕای ئەو ھەموو بەڵگەیە لەسەر ئاژاوەگێڕان، نا نابێت
دادگایی بکرێن چونکە چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەرن! لە
لایەکی ترەوە سەرقاڵی سیخوڕیکردنن بەسەر دەزگا ئەمنی و حکوومییەکانەوە
کاتێکیش دەستگیر دەکرێن دەبنە رۆژنامەنووس!
هەر بۆیە لەو کاتەی کە سیخوڕ و بەکرێگیراوانی دوژمنانی هەرێمی کوردستان
راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن، ئیدی دەیان کەس لە ژێر ناوی چالاکوان و
رۆژنامەنووسی سەربەخۆ ماسکی روویان فڕێ دەدەن و دەبنە پاڵپشتیکار و هاوخەمی
سیخوڕان، ئەمەش بەر لە هەموو شتیک بۆ بنکۆڵکردنی پیشەی رۆژنامەنووسی و
کاری رێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنییە، چونکە زیانمەندی یەکەم رۆژنامەنووس و
ئەو چالاکوانانەن کە پرۆفیشناڵانە کاری میدیایی و مەدەنی خۆیان دەکەن و
خەڵکانی گێرەشێوێن ناوبانگی پیشەیی ئەوان خراپ دەکەن.
بریا ئەوانەتان ئەوەندەی بەرگری لە خیانەتکار و سیخوڕان دەکەن بەرگریتان لە
خاک و نیشتمان و مافە نەتەوەییەکان بکردایە ئێستا بارودۆخەکە بەجۆرێکی تر
بۆ هەمووان باشتر دەبوو.
دژە تیرۆری کوردستان